Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 13 AUG 2026 19:03 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

نێچیرڤان بارزانی: پێویستە چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت
| KDP.info


ھەولێر-KDP. info-  لە بەرنامەی (ئەلمواجەهە)ی كەناڵی تەلەفزیۆنی ئەڵشەرقییەدا كە ئێوارەی ڕۆژی 2026/8/12 پەخش کرا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەسەر چەندین تەوەری پەیوەست بە دۆخی هەنووکەییی عێراق و ناوچەکە، وەڵامی پرسیاری پێشکەشکاری بەرنامەکەی دایەوە.

بەشی دووەم

پێشکەشکار:

کەواتە بوونی بەرگری (موقاوەمە) هیچ سوودێکی نییە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

نە بە خودا، هیچ قازانجێکی نەبووە. کام بەرگری؟ بەڕاستی بەرگری لە چی دەکەن؟

پێشکەشکار:

ئەمەریکا..

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

ئەمەریکا خۆی بڕیاری ڕۆشتنی داوە، ئەمەریکا بڕیاری داوە کە دەکشێتەوە و تەواو. وەک ئاماژەم پێ دا ئەمەریکا بۆ هاوکاریکردنی عێراق دژی داعش هاتە ئەم وڵاتەوە و، ئەرکی ئەمەریکا لە مانگی نۆدا کۆتایی پێ دێت، بۆیە هیچ پاساوێک نییە. لەگەڵ ڕێزیشم، ئەگەر ناو لە خۆیان دەنێن بەرگری، هیچ پاساوێک نییە چەک لە دەستی ئەم گرووپانەدا بێت و بە ئارەزووی خۆیان و بە خۆڕایی کێشە بۆ ئەم وڵاتە دروست بکەن.

پێشکەشکار:

خزمەت بە بەرژەوەندیی عێراق ناکەن..

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

نەخێر، هەرگیز.

پێشکەشکار:

ئایا ئەگەری ئەوە هەیە کە خزمەت بە بەرژەوەندیی کەسانی تر بکەن؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

بەپێی ئەوەی من دەینبینم، نەخێر. بەپێی تێڕوانینی من، ئەگەر کەسێک پێی وابێت ئەمانە هاوکاری یان خزمەتی بەرژەوەندیی وڵاتانی دیکە دەکەن، بەپێچەوانەوە زیانی زۆر زیاتر لە قازانجەکانیان دەگەیەنن.

پێشکەشکار:

گەیشتینە خاڵێک کە تەوەرەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ بەغدا. ئێوە لە ڕێگەی قسەکانتانەوە، دەبینم گەشبینن بەرامبەر بەڕێز ئەلزەیدی و، گەشبینن بە هەنگاوەکانی بەڕێز ئەلزەیدی سەبارەت بە بەرنامەی حکوومەت و جێبەجێکردنی لەسەر ئەرزی واقیع. بەڵام دۆسیەیەکی ئاڵۆزمان لەبەردەمدایە، ئەویش پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدایە. ئێمە ڕاهاتووین لەسەر ئەوەی هەر سەرۆکوەزیرانێک لە سەرەتادا دێت گەشبینییەک هەبێت، پاشان بەرە بەرە ناکۆکییەکان پەرە دەسێنن تا کۆتاییهاتنی حکوومەت، پاشان هەموو جارێک لە سەرەتاوە دەست پێ دەکەینەوە. ئایا بەڕاستی جددیەتێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ کۆتایی هێنان بەم ناکۆکییانە و داڕشتنی پەیوەندییەک بەپێی دەستوور و بەپێی ڕێککەوتن و بڕیارەکان، یان لەگەڵ کۆتایی هاتنی حکوومەتدا پاشەکشەی ئەم پەیوەندییە دەبینینەوە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

