ھەولێر-KDP.info- دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ خولی شەشەم، دەرکەوت پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگی "ملیۆنێک و زیاتریش"ـی بەدەست هێناوە كە ئەمە چاڵنجی نێچیرڤان بارزانی بوو بۆ هەموو پارتییەكان و چاڵنجەكەیان قەبووڵ كرد و بە شانازییەوە ئەو دەنگە بەدەست هات.
لە بارەی دەستکەوتە بێ وێنەکەی پارتی، دوریا عەزیز کە نیگارکێش و هونەرمەندە، دانیشتووی ئیدارەی سۆرانە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "بەدەستهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگی هاووڵاتییانی کوردستان لەلایەن پارتییەوە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بوو بۆ متمانەی بەهێزی خەڵک بە پارتی، ئەم ملیۆن دەنگە ڕەنگدانەوەی خواستی جەماوەر بوو بۆ بەردەوامیی پارتی لە کایەی حوکمڕانیدا، هاوکات نیشانەی بەها و ئامانجی هاوبەشی نێوان خەڵک و بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.
دوریا بە هەستێكی پڕ لە شانازییەوە دەڵێت، "شانازی بە خۆمەوە دەکەم بەشێک بووم لەو سەرکەوتنە ملیۆنییە. دەرەنجامە ملیۆنییەکەی پارتی ئەوە دووپات دەکاتەوە کە بڕیارە ڕاستەکەم داوە، لە دڵەوە هەست بە ئاسوودەیی و شادی دەکەم کە دەبینم دەنگم بە لایەنێک داوە، زیاتر لە ملیۆنێک کەسی تر هاوڕان لەگەڵی. لە کۆتاییدا دوریا گووتیشی: بەدەستهێنانی متمانەی خەڵک بەم ڕێژەیە نیشانەی ئەوەیە پارتی بە قووڵی ڕەگی داکوتیوە لە نێو دڵی تاک بە تاکی کۆمەڵگە.
هەر لەبارەی پرسی متمانەی زیاتر لە ملیۆنێک کەس بە پارتی لە هەڵبژاردنی ئەمجارە، سەفا ئەنوەر کە لە هەولێر دادەنیشێت و نووسەر و چالاکی كۆمەڵگەی مەدەنییە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، "خەڵک ئاشنایی پەیدا کردبوو ئاخۆ کام حزب بۆ پڕۆژە و خزمەتگوزارییە و کام حزب بۆ بەرژەوەندیی کەسییە. ئەمە بوو وای کرد جەماوەری پارتی ڕۆژ بە ڕۆژ زۆر بێت و لە کۆتاییدا زیاد لە ملیۆنێک دەنگ تۆمار بکرێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
"ئەوەی زیاتر دڵشادی کردم ئەوە بوو توانیمان چاڵنجەكە سەر بخەین و زیاتر لە ملیۆنێک دەنگ بەدەست بخەین. سەفا ئەنوەر وای گوت و ئەمەشی خستەسەر: خەڵک بەراوردی مامەڵەی نێوان لایەنەکانی کرد و تێگەشتن پارتی بە کردار دیموکراسی جێبەجێ دەکات و مامەڵەی پارتی زۆر شارستانی و مەدەنیانەترە وەک لە حزبەکانی تر، ئەم هۆکارە و چەندان هۆکاری تریش وایان کرد متمانەی خەڵک بە پارتی هەڵبکشێت.
بەهرە محەممەد، چالاك و ڕۆژنامەنووسە و دانیشتووی شاری هەولێرە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "پارتی هەردەم پەیامی ئاشتیە و لە بانگەشەش و وتار و لێدوانەکانی پارتی هەرگیز ڕووشکێن نەبوون بەرانبەر هیچ لایەنێک، هەمیشە دەستی دانووستاندن، لێک تێگەشتن و گفتوگۆی درێژ کردووە بۆ لایەنە ناکۆکەکان، بۆیە ئەوانەی سەر بە لایەنی تریش بووبن، بینیمان پەیتا پەیتا ڕوویان لە پارتی دەکرد و دەهاتنە نێو ڕیزکانی ئەم حزبەوە.
"خۆم گەنجم، دەبینم گەنجان سەرسامن بە وڵاتانی ئەووروپا، و خواستی پێشکەوتن لە دڵی گەنجان چەکەرەی کردووە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە گشتی، نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی بە تایبەتی لەژێر سێبەری ڕێنمایییەكانی جەنابی سەرۆك بارزانیدا بەم ئەرکە هەڵساون و کوردستان پێش دەخەن." بەشێكی تری قسەكانی بەهرە بوون.
ئەژین غەفار