ئەم پرسیارە لەڕاستیدا زۆر گرنگە. بەڕاستی ئەم پرسیارە لەگەڵ دەستپێکی هەر کابینەیەکی نوێی حکوومەتدا سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا سەر هەڵدەداتەوە. لە سەرەتادا مانگی هەنگوینی دەبێت و پاشان شتەکان تێک دەچن. بەڵام با بە شێوازێکی دیکە بیخەمە ڕوو. من پێم وا نییە جەوهەری کێشەکە لە کەسەکاندا بێت، جەوهەری کێشەکە لە کەسێکی دیاریکراودا نابینم. بۆ نموونە من نییەتی سەرۆکوەزیران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق بە نییەتێکی زۆر باش دەبینم و، هەست دەکەم بەڕاستی دەیەوێت کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات. بەڵام جەوهەری کێشەکە لە کوێدایە؟ جەوهەری کێشەکە لەوەدایە کە ئێمە دوای ساڵی ۲۰۰۳پێناسەی سیستەمێکمان لە عێراقدا کرد بە ناوی عێراقی فیدراڵی دیموکرات. پرسیاری جەوهەری لە پرسی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەم خاڵەدا بەرجەستە دەبێت، پرسیارەکەش ئەوەیە: ئایا عێراق بەڕاستی عێراقێکی فیدراڵی دیموکراتە؟ یان عێراقێکی مەرکەزییە؟ کێشە گەورەکە لێرەوە دەست پێ دەکات. کاتێک بەغدا دەڕوانێتە هەولێر، تێڕوانینێک لە بەغدا هەیە پێی وایە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدراڵی ڕەفتار ناکات، بەڵکوو وەک قەوارەیەکی کۆنفیدراڵی یان سەربەخۆ ڕەفتار دەکات. با واقیعی بین، ئەو شێوازەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ڕەفتاری پێ دەکات مەرکەزیترە لە هەموو سیستەمە مەرکەزییەکان. جەوهەری کێشەکە لەدوای ۲۰۰۳وە تا ئێستا ئەوەیە ئێمە نەگەیشتووینەتە ئەم خاڵە یەکلاکەرەوەیەی کە ئایا عێراق مەرکەزییە یان فیدراڵییە. سیستەمی عێراق و دەستووری عێراق کە ٨٠٪ی عێراقییەکان دەنگیان پێی داوە، دەڵێت عێراق فیدراڵییە. تا ئەم ناکۆکییانەش لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی دانیشتن لەسەر مێزی دیالۆگی برایانە چارەسەر نەکرێن، دەڵێین سیستەمەکەمان فیدراڵییە. سیستەمی فیدراڵی واتە چی؟ واتە وەک عێراقییەک مافمان هەیە و ئەرکمان لەسەر شانە، بەو شێوەیە وەک بەشێکین لە عێراق و وەک عێراقییەک. ئەوەی هەرێمی کوردستان دەیەوێت زیاتر نییە لە جێبەجێکردنی ئەم دەستوورە. ئێستا بەغدا بەپێی یاسا ڕەفتارمان لەگەڵدا دەکات، بەڵام ئەم یاسایانە دەگەڕێنەوە بۆ کەی؟ بۆ نموونە یاسا دارایییەکانی عێراق هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی پێش ساڵی ۲۰۰۳، یاسا کشتوکاڵییەکانی عێراقیش بە هەمان شێوە. ئەم یاسایانە ڕێگرن لە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە فیدراڵییە. بەپێی سیستەمی فیدراڵی ئێمە لە چوارچێوەی عێراقداین و دەبێت کێشەکانمان لەناو چوارچێوەی عێراقدا چارەسەر بکرێن و، بەغدا قووڵایی ستراتیژیی کورد و کوردستانە و، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکە بەپێی دەستووری عێراق دانی پێدا نراوە و کێشەکانی دەبێت بەپێی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن. بەڵام ئەم ئەڵقەیە ئێستا لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێمە و بەغدا ونە. دەبێت ئەمە چارەسەر بکرێت. بۆچی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە گرنگە؟ لە ڕووی سیاسییەوە ئێمە عێراقێکی ئاراممان بۆ سەرجەم پێکهاتەکان دەوێت و داهاتوویەکی باشمان بۆ عێراق دەوێت. کلیل بۆ چارەسەر و بۆ عێراقێکی یەکگرتووی ڕێکخراوی بێ کێشە لەگەڵ خۆی و دراوسێکانیدا، چارەسەرکردنی کێشەکانە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بەپێی دەستووری عێراق و بۆ بەرژەوەندیی تەواوی عێراق. من نییەتی سەرۆکوەزیران زەیدی بە نییەتێکی زۆر باش دەبینم، ئەمەش واتای ئەوە نییە نییەتی سەرۆکوەزیرانی پێشوو خراپ بووبێت، بەڵام دەبینم تا ئێستاش درک بەم خاڵە نەکراوە لە بەغدا. دەبێت شتەکان یەکلا بکەینەوە، چونکە دوای ۲۳ساڵ هێشتا داوای عێراقێکی فیدراڵی دەکەین، بەڵام با دانیشتنێکی جدی بکەین و بڕوانین ئایا ئەم عێراقە فیدراڵییە؟ سوێند دەخۆم فیدراڵی نییە و، ئەوەی ئەمڕۆ لای ئێمە هەیە وەک پەندە کوردییەکە دەڵێت "لە قوتووی هیچ عەتارێکدا نییە"، سیستەمێکی سەیرە؛ نە مەرکەزییە و نە فیدراڵییە، تەنانەت خۆشمان نازانین چییە. کێشەکە ئەمەیە...

پێشکەشکار:

جەنابی سەرۆک، خەریکە هەستێکی وامان لا دروست دەبێت کە هەردوولا ئاسوودەن بەم پەیوەندییەی ئێستا وەک خۆی هەیە، تا ئێستا نە هەرێمی کوردستان بەرەو دامەزراندنی ئەم بنەمایە هەنگاو دەنێت و نە بەغدا بەرەو ئەم ئاراستەیە دەچێت. ئەوەی باستان کرد ئەڵقەیەکی سەرەکی نییە، بەڵکوو بنەمای سەرەکییە بۆ بنیاتنانی ئەم پەیوەندییە. لە ئەنجامدا، ئەوەی تا ئەم ساتە لە ئەلزەیدییەوە هەستتان پێی کردووە، ڕاستگۆیی تێدایە، بەڵام ئایا ئیرادەی سیاسیی لایەنەکانی تر بوونی هەیە یان نا؟

 

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

ئەم پرسیارەم بە ڕاشکاوی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرد، ئەوەی پێی دەڵێن چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعی. لەڕاستیدا وای دەبینم ڕاستە دەبێت لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا تاوتوێی بکەین، بەڵام ئەوانەی زیاتر پەیوەندیدارن بەم بابەتەوە ئەوانەن کە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا کۆبوونەتەوە و دەبێت لەگەڵ ئەواندا تاوتوێ بکرێت. لەگەڵ ئەوانیشدا تاوتوێمان کرد. لەدوای ۲۰۰۳وە ئەگەر بڕوانیتە ئەو قۆناغانەی عێراق پێیاندا تێپەڕیوە لەدوای ۲۰۰۳، دەبینیت عێراق بە قۆناغی زۆر سەختدا تێپەڕیوە لە کێشەی ناوخۆیییەوە تا دەگاتە شەڕی داعش کە یەقەی عێراقی گرتبوو، ئەمەش وای کرد کارە لەپێشینەکان کەمێک بگۆڕێن. بەڵام پێم وایە دوای هەموو ئەم قۆناغانه، ئەو قۆناغەی ئێستا پێی گەیشتووین قۆناغی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەیە، ڕەوشەکە لە ئێستادا ڕێگەمان پێ نادات پاساو بهێنینەوە وەک شەڕی داعش و شەڕی دژی تیرۆر و شتی لەو بابەتە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بیر لە ڕێگەیەک بکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانه و، چارەسەرکردنی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا، لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادا ئەگەر ئەم چارەسەرە بێتە دی، عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، قۆناغێکی زۆر باشتر لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان لەگەڵ براکانمان لە بەغدا. لە هەموو حاڵێکیشدا، سیاسەتی هەرێمی کوردستان بریتییە لە چارەسەرکردنی ئەم کێشانه لە ڕێگەی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا.

پێشکەشکار:

ڕەنگە پێویستمان بە حکوومەتێک بێت کە دروشمی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرز بکاتەوە، تا ببێتە یەکەم کاری لە پێشینەی خۆی، چونکە حکوومەتی ئێستا دروشمی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەرز دەکاتەوە و ئەمە کاری لەپێشینەیە و، حکوومەتی پێشوو دروشمی خزمەتگوزارییەکان و، حکوومەتی پێش ئەویش بە هەمان شێوە... بۆیە پێویستمان بە حکوومەتێکە دروشمی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرز بکاتەوە و پێم وایە ئەمە دەبێتە بابەتی سەرەکیی ئەو.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەشێکیشە لە چارەسەرکردنی کێشەکە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا. بەڵام ڕای من ئەوەیە دەبێت بگەیەنە تێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ بەرژەوەندیی عێراق، چونکە عێراق هیچ بەرژەوەندییەکی تێدا نییە بەردەوام بین لەسەر گوتنی ئەوەی کێشە لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەیە. دەبێت ئەم مەلەفە بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێت.

پێشکەشکار:

هیوادارین وا بێت، بەڵام ئەو لایەنە سیاسییانەی ئێستا لە عێراقدا هەن، تۆمەت دەبەخشنەوە. قەیرانی متمانەش هەیە. ئەم لایەنە سیاسییانە، سوپاس بۆ خوا تا ئێستا هیچ تۆمەتێک بۆ هەرێمی کوردستان نییە و دۆخ باشە و، هەمووان لە کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا بەبێ هیچ تۆمەتێک دانیشتن. بەڵام ئەم لایەنە سیاسییانە خۆیان جۆرەها تۆمەت ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەمەش لە قەیرانی متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت. نازانین چ ناوێکی لێ بنێین، بەڵام واقعێکی سیاسی و قەیرانێک لەنێوان ئێوە و لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، مەبەستم هەندێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعییە، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەو تۆمەتە زۆرانەیە کە دەیانبیستین، لەوانە بۆ نموونە کە دەگوترێت بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی لە هەولێر هەیە و، هەولێر پەنای تیرۆریستان دەدات و، هەولێر هاوکاریی بەغدا ناکات، هەموو ئەم تۆمەتانە لەلایەن سەرکردە سیاسییەکانەوە دەگوترێن. ئەمەش قەبارەی قەیرانەکە دەسەلمێنێت. وەڵامت چییە بۆ ئەم تۆمەتانە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

لەڕاستیدا ئەم تۆمەتانە هیچ بنەمایەکیان نییە، مەبەستم ئەوەیە ئەوەی دەگوترێت هیچ بنەمایەکی نییە. یەکەم، پرسی پەیوەندییە دەرەکییەکان لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی بەغدایە و ئێمە هەنگاوەکانمان لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی بەغدادا دەنێین، ئەمە لەو ڕووەوەی کە پەیوەندیی بە پرسی پەیوەندییەکانەوە هەیە. بەڵام سەبارەت بە پرسی هاوئاهەنگی و مامەڵەکردن، ئێمە باشترین هاوئاهەنگیمان لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە و، لە ڕووی پەیوەندییە هەواڵگرییەکانەوە باشترین پەیوەندی لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەیە و، کاتێک دەڵێم هەولێر مەبەستم سەرجەم هەرێمی کوردستانە، باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا هەیە لە پرسی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریدا و، لەو ناوچانەی دەکەونە نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقدا باشترین هاوئاهەنگی لەنێوان ئێمە و سوپای عێراقدا هەیە و، سەبارەت بە تۆمەتبارانیش هاوئاهەنگییەکی نایاب لەنێوان وەزارەتی ناوخۆی ئێمە و وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هەیە. لەڕاستیدا ئەم بابەتانەی باسیان لێوە دەکرێت، لە حاڵێکدا ئەگەر باس بكرێن، بە هیچ شێوەیەک بنەمایان نییە و، لەبری ئەوەی ئەم شتانە لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ببیستین بە ئامانجی دروستکردنی کێشەی کۆمەڵایەتی لەنێوان ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا، پێم باشترە لەگەڵ خۆماندا قسەی لەسەر بکەن. ئێمە ئامادەین و کراوەین بۆ قسەکردن لەسەر یەک بە یەکی هەموو ئەم مەلەفانە.

پێشکەشکار:

کەواتە ئەم تۆمەتانە پووچن و لە ناکۆکیی سیاسییەوە سەرچاوەیان گرتووە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

لە سەدا سەد پووچن.

پێشکەشکار:

١٠٠٪

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

بەڵێ، ١٠٠٪ پووچن.

پێشکەشکار:

لە ناکۆکیی سیاسییەوە سەرچاوەیان گرتووە. کەواتە لایەنە سیاسییەکان چییان لە هەرێمی کوردستان دەوێت، هەندێک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی چییان لە هەرێمی کوردستان دەوێت؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

ئەم پرسیارە ئاراستەی ئەوان بکه.

پێشکەشکار:

بە دڵنیاییەوە خوا یار بێت پرسیاریان لێ دەکەم.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

ئەم پرسیارە ئاراستەی خۆیان بکه. وەک پێشتریش پێم گوتی، ئێمە خۆمان بە بەشێک لەم وڵاتە دەزانین و، خۆمان بە بەشێک لە نەسیجی کۆمەڵایەتیی عێراق دەزانین. لە ڕووی سیاسییەوە ئێمە بەشدارین لە حکوومەتدا، لە حکوومەتی بەغدا و، بەشدارین لە پەرلەمانی عێراقدا و، دەمانەوێت بەشدار بین لە دامەزراوە عێراقییەکاندا، سەرباری ئەوەی ڕێژەی کورد لە دامەزراوە عێراقییەکاندا کەمە. ئەوەی ئێمە خۆمانی تێدا دەبینینەوە، خۆمان بە بەشێک لەم وڵاتە دەبینین و، ستراتیژیمان زۆر ڕوونە و دەمانەوێت کێشەکانمان لەناو عێراقدا چارەسەر بکەین.

پێشکەشکار:

یەکێک لە قەیرانەکانی تر، جەنابی سەرۆک، قەیرانی دارایییە. هەمووان باسی ئەو قەیرانە دارایییە دەکەن کە عێراقی پێدا تێپەڕ دەبێت، قەیرانێکی زۆر مەترسیدارە. داخرانی گەرووی هورمز و لێکەوتە نێودەوڵەتییەکانی و نەبوونی داهات بۆ دەوڵەت، دڵەڕاوکێی لەلای هەمووان دروست کردووە، چ هاووڵاتییان و تەنانەت سیاسییەکان و سەرکردەکانی وڵات. ئایا ترستان لە قووڵبوونەوەی ئەم قەیرانە هەیە؟ هەرێمی کوردستان بەبێ قەیرانیش بەدەست قەیرانی دارایییەوە دەناڵێنێت، ئەی چۆن لە سایەی ئەم قەیرانەدا؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

دیارە لە ئەنجامی ئەو قەیرانەی لە شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە دروست بوو، لەڕاستیدا عێراق زەرەرمەندێکی گەورەی ئەم شەڕەیە. عێراق بەدەست دوو کێشەی گەورەوە دەناڵێنێت، یەکەمیان ئەوەیە کە کەرتی گشتی لە عێراقدا و ئەوانەی بە مووچەخۆرانی عێراق ناسراون ژمارەیان زۆر زۆرە، حکوومەت مانگانە پێویستی بە لانی کەم لەنێوان شەش بۆ حەوت ملیار دۆلار هەیە تەنیا بۆ ئەوەی بتوانێت مووچە بدات، ئەمە جگە لە پارەی وەبەرهێنان و شتەکانی دیکە. ڕێگەی هەناردەکردنی نەوتی عێراقیش هەمووی لە تەنگەی هورمزەوە دەڕوات و ئەم کێشەیەی تەنگەی هورمز وای کردووە عێراق ئەمڕۆ بە قۆناغێکدا تێپەڕێت کە پێویست دەکات سەرجەم هێزە سیاسییەکانی عێراق هەست بە بەرپرسیارێتی و بە مەترسیی ئەم ڕەوشە بکەن. ڕەوشی ئابووریی عێراق زۆر خراپە. بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕەوشی داراییی عێراقی بۆ هەموو ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ڕوون کردەوە، باسی لە یەدەگی عێراق و لە بەرنامەی عێراق کرد. لەڕاستیدا هیوادارین قەیرانی ئێستا نەبێتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی. دەبێت سەرجەم هێزە سیاسییەکانی عێراق هاوکاریی حکوومەتی عێراق و سەرۆکوەزیران بکەن تا بتوانین لەم قۆناغە تێپەڕین. ئەمە قۆناغێکە من لە ڕووی ئابوورییەوە بە زۆر مەترسیداری دەزانم. بۆیە بەرژەوەندیی عێراق لە کۆتاییهاتنی شەڕ لە ناوچەکەدا لە نزیکترین کاتدا و لە دووبارە کردنەوەی تەنگەی هورمزدایە تا عێراق بتوانێت نەوتەکەی بۆ دەرەوە هەناردە بکات. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، ئێمە ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەکین، بەڵام ئەم چارەسەرانە درێژخایەنن. ئەگەر عێراق بیەوێت هێڵێکی بۆری لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە ڕابکێشێت، ئێمە پێشوازیی لێ دەکەین و ئامادەی هاوکاریین لەم بابەتەدا و، ئەگەر بیانەوێت بۆ سووریاشی بگوازنەوە ئێمە ئامادەین. بەڵام ئەمانە هەموویان چارەسەری درێژخایەنن، چارەسەرە دەستبەجێیەکان لەوانەیە کۆمەڵێک چارەسەر بن کە پێویستیان بەوەیە سەرجەم هێزە سیاسییەکانی عێراق پشتی سەرۆکوەزیران بگرن و بەرپرسیارێتییەکە هەڵبگرن.

پێشکەشکار:

ئەمە ئەوەیە کە هیوای بۆ دەخوازین، کە هەمووان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و، هەڵوێستەکانی هەرێمی کوردستان ڕوونن و دیارن، بە تایبەتی دوای ڕێککەوتنی دوایی بۆ زیادکردنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەکانییەوە و، هیوادارین چارەسەری دەستبەجێ هەبن چونکە چارەسەرە درێژخایەنەکان هاوکاریی عێراق ناکەن لەم بابەتەدا. جەنابی سەرۆک، لە هەمان بواردا باسی سووریا و دەرچوونی نەوت لە ڕێگەی بانیاسەوە دەکەین، سەردانێکی گرنگت بۆ سووریا هەبوو کە تێیدا لەگەڵ سەرۆکی سووریا، ئەحمەد ئەلشەرع، کۆبوویتەوە. هەندێک دەڵێن لە کاتی سەردانەکەدا لە پەیوەندیدا بوویت لەگەڵ بەڕێز عەلی ئەلزەیدی و تێڕوانینی بەڕێز عەلی ئەلزەیدی و هەندێک وردەکاریت گواستووەتەوە. بەڵام ئێمە ئەم زانیارییەمان هەیە و وردەکاریمان لا نییە کە چی لەو کۆبوونەوەیەدا گوزەراوە و دیارترین ڕێککەوتن و قسەوباسەکان چی بوون کە لەگەڵ سەرۆک ئەحمەد ئەلشەرعدا کردووتانە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

لەڕاستیدا بە شەخسی پێش ئەم سەردانەم بۆ سووریا، چەندین جار لە تورکیا چاوم بە جەنابی سەرۆک ئەلشەرع کەوتووە و داوای لێ کردووین سەردانی سووریا بکەین. سەردانەکەمان بۆ سووریا بە هاوئاهەنگی و ڕێککەوتنی تەواو بوو لەگەڵ سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی لە بەغدا، نەک تەنیا لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران، بەڵکوو پێش ئەم گەشتەم هاوئاهەنگیم لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی عێراقیش کردبوو. ڕاستە سەردانەکەم بۆ سووریا وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا وەک بەرپرسێکی عێراقییش بوو. کۆبوونەوەمان لەگەڵ جەنابی سەرۆککۆماری سووریا زۆر باش بوو. سووریا پێش هەموو شتێک دراوسێی ئێمەیە لە عێراق و، بۆ ئێمە زۆر گرنگە ئەم وڵاتە بە ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئابووری شاد بێت. لەڕاستیدا ئێمە وای دەبینین کە دوای ڕووداوەکان و دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، جەنابی سەرۆککۆماری سووریا بە شێوازێکی پلانداڕێژراو و ڕێکخراو هەوڵ دەدات سووریا لەم قۆناغەوە بۆ قۆناغێکی باشتر بگوازێتەوە و، پێمان وایە گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە شایستەی ژیانێکی باشترن و، دەبینین ئەم دەرفەتەی گەلی سووریا لە جەنابی سەرۆککۆمار ئەلشەرعدا بەرجەستە دەبێت کە دەیەوێت سووریایەکی سەقامگیر و ئاوەدان بنیات بنێت و داهاتوویەکی باشتر بۆ وڵاتەکەی دەستەبەر بکات.

لە لایەکی دیکەوە، جەختمان لەسەر هەندێک خاڵ کردەوە. یەکەمیان ئەوەیە کە ئێمە لە عێراقدا دەمانەوێت سنوورەکانمان پارێزراو بن، سنووری نێوان عێراق و سووریا ئارام و پارێزراو و بەبێ کێشە بن. لە ڕووی ئابوورییەوە جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا پەیوەندیی ئابووریی باشترمان لەنێوان عێراق و سووریادا دەوێت و، سەرۆککۆماری سووریاش بەپەرۆشەوە خوازیارە ئەم پەیوەندییە پێش بکەوێت. لە لایەکی دیکەوە جەختمان کردەوە کە هەرێمی کوردستان ڕۆڵی هاوکار دەگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانیاندا، وەک ئەو کێشانەی لەنێوان ئەوان و هەسەدەدا هەیە لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا و، ئێمە ئامادەین بۆ ئەوە، پێشتریش ڕۆڵمان هەبووە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەدا و، بۆ جەنابی سەرۆککۆماری سووریامان دووپات کردەوە کە ئامادەین هەموو هەوڵێک بدەین لەپێناو چارەسەرکردنی ئەو کێشانه. ئەوەی من هەستم پێ کرد ئەوەیە پرۆسەکە بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوە دەچێت لەنێوان دیمەشق و هەسەدەدا و، سەرۆککۆمار جدییە لە چارەسەرکردنی ئەم کێشانه لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا.

سووریا دراوسێمانە و گەلی سووریا لە ڕۆژە سەختەکاندا هاوکاریی زۆری پێشکەشمان کردووە و ئێمە زۆر پەرۆشین بۆ ئەوەی سووریا داهاتوویەکی باشی بۆ سەرجەم پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی هەبێت، بۆیە ئێمە پشتیوانی لەم پرۆسەیە دەکەین. لە کاتی گەڕانەوەشمدا لەبارەی ئەم بابەتەوە پەیوەندیم بە سەرۆک وەزیرانمان، زەیدییەوە کرد و، هیوادارین لە داهاتوودا بەڕێز سەرۆکوەزیران سەردانی دیمەشق بکات و، هیوادارین جەنابی سەرۆکی سووریا سەردانی عێراق بکات و وەک دوو دراوسێ ئەم پەیوەندییانە بەرەو پێش ببەین.

پێشکەشکار:

جەنابی سەرۆک، ڕەنگە یەکێک لە قسەوباسەکان پەیوەندیدار بێت بە کوردی سووریاوە، سەردانەکانی مەزڵوم عەبدی بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ هەولێر ئاماژە بەوە دەکەن کە مەزڵوم عەبدی بە ڕێزێکی زۆرەوە تەماشاتان دەکات و پێی وایە بەڕێز مەسعود بارزانی ڕابەری نەتەوەی کوردە. ئایا ئەمە دەرگا واڵا دەکات بۆ قسەکردن لەسەر پشتیوانیکردنی کوردی سووریا بۆ ڕاگەیاندنی هەرێمێک، یان بۆ جودابوونەوە و، ترس لای سوورییەکان لەم بابەتە دروست دەکات، یان ئێوە پشتیوانی لە یەکپارچەییی سووریا دەکەن و پشتیوانی لە کوردی سووریا و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەن؟ یان پشتگیری لە یەکپارچەییی سووریا دەکەن و پشتیوانی لە کوردی سووریا و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەن؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

دوای ڕووخانی ڕژێم لە سووریا، ئامۆژگاریی ئێمە کە ئاراستەی براکانمان کرد، چ لە هەسەدە یان لە ئەنەکەسە و سەرجەم حیزبەکانی کوردی سووریا، تەنیا لەسەر یەک شت کورت بووبووەوە، پێمان گوتن دەبێت ڕوو لە دیمەشق بکەن و ئاڵای سووریا لە سەرجەم ناوچەکانتاندا هەڵبکەن و کێشەکانتان لەگەڵ سووریادا چارەسەر بکەن. سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی هەرێمێک، ئەگەر بڕوانیتە سووریا دەبینیت ئەوان ناتوانن داوای ئەوە بکەن کە لای ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەیە چونکە لەپێش هەر شتێکی تردا جوگرافیایەکی یەکگرتوویان نییە. بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، ئێمە نامانەوێت دەستوەردان بکەین لە دیاریکردنی ئەو مۆدێلەی کە دەبێت لە سووریادا جێبەجێ بکرێت. ئەمە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە بەڵکوو پەیوەندیی بە سووریییەکانەوە هەیە. هەڵوێستی ئێمەش لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا بەردەوامە لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا. بەڵام مۆدێلەکە چۆن دەبێت، دەبێت خۆیان لەگەڵ دیمەشقدا لەسەری ڕێک بکەون، ئەم بابەتەش تەنیا بۆ کورد نییە بەڵکوو بۆ پێکهاتەکانی دیکەشە وەک عەلەوی، دروز و مەسیحییەکان. ئەوەی لەگەڵ جەنابی سەرۆککۆماردا جەختمان لەسەر کردەوە، پێویستیی جێگیرکردنی مافەکانی ئەم پێکهاتانە بوو لە دەستووری سووریادا. سەبارەت بە وردەکارییەکانی دیکە و چۆنیەتیی مۆدێلەکە، ئێمە دەست لە هیچ کام لەوانە وەرنادەین. ئێمە هاوکار دەبین و دەستوەردان ناکەین و تاوتوێکردنی ئەم بابەتانە بۆ خۆیان جێدەهێڵین تا لەگەڵ دیمەشقدا چارەسەری بکەن.

پێشکەشکار:

جەنابی سەرۆک، پەیامتان لەنێوان بەڕێز ئەلزەیدی و ئەلشەرعدا گواستەوە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

هەر سەردانێک کە ئەنجامی دەدەین و بۆ هەر وڵاتێک کە گەشت دەکەم، هەمیشە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا دەکەم و کاتێک دەگەڕێمەوە، بەغدا لە ئەنجامی سەردانەکەم ئاگادار دەکەمەوە. ڕێز و سڵاوی بەڕێز سەرۆکوەزیرانمان گەیاندە جەنابی ئەلشەرع و، هەروەها جەختکردنەوەی لەسەر پەیوەندییە باشەکان. وەک ئاماژەشم پێ دا، ڕاستە من ئەم سەردانەم وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دا، بەڵام وەک بەرپرسێکی عێراقییش ئەنجامم دا. واتە سەردانەکە تەنیا پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە نەبوو، بەڵکوو بە سەرجەم عێراقەوە بوو. وەک پێشم گوتن، هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرۆکوەزیران زەیدی سەردانێکی بۆ دیمەشق هەبێت.

پێشکەشکار:

خوا یار بێت.

جەنابی سەرۆک، دۆسیەی شەنگال دەمێنێت. ڕەنگە بپرسیت بۆچی دۆسیەی شەنگالم هێشتەوە بۆ ئەوەی دوای سووریا دوا دۆسیە بێت. بە بڕوای سادەی من، دۆسیەی شەنگالیش ژێردەستەی گوشارە هەرێمییە بەردەوامەکانە. هۆکاری سەرەکی، بەپێی ئەوەی دەیبیستین، ئەوەیە کە گوشارە هەرێمییەکان ڕێگری لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال دەکەن. بەم هۆیەشەوە لە چوارچێوەی کاروباری نێودەوڵەتیدا تۆمارمان کردووە. ئایا بەڕاستی گوشارە هەرێمییەکان هۆکاری سەرەکین لەپشت جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگالەوە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

ڕێککەوتنێکی زۆر باشمان هەبوو کە خۆتان ئاماژەتان پێ دا. ڕێککەوتننامەی شەنگال لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیدا، ساڵی ۲۰۲۰بە ئامادەبوونی نوێنەری ئەوکاتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، خاتوو پلاسخارت ئیمزا کرا. لەو ڕۆژەوە تا ئێستا هەرێمی کوردستان چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە. من وای دەبینم جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە ئاسایش و ئارامیی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ شەنگال دەهێنێت. جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەکە تا ئێستا بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە سەر ئه‌و هێزانەی لە شەنگالدا هەن. ئێمە زۆر باسی هێزە لە یاسا دەرچووەکانمان کردووە و، بەشێک لەو هێزانەی لەوێ ئامادەیییان هەیە لە هێزە لە یاسا دەرچووەکانن. ئەمانە دەبێت لە شەنگال بچنە دەرەوە. دەبێت شەنگال بگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی ئاساییی خۆی، وەک دەزانن ئێزدییەکان کاتێک داعش هات ڕووبەڕووی زۆڵمێکی زۆر بوونەوە و، دەبێت هەموومان بابەتی ئێزدییەکان نەکەینە بابەتێکی سیاسی بگرە دەبێ هاوکارییان بکەین تا بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان. لەڕاستیدا دەبێ لە بەغدا و هەولێر هاوکارییان بکەین چونکە ئەوان شایستەی ژیانێکی باشترن، ئەوەی بەسەریاندا هات کارەساتێکی گەورە بوو چونکە لە ساڵی ۲۰۱٤ و دواتریش ڕووبەڕووی جینۆسایدێکی گەورە بوونەوە، بە هەمان شێوە بارودۆخی پێکهاتەکانی دیکەی عێراقیش وا بوو، بەڵام ئێزدییەکان زەرەرمەندی گەورەتر بوون. ئێمەش ئێستا دووبارە جەخت دەکەینەوە کە پێمان وایە ڕێککەوتننامەی شەنگال لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا ڕێخۆشکەر و هەنگاوێکی زۆر باشە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شەنگال.

پێشکەشکار:

جەنابی سەرۆک، پرسیاری کۆتایی، سەبارەت بە تێڕوانینتان بۆ ئاییندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و، ئەو ململانێیەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە لەنێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل و شەڕی ئێران، هەروەها تێکەڵەیەک لە سیاسەتی تەوەرەکان کە بەسەر عێراقدا دەسەپێنرێت وا دەکات ببێتە بەشێک لە تەوەرێک لەسەر حیسابی تەوەرێکی تر.. پێشتر و لە هەموو ئەوانەی پێیدا تێپەڕین، عێراق پەیڕەوی سیاسەتی گرتنی دارەکەی لە ناوەڕاستەوە دەکرد، نە لەگەڵ ئێراندا دەبوو و نە لەگەڵ ئەمەریکادا و، پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ هەردوو لایەندا بنیات دەنا، بەڵام ئێستا بەپێی ئەوەی بینیومانە ئاراستەیەک لەلایەن حکوومەتەوە هەیە بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بیانووی ئەوەی بەشێکی زۆر لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی لەنێوان خۆی و ئەمەریکادایە و هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئێراندا نییە بۆ نموونە. ئایا عێراق ڕێگەی خۆی هەڵبژاردووە لە سیاسەتی تەوەرەکان و چووەتە پاڵ ئەمەریکا وەک تەوەرێکی هاوپەیمان، یان هێشتا دارەکەمان لە ناوەڕاستەوە گرتووە؟ و تێڕوانینتان چییە بۆ ئاییندەی پرۆسەی سیاسی لە چوارچێوەی هەموو ئەو ململانێیانەی لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

بەپێی تێڕوانینی من، هەڵوێستی عێراق هەڵوێستێکی بێلایەنانە بوو لەو جەنگەی ڕووی دا. عێراق ناتوانێت لە دەوروبەری خۆی لە ناوچەکە داببڕێت و، عێراق ناتوانێت تەنیا پشت بە وڵاتێک ببەستێت، جا ئەو وڵاتە ئەمەریکا بێت یان هەر وڵاتێکی دیکە. لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە لە عێراقدا نەچینە ناو هیچ میحوەرێکەوە، چونکە عێراق توانای هەیە ڕۆڵە بێلایەنەکەی بگێڕێت. لە ماوەی جەنگەکەدا گەلێک تۆمەت ئاراستەی هەرێمی کوردستان کران، بەڵام ئێمە زۆر بێلایەن بووین، بۆ نموونە لە شتە گرنگەکان ئەوە بوو کە ڕێگریمان کرد لەوەی هەرێمی کوردستان بکرێتە سەکۆیەک بۆ دروستکردنی کێشە بۆ ئێران.

پێشکەشکار:

بەڵام ئێران دەڵێت نەخێر، بەڵکوو ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و ئامانجیان ئێرانە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

ڕێگەم بدە بپرسم ئایا هیچ کام لەم ئۆپۆزسیۆنانە ئەمەیان کردووە؟ هەرچەندە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فیلمی وەک فیلمەکانی جەیمس بۆندیان دروست دەکرد کە گوایە سنووریان بەزاندووە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئێمە ڕێگریمان لە دروستکردنی هەر کێشەیەک کرد بۆ ئێرانی دراوسێمان لە ڕێگەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە. بۆچی؟ چونکە بنەمای سەرەکی لای عێراق ئەوەیە کە عێراق نەبێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ دراوسێیەکی و، هەرێمی کوردستان کە لەناو عێراقدایە ڕێگە نادرێت ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکەی دراوسێ. ئێمە ڕێگەمان بەم هێزانە نەدا بپەڕنەوە. ڕاستە ئەم هێزانە لێرەن، بەڵام بوونیان لێرە هی ساڵێک یان دوو ساڵ نییە بەڵکوو هی ٤۰ساڵ پیش ئێستایە و بۆمان ماوەتەوە و، بابەتەکە ئەوەیە ئێمە دەمانەوێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت. بەڵام چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت؟ ئەم کێشەیە دەبێت ڕێگەچارەی بۆ بدۆزرێتەوە لەلایەن هەرێمی کوردستان و بەغداوە بە هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ ئەم هێزانە خۆیان و لەگەڵ ئێراندا. بەڵام وەک بنەمایەک ئێمە دژی ئەوەین عێراق بکرێت بە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هەر دراوسێیەکمان.

سیاسەتی عێراق تا ئێستا بە شێوەیەکی زۆر باش کاری کردووە بەپێی تێڕوانینی من. عێراق سیاسەتێکی بەڕاستی هاوسەنگی هەبووە. با دووبارە ئەم مەلەفە نەکەینەوە، بەڵام ڕێگەپێدراو نییە هەندێک لە یاسا دەرچوو کێشە بۆ سیاسەتی دەرەوەی عێراق دروست بکەن. بەو پێیەی عێراق بە باشترین شێوە ڕەفتاری کردووە، بەڵام ئەم کێشانه ئێستا بوونەتە بارێکی قورس لەسەر عێراق. من وای دەبینم عێراق نەبێتە لایەن لە هیچ کام لەم کێشانەدا و، دەبێت عێراق هاوسەنگی دروست بکات و بە هەمان مەودا لە سەرجەم لایەنەکان دوور بێت و، پشت بە هیچ وڵاتێک بە تەنیا نەبەستێت.

پێشکەشکار:

تێڕوانینتان بۆ ئاییندەی سیستەمی سیاسی یان پرۆسەی سیاسی لە عێراق. چۆن دەڕوانن یان تێڕوانینتان بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا چییە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

پێم وایە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا و ئەوەی تا ئێستا لێی دەبینین بەرەو باشتربوون دەچێت و، دەبێ هێزە سیاسییەکانی عێراق پشتیوانی لە حکوومەتەکەمان لە بەغدا بکەن و، دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی لە سەرەتادا گوتم کە بیر لەوە بکەینەوە هەموومان لەسەر یەک کەشتین و، ئەگەر شتێکی خراپ بەسەر ئەم کەشتییەدا بێت، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هەرێمی کوردستان ڕزگاری دەبێت و بەغدا نوقم دەبێت یان بەپێچەوانەوە بەغدا ڕزگاری دەبێت و هەرێمی کوردستان نوقم دەبێت. چونکە چارەنووسی هەموومان یەکە و، دەبێت بەم بنەمایە ڕازی ببین، چارەنووسمان وەک عێراقی یەکە و دەبێت یارمەتیی یەکتر بدەین. لە کوێدا هەرێمی کوردستان توانیی هاوکاریی بەغدا بکات و لە کوێدا بەغدا توانیی هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات و لە کوێدا هێزە سیاسییەکان توانینیان هاوکاریی سەرۆکوەزیران بکەن، دەبێت هەموومان کار بکەین بۆ داهاتوویەکی باشتر و گەشتر بۆ سەرجەم عێراق.

پێشکەشکار:

زۆر سوپاست دەکەم جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، بۆ هەموو ئەوانەی فەرمووت، سوپاسی سنگفراوانیت دەکەم بۆ قبووڵکردنی هەموو ئەو پرسیارانەی ئاراستەم کردیت، کاتێکی زۆرم لە جەنابت گرت. زۆر سوپاس بۆ تۆ و بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە.

 

 




دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی: پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە، ئایا عێراق بەرەو کوێ دەڕوات؟

THURSDAY, 13 AUGUST 2026 17:08:28

ھەولێر-KDP. info-  لە بەرنامەی (ئەلمواجەهە)ی كەناڵی تەلەفزیۆنی ئەڵشەرقییەدا كە ئێوارەی ڕۆژی 2026/8/12 پەخش کرا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەسەر چەندین تەوەری پەیوەست بە دۆخی هەنووکەییی عێراق و ناوچەکە، وەڵامی پرسیاری پێشکەشکاری بەرنامەکەی دایەوە.

 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی مامۆستا حسێن عارف دەکات

THURSDAY, 13 AUGUST 2026 17:08:05

ھەولێر-KDP. info-  نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ کۆچی دواییی خوالێخۆشبوو مامۆستا حسێن عارف، چیرۆکنووس، ڕۆماننووس و نووسه‌رى دیارى كورد و ئه‌ندامى پێشووى په‌رله‌مانى کوردستان، پرسەنامەیەکی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتیی:

شاخەکان پڕبوونە لە دار

THURSDAY, 13 AUGUST 2026 15:08:39

هه‌ولێر -KDP.info- ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی باڵای ژینگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان دەڵێت "به‌هۆی گرنگیدانی حكوومه‌ت به‌ ژینگه‌، وەکو ساڵانی نەوەتەکان شاخەکانمان پڕبوون له‌ دار و هۆشیاری ژینگەییش لا خه‌ڵك زیاتر بووە و كه‌متر سه‌رپێچی ده‌كەن، دوو پێشنیاریش كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر گرنگی به‌ ژینگه‌ بدرێت، ئه‌وانیش، ئه‌وه‌ی دارێك ببڕێت، 100دار بچێنێت، دادگایه‌كی تایبه‌تیش به‌ سه‌رپێچیكارانی ژینگه‌ دابمەزرێت." 

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕێنمایی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی بڵاوکردەوە

THURSDAY, 13 AUGUST 2026 14:08:18

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گشتاندنێکی فەرمیدا کە ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکانی بە وەزارەت کردووە، رێکارە نوێیەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ڕاگەیاند و داوا دەکات تاوەکو سەرەتای مانگی 10ـی ئەمساڵ کارەکان تەواو بکرێن.

 
شەرەفی ئەندامێتی بە ٧٠٠ هەڤاڵی نوێ لە سنووری لقی ٢٣ی قەرەچووغ بەخشرا

THURSDAY, 13 AUGUST 2026 13:08:22

مەخموور-KDP.info- بە بۆنەی یادی ١٦ی ئاب، ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بارەگای لقی ٢٣ی قەرەچووغ، بە ئامادەبوونی د. پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر و هەڤاڵان چیا محەممەد و سەنگەر کانەبی، بەرپرسی لق و کارگێڕانی لق و بەرپرس و کارگێڕانی ناوچە و ڕێکخراوەکان، مەراسیمێک بۆ بەخشینی شەرەفی ئەندامێتی بە پۆلێک ئەندامی تازەهاتووی ڕیزەکانی پارتی بەڕێوە چوو.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact