Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 13 AUG 2026 19:03 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

نێچیرڤان بارزانی: پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە، ئایا عێراق بەرەو کوێ دەڕوات؟
| KDP.info


ھەولێر-KDP. info-  لە بەرنامەی (ئەلمواجەهە)ی كەناڵی تەلەفزیۆنی ئەڵشەرقییەدا كە ئێوارەی ڕۆژی 2026/8/12 پەخش کرا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەسەر چەندین تەوەری پەیوەست بە دۆخی هەنووکەییی عێراق و ناوچەکە، وەڵامی پرسیاری پێشکەشکاری بەرنامەکەی دایەوە.

بەشی یەکەم

پێشکەشکار:

سڵاوی خواتان لێبێت

لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە ناوچەکە گۆڕانکاریی خێرا بە خۆیەوە دەبینێت، ئەم گۆڕانکارییانە زۆر لە هاوسەنگییەکانی هێزیان داڕشتەوە و دۆخی نوێیان سەپاندەوە، هەر لە ڕووداوەکانی غەززەوە تا ئەوەی لە سووریا ڕووی دا و دواتر شەڕی ئەمەریکا – ئیسرائیل دژ بە ئێران..

لە گەرمەی ئەم گۆڕانکارییانەدا، لەوە دەچێت عێراق لە بەردەم واقیعێکی نوێدا خۆی بینیبێتەوە کە ناشێت بە لۆژیکی چاوەڕێکردن هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت. ئاڵنگارییەکانی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، قەیرانی دارایی، شایستە سیاسییەکان شانبەشانی گۆڕاوە ئەمنییەکان و هەرێمایەتییەکان..

هەموو ئەمانە عێراق ڕووبەڕووی قۆناغێکی جیاواز دەکەنەوە کە پێویست بە دیدگەیەکی ڕوون و خوێندنەوەیەکی ورد دەکات بۆ ئەو ڕووداوانەی لە دەوروبەری ڕوو دەدەن.

لێرەوە کۆمەڵێک پرسیاری ستراتیژی و گرنگ سەر هەڵدەدەن:

ئایا عێراق خاوەنی دیدگەیەکی ڕوونە بۆ داهاتووی خۆی؟ ئایا لە توانایدا هەیە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە ناوخۆیییەکانی خۆی ببێتەوە و خۆی لەگەڵ گۆڕاوە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێنێت؟ یان هەر لەنێو بازنەی چاوەڕێکردندا دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی ئەو قەیرانانەی دەورەیان لێی داوە کۆتاییان پێ دێت؟ ئەی چی لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە؟ لە سایەی ئەو گۆڕانکارییانەی ناوچەکە بە خۆیەوە دەیانبینێت و باڵیان بە سەر ئەویشدا کێشاوە، ڕۆڵی لە نەخشاندنی شێوەی داهاتووی عێراقدا چییە؟

پرسیارگەلێکی زۆر هەن کە ئەمڕۆ خۆیان دەسەپێنن و ئەوەی لە وەڵامدانەوەیان گرنگترە ئەوەیە کە بزانین ئایا بەڕاستی عێراق بۆ قۆناغی پاش ئەم گۆڕانکارییانە ئامادەیە؟

ئەمانە ئەو بابەتانەن کە هەوڵ دەدەین ئەمشەو لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، گەنگەشەیان لەبارەوە بکەین..

پێشکەشکار:

دووبارە سڵاوی خواتان لێبێت. سەرلەنوێ بەخێرهاتنی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی دەکەین. زۆر بەخێر بێیت جەنابی سەرۆک...

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

بەخێر بێن

پێشکەشکار:

جەنابی سەرۆک، سەرەتا سوپاست دەکەین بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە و قبووڵکردنی بانگهێشتەکەمان. ڕەنگە کۆمەڵێک پرسیاری زۆرمان هەبێت و ڕەنگە ماندووت بکەین، بەڵام هیوادارین بە سنگێکی فراوانەوە ئەم هەموو پرسیارانە وەربگریت..

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

بەخێر بێن سەر چاو

پێشکەشکار:

سڵاوی خوات لێبێت..

ئێمە لە سەرەتاوە زۆر مەبەستمان بوو بزانین ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا باسی چیی کردووە، تا گەیشتینە کۆمەڵێک بابەت کە جەنابتان لە کۆبوونەوەکەدا خستووتانەتە ڕوو و کردوومانن بە کۆمەڵە پرسیارێک..

با لە پرسیاری یەکەمەوە دەست پێ بکەین:

جەنابت گوتت ئێمە هەموومان لەناو یەک کەشتیداین و بە ڕێزەوە دەڕوانینە قوربانیدانەکانی حەشدی شەعبی. بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئاییندەی گرووپە چەکدارەکان (فەسائیل) لە عێراقدا بەرەو کوێ دەچێت؟ ئێوە چۆن تەماشایان دەکەن، ئایا جیاوازییەک دەبینن لەنێوان حەشد و فەسائیلەکاندا، یاخود وەک یەک بەش و یەک جەستە سەیریان دەکەن؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

زۆر سوپاس بۆ کاکە هیشام، بەخێرهاتنتان دەکەین لە هەولێر. بێگومان من دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان ڕێزی تایبەتیمان هەیە بۆ قوربانیدانەکانی حەشد و سوپای عێراق لەگەڵ هاوکارانی خۆیان، پێشمەرگە، لە کوردستان بۆ بەرگری لە خاکی عێراق، حەشد دامەزراوەیەکی حکوومییە و بەپێی یاسا دروست کراوە و دیسانەوە دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە ڕێزێکی زۆرمان هەیە بۆ قوربانیدانەکانی حەشد لەپێناو بەرگریکردن لە عێراق. بابەتی حەشد و فەسائیل، ئێمە زۆر جار کە دەچینە بەغدا، بە نزیکی بە بەردەوامی و بۆ ماوەیەکی زۆر ئەو وانەیەمان پێ دەڵێن کە ڕوونی دەکاتەوە چ جیاوازییەک لەنێوان حەشد و فەسائیلدا هەیە، بەڵام لە ئەنجامدا، چ فەسائیل و چ حەشد بودجەکەیان لە دەوڵەتی عێراقەوەیە و لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دابین دەکرێت.

بۆچوونی ئێمە لە سەر فەسائیل، بابەتی دژایەتیکردنی فەسائیل نییە، بابەتەکە و پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە عێراق بەرەو کوێ دەڕوات؟ ئێمە هەموومان پێکەوە لەناو کەشتییەکداین. چ لە بەغدا چ لە بەسڕا و تا دەگاتە زاخۆ هەموومان پێکەوەین. بۆچوونی ئێمە ئەوەیە ئەو کارانەی ئەم فەسائیلانە دەیکەن نە لە بەرژەوەندیی عێراقە و نە لە بەرژەوەندیی داهاتوویەکی باشە بۆ ئەم وڵاتە. ئەم فەسائیلە لەلایەکەوە هەڕەشە لە دراوسێیەکانمان دەکەن، بە درۆن لە وڵاتانی عەرەبی برامان دەدەن، ئایا مەعقوولە هێزێک لە ناو عێراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئوردن و سعوودیە و ئیمارات و قەتەر و بەحرەین و ئەم وڵاتانە و، لە ناوخۆشدا بۆ هەرێمی کوردستان؟ کێشەکەی ئێمە بابەتێکی کەسی نییە لەگەڵ حەشد، بۆچوونی ئێمە بۆچوونێکە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتیی عێراقە. ئێمە پێمان وایە کە بەپێی دەستووری عێراق و بەپێی ئەو کارنامەیەی حکوومەت کە سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی لە کاتی پێکهێنانی حکوومەتدا پێشکەشی کرد و تێیدا بە ڕوونی گوتراوە و هاتووە کە دەبێت چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت. ئەمەیە پرسەکەی ئێمە. ئێمە پێمان وایە کە دەبێت ئەم هێزانە لەژێر چەتری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بن کە سەرۆکوەزیرانی عێراقە و لەژێر فەرمانی ئەودا بن و هەرچی زووترە چارەسەرێک بۆ پرسی فەسائیل بدۆزرێتەوە، من پێم وایە کە پێویستە فەرماندەکانی ئەم هێزانە خۆیان بگەنە خاڵێک ئایا بەرژەوەندیی عێراق لەوەدایە کە ئەوان ئەم چەکەیان هەبێت و بە ئارەزووی خۆیان بەکاری بهێنن؟ پرسیاری گەورە لەوە دروست دەبێت: کێ لە عێراقدا حوکم دەکات، سەرۆکوەزیران حوکم دەکات یان هێزە سیاسییەکان حوکم دەکەن یان کۆمەڵە کەسانێک کە لە یاسا دەرچوون و ئەوەی دەیکەن بەڕاستی لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە، ئایا ئەمان لە عێراقدا حوکم دەکەن؟

ئێمە کە دەچینە دەرەوە، هەموو جارێک بە کۆمپانیا گەورەکان دەڵێین وەرن لە عێراقدا سەرمایەگوزاری بکەن، وەرن لە عێراقدا وەبەرهێنان بکەن. بەڵام پرسیاری یەکەمی هەموو کۆمپانیایەک کە دەیەوێت بێتە عێراق ئەمەیە: ئەرێ ئەمنییەت هەیە؟ مەعقوولە فەسائیل هەندێک کۆمپانیای نەوت لە باشووری عێراقدا بکەنە ئامانج و لێیان بدەن! بۆیە ئەو کۆمپانیایانە بۆ عێراق نایەن.

کەواتە بۆچوونی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لە سەر بابەتی فەسائیل لە چوارچێوەی خێری عێراقدایە. ئێمە پێمان وایە کە دەبێت ئێمە، هەموو هێزە سیاسییەکانی عێراقی، پشتگیری لە سەرۆکوەزیران بکەین و لەپێناو بەرژەوەندی عێراقدا دەبێت ئەوە قبووڵ بکەن کە چەک دابنێن و بێن تێکەڵی پرۆسەی سیاسیی عێراق ببن و تێكەڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراق ببن. ئەوەشی کە زۆر زۆر گرنگە ئەوەیە کە دەبێت چەک تەنیا لە دەستی حکوومەتدا بێت.

پێشکەشکار:

جەنابی سەرۆک، ڕەنگە لە کاتی بەشداریت لە کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا ئاماژەت بۆ ئەوە کردبێت، کاتێک لە بەردەم ئامادەبوواندا پرسیارێکت ئاراستەی بەڕێز ئەلزەیدی کرد و گوتت: "ئایا لە بەردەم ئەمەریکییەکاندا خۆت پابەند کردووە بەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت؟" لێرەدا پرسیارێکمان بۆ دروست دەبێت، هاوکات جەنابت ئاماژەت بۆ ئەوە کرد کە ڕەنگە عێراق بەرەو گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتی بخزێت. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا زانیاریت هەیە لە سەر ئەوەی ئەگەر ئێمە وەک عێراق پابەندبوونەکانمان بەرامبەر ئەمەریکییەکان جێبەجێ نەکەین و چەک نەخرێتە دەست دەوڵەت، ئایا عێراق ڕووبەڕووی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی دەبێتەوە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

جارێ من پێم وایە، یەکەم بۆچوونی من ئەوەیە کە ئەمە پابەندی نییە بەرامبەر بە ئەمەریکا، ئەمە ئەو پابەندییەیە بەرامبەر بە عێراق. بابەتی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا پابەندییەک نییە بەرامبەر بە ئەمەریکا، بۆ دەبێت ئێمە وای پێشان بدەین کە ئەمە پابەندییەکی عێراقە بەرامبەر بە ئەمەریکا؟ ئەمەریکا لە ڕۆژێکدا هاتووەتە ئەم وڵاتە و ڕۆژێکیش ئەم وڵاتە بەجێ دەهێڵێت، بەڵام ئەوەی لە عێراق دەمێنێت ئێمەین، ئێمەین کە خەڵکی عێراقین و دەمێنین. ئەمە پابەندییەکی ئەمەریکی نییە. با بە شێوەیەکی تر قسەی لەسەر بکەین، ئەرێ بەرژەوەندیی عێراق لەمەدایە کە ئێمە تەواوی چارەنووسی خۆمان بدەینە دەستی هەندێک خەڵک کە لە یاسا دەرچوون؟ هەرێمی کوردستان تا ئێستا نزیکەی هەزار جار بۆردومان کراوە، واز لە هەرێمی کوردستانیش بهێنە، بارەگای ئاسایشی عێراقیان لە ناو بەغدادا بۆردومان کردووە. پرسیار ئەوەیە ئەم هێزە چ قازانجێکی بۆ عێراق هەیە؟ واز لە ئەمەریکا بهێنە، بۆ دەبێت ئێمە ئەم دوو شتە بە یەکەوە گرێ بدەین؟ ئەمەریکا بابەتێکی جیایە، ئەمەریکا کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤دا هاتە عێراق بە بانگهێشتێکی فەرمیی عێراق هات، عێراق بە نامەی فەرمی داوای لە ئەمەریکا کرد بێت لە بابەتی داعش یارمەتیی عێراق بدات.

بۆچوونی ئێمە لە هەرێمی کوردستان چییە؟ ئێمە سوپاسی ئەمەریکا و هێزە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا دەکەین کە لە پرسی داعشدا یارمەتیی عێراقیان دا، سوپاسیان دەکەین، سوپاسی ئەمەریکا و هەموو هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەین، بەڵام داعش بە خوێنی سوپای عێراق و بە خوێنی حەشدی شەعبی و بە خوێنی پێشمەرگە شکستی هێنا. هەموومان پێکەوە ئەوەمان کرد. بۆچی ئەوەمان کرد؟ بۆ ئەوە کردمان کە داهاتوویەکی باش بۆ نەوەی دوای خۆمان بەجێ بهێڵین، بۆ ئەوە نەمانکرد کۆمەڵێک لە لەیاسا دەرچووان لەم وڵاتەدا حوکم بکەن.

ئەم بابەتە، بابەتی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا هیچ پەیوەندییەکی بە ئەمەریکاوە نییە. با من بێمە سەر پرسی ئەمەریکا، هێزەکانی ئەمەریکا بەپێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی عێراق، خشتەیەکی کاتیان بۆ دانراوە، کە بەپێی ئەو خشتەی کاتە عێراق بەجێ دەهێڵن و ئەو خشتەیە لە کۆتاییی مانگی نۆ تەواو دەبێت. من ئەو پرسیارەم لە سەرۆکوەزیران کرد لە کۆبوونەوەکەدا: ئایا جەنابتان بەو خشتەی کاتەوە پابەندن؟ گوتی: بەڵێ ئێمە پابەندین. هەندێک هەن وا تەسەور دەکەن کە بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستانن. نا، بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەولێر بەپێی ئەو ڕێککەوتنەیە کە حکوومەتی فیدراڵی لەگەڵ ئەمەریکا کردوویەتی و ئەمەریکا ئێستا بە خشتەی کاتەکەی خۆی پابەندە، بەپێی ئەو خشتەی کاتەش تا کۆتاییی مانگی نۆ ئەوان هێزەکانیان لە عێراق دەکشێننەوە.

بەڵام با من ئەوە بڵێم و ڕووی قسەم لە هەموو هێزە سیاسییەکانی عێراق و لە گەلی عێراقە، بە خودا ئەگەر عێراق ئەم کێشەیە چارەسەر نەکات کە بابەتی فەسائیلە، عێراق تووشی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی دەبێت و تووشی گۆشەگیریی هەرێمایەتیش دەبێت. وڵاتانی دراوسێی عێراق زۆر بە پەرۆشن بۆ ئەوەی یارمەتیی عێراق بدەن، وڵاتانی عەرەب دەیانەوێت وەبەرهێنان لە عێراق بکەن، من دەزانم کە وڵاتانی کەنداو، ئیمارات چەند پێی خۆشە وەبەرهێنان لە عێراق بکات، من دەزانم سعوودیە چەند پێی خۆشە، من دەزانم قەتەر چەند حەز دەکات. بەڵام ناکرێت. ئێمە دەبێت بگەینە ئەو ئەنجامە. بە لای ئێمەوە عێراق یەکەمە. ئەگەر ئەم دروشمەی ئێمە کە زۆر جار باس لەوە دەکرێت "العراق أولاً"، مادام ئەمە دروشمی هەموومانە، بەرژەوەندیی عێراق لەوەدا نییە کۆمەڵێک لەیاسا دەرچوو بێن و کێشە بۆ عێراق دروست بکەن. ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە، سەرۆکوەزیران خۆی پابەند کردووە بەم پرسە. دەستووری عێراق زۆر بە ڕوونی ئەمەی باس کردووە. جەنابی سەرۆکوەزیران لە پێشکەشکردنی کارنامەی حکوومەتدا وەک پابەندییەک ئەمەی دەربڕیوە و ئێستا پێویستی بە پشتیوانیی هێزە سیاسییەکانە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە پشتگیری لەو پرسە دەکەین. سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراقە لە فاوەوە هەتا دەگاتە زاخۆ، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە لە فاوەوە هەتا دەگاتە زاخۆ. بە لای ئێمەوە وایە، ئێمە وا سەیری دەکەین. ئێمە وا سەیری ئەم پرسە دەکەین. بەڵێ هەرێمی کوردستان چوارچێوەیەکی دەستووریی هەیە، ئەم چوارچێوە دەستوورییە دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت و دەبێ ئەم دەستوورەش جێبەجێ بکرێت. بەڵام، کاک هیشام، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەم بابەتەدا سەیری ئەوە ناکەین بەرژەوەندیی ئەم هەرێمە لە چیدایە، ئێمە لەم بابەتەدا سەیری ئەوە دەکەین بەرژەوەندیی عێراق لە کوێدایە و بە جددیش حەز دەکەین عێراقێک بێت کە هەموو پێکهاتەکانی هەست بە ئارامی و بە خۆشی بکەن و، هەنگاو بنێین بەرەو باشترکردنی دۆخی ژیانی خەڵک کە گەلی عێراق شایستەی ژیانێکی باشترن لەوەی کە ئێستا هەیە.

پێشکەشکار:

بە دڵنیایییەوە جەنابی سەرۆک، بە ڕاشکاوی هەموو ئەوانەی فەرمووت لە بەرژەوەندیی ئێمەدان وەک عێراق کە هەنگاو بەرەو ئەو بابەتە یان ئەو پرۆژەیە بنێین، بەڵام ناتوانین ئەم بابەتە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جیا بکەینەوە، چ بە پابەندبوون بێت یان بەبێ پابەندبوون؛ چونکە لە ئەنجامدا دارایی و پارەی عێراق لە ئەمەریکایە. ئەمەریکییەکان خۆیان بە خاوەن فەزڵ دەزانن لە ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام و دامەزراندنی سیستەمە نوێیەکەدا. ئێستاش بەرنامەی ئەوەیان هەیە کە پێی دەگوترێت "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ"، واتە کۆنترۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داڕشتنی نەخشەیەکی نوێ. هەموو ئەم ئاڵۆزییانە وا دەکەن بەرژەوەندیی عێراق لەوەدا کۆ ببێتەوە کە سەرەتا چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆ بکرێتەوە، پاشان باسی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان ئێمە و ئەمەریکا بکەین. بەڵام ئەگەر چەک دانەماڵرێت یان لە دەستی دەوڵەتدا کۆ نەکرێتەوە، ئایا عێراق ڕووبەڕووی سزای ئەمەریکا دەبێتەوە؟ ئایا دەست لەسەر پارەکانی عێراق هەڵدەگیرێت؟ هەموو ئەمانە پرسیارن و دەکرێن. وەک هەرێمی کوردستان چ زانیارییەکتان بەدەست گەیشتووە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

لەڕاستیدا عێراق بارودۆخێکی زۆر تایبەتی هەیە. کاتێک عێراق نەوتەکەی دەفرۆشێت، پارەی نەوتەکە ڕاستەوخۆ بۆ خۆی ناگەڕێتەوە، بەڵکوو دەچێتە بانکی فیدراڵی لە ئەمەریکا و لەوێوە دەهێنرێتەوە بۆ عێراق. ڕەوشی ئابووریی عێراق لە خراپترین ئاستدایە، ئەگەر تەنگەی هورمز نەکرێتەوە و بارودۆخی ئێستا بەردەوام بێت، گەورەترین کێشەی ئەم ناوچەیە ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە. سەبارەت بە مەلەفی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، کە پێشتریش قسەم لەسەر کردووە، با بڵێین داوایەکی ئەمەریکییە، بەڵام لەڕاستیدا پێش ئەوەی داوایەکی ئەمەریکی بێت، دەبێت داواکارییەکی عێراقی بێت. واز لە ئەمەریکا بێنن و بێنە سەر داواکارییە عێراقییەکە. من خۆم و ئێمەش لە هەرێمی کوردستان وای دەبینین کە ئەگەر ئەم بابەتە چارەسەر نەکرێت، عێراق ڕووبەڕووی سزای نێودەوڵەتی دەبێتەوە و لەسەر ئاستی ناوچەکە پەراوێز دەخرێت و تووشی دابڕان دەبێت لە دەوروبەرە عەرەبی و ناوچەیییەکەی. ئەمە تێڕوانینی منە.

پێشکەشکار:

باشە، لە ئەنجامدا جەنابت پەیوەندیت لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، بە ڕاشکاوی کاتێک پرسیاری جەنابتیان لێ دەکەم، زۆربەی لایەنە سیاسییەکان ڕێزی تەواویان بۆت هەیە. ئایا زانیاریت پێ گەیشتووە کە گرووپە چەکدارەکان ئامادەیییان تێدایە؟ هەندێک دەڵێن ئەم دۆسیەیە بابەتێک نییە بۆ گفتوگۆی ناوخۆیی، هەندێکی تر بەرەو ئاراستەیەکی تر دەچن و دەڵێن ئەم بابەتە بە ئێرانەوە بەستراوەتەوە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆ بکەینەوە و گرووپەکان هەڵبوەشێنینەوە، دەبێت لەگەڵ لایەنی ئێرانی لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشین، ئایا ئەمە ڕاستە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

پێم وایە ئەمە بابەتێکی تەواو عێراقییە. دەبێت بگەڕێینەوە و بڵێین پێویستە یەکەم کاری ئێمە دەستنیشانکردنی ئەوە بێت کە بەرژەوەندیی عێراق لە کوێدایە. بەرژەوەندیی عێراق لەوەدایە چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت. بەڵام سەبارەت بە بابەتی ئێران، بۆ ئەوەی ڕاشکاوتر بم، لە دوایین سەردانمدا بۆ تاران، لەسەر ئەم بابەتە قسەم لەگەڵ ئێرانییەکان کرد، چونکە ئێمە لە هەموو گەشتێکماندا بۆ دەرەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا و بەتایبەت لەگەڵ سەرۆکوەزیران دەکەین، ئەم بابەتەش یەکێک بوو لەو پرسانەی سەرۆکوەزیران داوای کرد بیوروژێنم. لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی قسەم لەسەر ئەم بابەتە کرد و دەمەوێت بە ڕاشکاوی بڵێم ئەوەی بە ڕاشکاوی لە بەرپرسانی ئێرانییەوە گوێم لێ بوو، پێیان گوتم: بە سەرۆکوەزیران زەیدی بڵێ ئێمە ئامادەین هاوکاریی بکەین لەم پرسەدا. پێم گوتن: ئایا ئەمە هەڵوێستی فەرمیتانە؟ گوتیان: بەڵێ، ئەمە هەڵوێستی فەرمیمانە.

پێشکەشکار:

کێ ئەمەی پێ ڕاگەیاندوویت؟ پزیشکیان؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

نامەوێت بڵێم کێ ئەمەی پێم گوت، بەڵام ئەوانە ئەو بەرپرسە ئێرانییانە بوون کە بەرپەرسیاریەتیی ئەم مەلەفەیان لەدەستدایە.

پێشکەشکار:

ئەو بەرپرسە لە دۆسیەی عێراق..

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

بەرپرسی مەلەفەکە دوو جار جەختی کردەوە و گوتی بە زەیدی بڵێ. چونکە من لەبارەی ئەم مەلەفەوە قسەم لەگەڵ کردن، گوتم ئەگەر دەتوانن لەم مەلەفەدا هاوکاریمان بکەن، ئێمەش لە عێراق وەک دراوسێ چاوەڕێی ئەوەتان لێ دەکەین هاوکاریمان بکەن. من وای دەبینم ئەمە لە بەرژەوەندیی ئێرانیشدایە نەک تەنیا عێراق. بەرژەوەندیی ئێران لە عێراقدا چییە؟ بازرگانیی ئێستامان لە عێراق لەگەڵ ئێران، جگە لە بابەتی گاز و شتەکانی دیکە، نزیکەی ۱۲ملیار دۆلارە و بۆ ئێمە باشترە پەیوەندییە ئابوورییەکانمان بەهێزتر بکەین. پاشان لێرەدا پرسیارێکی جدی دروست دەبێت ئەگەر ئەم گرووپە چەکدارانە لە خۆیان بپرسن: سوودی ئەم کارانەی لە عێراق دەیکەن چییە؟ تەنانەت ئەو درۆنانەی لەبەردەستیاندایە چی سوودێکیان هەیە؟ ئەگەر بە عەقڵانییەتەوە بیر بکەنەوە، بڕوانن چییان بەدەست هێناوە و چ ئامانجێکی گەورەیان پێکاوە؟ هیچ، جگە لەوەی زەرەریان لە ناوبانگی عێراق داوە و زیانیان بە گەلی عێراق گەیاندووە. بە بەردەوامبوونیان، زیانەکان گەورەتر دەبن. ئەگەر بابەتەکەش ئێران بێت، وەک ئێستا ئاماژەم پێ دا، من یەکێک بووم لەوانەی لەسەر داوای سەرۆکوەزیران ئەم مەلەفەم لەگەڵ ئێرانییەکان تاوتوێ کرد کاتێک ئەم جارە چوومە ئەوێ.

پێشکەشکار:

واتە ئێرانییەکان ئامادەییی خۆیان نیشان داوە بۆ هاوکاریکردنی زەیدی..

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

بە ڕاشکاوی، جارێک پرسیارم کرد و دوو جار وەڵامیان دایەوە بۆ ئەوەی دڵنیا ببم. لە جاری دووەمدا دیسان گوتیان بە سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی بڵێ ئێمە ئامادەین هاوکاریی بکەین.

پێشکەشکار:

بە ڕاشکاوی..

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

بە تەواوی ڕاشکاوییەوە.

پێشکەشکار:

مێژوو ئەوەی فێر کردووین کە لە هەموو قۆناغێکدا یاخیبووانێک هەن، تەنانەت بەرامبەر بڕیار و ڕێککەوتنەکانیش..

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

ڕێک وایە.

پێشکەشکار:

ئەمە مێژووە..

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

ڕێک وایە.

پێشکەشکار:

لە حاڵەتێکدا ئەگەر هەندێک لە گرووپەکان یاخی ببن و چەکەکانیان ڕادەست نەکەن یان چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆ نەکرێتەوە، ئەم پرسیارە ڕەنگە بمبات بەرەو پرسیارکردن لە داواکارییەکەی ئەلزەیدی لە کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا، کاتێک داوای ڕێگەپێدانی لە سەرکردەکانی وڵات لە ئامادەبووان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە یەکەم ڕۆژی مانگی (١٠)دا، ئەگەر گرووپەکان نەیانەوێت چەکەکانیان ڕادەست بکەن. بەپێی بیستراوەکان و ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتوون، ئێوە ڕێگەپێدانتان داوە بە ئەلزەیدی لەم بابەتەدا. ئایا ئەمە ڕاستە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

لەڕاستیدا لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازمان کرد دەسەڵات بدرێتە سەرۆکوەزیران زەیدی و، نزیکەی کۆدەنگییەکی گشتی هەبوو لە کۆبوونەوەکەدا.

پێشکەشکار:

کۆدەنگی؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

بەڵێ کۆدەنگی. بەیاننامەیەکی ڕوونیشمان لەبارەی ئەم بابەتە دەرکرد. سەرجەم هێزەکان پابەندبوونی خۆیان بۆ پشتگیریکردنی سەرۆکوەزیران دەربڕی. بەڵام من بە شەخسی پێم وایە ئێستا و پێش چوونە ناو هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک پێویستی بە دیالۆگ هەیە لەگەڵ ئەوانەدا و، بنەمای ئەم دیالۆگەش یەک خاڵی سەرەکی بێت ئەویش: بەرژەوەندیی عێراق لەم بابەتەدا لە کوێدایە؟

بابەتەکە ئەوە نییە ئێمە ئارەزووی ڕووبەڕووبوونەوە بکەین، هیچ کەسێک ئارەزووی ئەمە ناکات و دەبێت ئەو قۆناغە تێپەڕێنین کە کەسانێک هەبن بخوازن شیعە بە گژ شیعەدا بچێت و کورد بە گژ کورددا بچێت، یان کێشە لەنێوان کورد و شیعه و، لەنێوان سوننە و شیعه‌دا هەبێت. بەرژەوەندی هەموومان لە عێراقدا دەبێت یەک بێت. پێم وایە لێرەوە و لە کاتێکی نزیکدا، پێویستیمان بە دیالۆگێکی ڕاشکاو و ڕوون و بەبێ موجامەلە هەیە لەگەڵ ئەم گرووپانەدا. تا ئەو شوێنەی من ئاگادار بم، هەندێک لەوانەی چەکیان لەدەستدا بوو تێگەیشتنیان بۆ ڕەوشەکە هەبوو و ئامادە بوون دەستبەرداری چەک ببن. بەڵام ئەوانی دیکە دەبێت یەکسەر دیالۆگێکی جدییان لەگەڵدا بکرێت، دیالۆگێکی جدی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەتی عێراق. ئەوانیش بە دڵنیایییەوە بەشێکن لەم بەرنامەیە و لە بەرژەوەندییەکانی عێراق. لە حاڵێکدا ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات، پێم وایە بژاردەکانی دیکەی بەردەم عێراق زۆر سنووردار دەبن. لە کاتێکدا ئەوەندەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە لە هەرێمی کوردستان، ئێمە پشتگیری لە بەرنامەی حکوومەت دەکەین و، پشتگیری لە پێویستیی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەکەین و، پشتگیری لە حکوومەتی عێراق دەکەین.

پێشکەشکار:

جەنابی سەرۆک، ئێمە هیوادارین نەکەوینە ئەم قۆناغەوە، قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕ، بەڵام ئێوە ڕێگەپێدانتان داوە بە ئەلزەیدی کە ئەگەر هەندێک گرووپ لە بڕیاری ڕادەستکردنی چەک یاخی ببن، ئەوا حکوومەت بە هێزە ئەمنییەکانی خۆی ڕووبەڕوویان ببێتەوە. ئایا پشتگیری لەم بڕیارە دەکەن؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

با ئەمە بڵێم: سەرجەم هێزە سیاسییەکان گوتیان پشتگیری لە سەرۆکوەزیران دەکەن. دەبێت هەموومان پشتگیریی لێ بکەین، چونکە بابەتەکە شەخسی نییە، بابەتی عەلی زەیدی نییە وەک سەرۆکوەزیران، بەڵکوو بابەتەکە تەواوی هێزە سیاسییەکانی عێراق دەگرێتەوە، بەڵام ئەو ئێستا ئەم بارە قورسەی لەسەر شانە بەهۆی ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراقە. ئەوەندەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەبێت وەک هێزە سیاسییەکانی عێراق بە سەرجەم پێکهاتەکانیەوە لە کورد، سوننە، تورکمان، مەسیحی و ئێزدی، دەبێت پشتگیری لە سەرۆکوەزیران بکەین، چونکە بابەتەکە شەخسی نییە، بەڵکوو لە ئەنجامدا بەرژەوەندیی عێراقە.

پێشکەشکار:

جەنابی سەرۆک، مادام باسی بابەتی کۆکردنەوەی چەک و ئەو ڕووداوانە دەکەین کە لە سەردەمی ڕابردوودا ڕوویان داوە، بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو دەکرێنەوە، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرش بووەتەوە بە مووشەک و درۆن، بەڵام لە ئەنجامدا و تا ئەم ساتەش، ئەو لایەنەی بۆردومانی هەرێمی کوردستان دەکات نادیارە و هیچ ڕوونکردنەوەیەکی ئاشکرای بۆ نییە. پرسیارەکە سادەیە: ئەو لایەنە کێیە کە بۆردومانی هەرێمی کوردستان دەکات؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

لەڕاستیدا بابەتەکە ڕوونە و نادیار نییە. دەزانیت ئەم پرسیارە زۆر دووبارە دەبێتەوە. کاتێک بۆردومانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، پێیان دەگوتین بەڵگە و زانیاریمان پێ بدەن چونکە ئەنجامدەرەکەی ناناسین. جیهانی ئەمڕۆ زۆر پێشکەوتووترە لەم جۆرە قسانە. کاتێک بۆردومان لە هەر شوێنێکی عێراقدا ئەنجام دەدرێت، زۆر بە ڕوونی دیارە لە کوێوە بۆردومانی چ شوێنێک کراوە، تەکنەلۆژیا و مانگە دەستکردەکان چاودێریی هەموو شتێک دەکەن و هەموو شتێک زانراوە. بابەتەکە پێویستی بە هەموو ئەمە نییە. ئەوانەی بۆردومانی هەرێمی کوردستانیان کرد گرووپگەلێکی دیاریکراون و زۆربەی کردەوەکانی بۆردومان لە ناوخۆی عێراقەوە بوون و هەندێکیشیان لە ماوەی ٤۰ڕۆژی شەڕدا لە ئێرانەوە ئەنجام دراون...

پێشکەشکار:

ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان لە کوێوە دەکرێن؟ لە چ ناوچەیەکەوە؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

لە مووسڵەوە، لە دیالەوە، لە پارێزگای سەلاحەدینەوە، لە کەرکووکەوە و لە تەلەعفەریشەوە.

پێشکەشکار:

ئەمە واتای ئەوەیە دەبێت بزانن کێ دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچانەدا هەیە، چونکە ئەوەی کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەی لەدەستدایە، هەر ئه‌ویش بۆردومانەکە دەکات..

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

زانیاریی ۱۰۰٪پشتڕاستکراوە هەیە، مەسەلەکە ئەوە نییە ئێمە نەیانناسین، ئێمە تەنانەت ئەو یەکانەش دەناسین کە ئەم کردەوانە جێبەجێ دەکەن، زانیاریمان لەسەر هەموو ئەمانە هەیە و زانیاریی وردن...

پێشکەشکار:

کەواتە بۆچی لەگەڵ سەرکردەی ئەم گرووپانەدا قسە ناکەن؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

ئێمە لەگەڵ سەرۆکوەزیران قسە دەکەین، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسە دەکەین و، لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی عێراق قسە دەکەین، ئەگەر بواریشمان بۆ بڕەخسێت ئامادەین لەگەڵ گرووپەکانیشدا قسە بکەین. بەڵام ئەوان بە دڵنیایییەوە خۆیان لە بینینمان دەدزنەوە، بەڵام ئەگەر توانیمان بەیەکەوە دابنیشین بە هەموو ڕوونی و ڕاشکاوییەکەوە قسەیان لەگەڵ دەکەین. لە کاتی خۆیدا لەگەڵ هەندێکیان لەسەر ئەم بابەتانە قسەم کردووە، لەگەڵ هەندێک لەو گرووپانە ڕووبەڕوو قسەم کردووە، بە دڵنیایییەوە پێش ئەم ڕووداوانە.

پێشکەشکار:

کەواتە جەنابی سەرۆک، ئێستا بۆردومان یان هێرشەکان ڕەنگە وەستابن و، لەم دوایییانە و لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا دەستدرێژیمان بۆ سەر هەرێمی کوردستان نەبینیوە، نە بە درۆن و نە بە مووشەک. ئایا ئەمە بەهۆی ڕێککەوتن یان نیمچە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمەریکایە؟ ئەگەر شەڕەکە سەری هەڵدایەوە و نوێ بووەوە، ئایا هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە دەکرێتەوە ئامانج؟ بۆچی هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانج؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە بەدوای وەڵامەکەیدا دەگەڕێین: بۆچی هەرێمی کوردستان؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

ئەمە لەڕاستیدا لای ئێمەش پرسیار دروست دەکات: بۆچی هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانج؟ ئێمە وەک قەوارەیەک بەشێک نین لە جەنگ و، هەولێر و سلێمانی و دهۆک بەشێکن لە عێراق. لەبری ئەوەی ئەم پرسیارە ڕووبەڕووی ئێمە بکرێتەوە، من ئەم پرسیارە لە سەرکردایەتیی ئەم لە یاسا دەرچووانە دەکەم و پێیان دەڵێم: تکایە، دەکرێت هۆکاری ئەوەمان پێ بڵێن کە پاڵتان پێوە دەنێت بۆ بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان؟ وەک پێشتریش گوتم، ئەگەر بابەتەکە پەیوەندیی بە ئەمەریکاوە هەبێت، ئەمەریکا بەپێی خشتەی کاتی خۆی دەکشێتەوە و، ئەگەر ئامادەییی ئەمەریکاش لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێک بێت لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا کە هەرێمی کوردستان هیچ دەستێکی تێدا نییە، بەڵکوو بەپێی ڕێککەوتنێکە لەگەڵ بەغدا، پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج؟ ئایا ئێمە عێراقی نین؟ ئایا ئێمە مرۆڤ نین لەم وڵاتەدا دەژین؟ ئایا ئەو هاووڵاتییەی لە هەرێمی کوردستان دەژی هاووڵاتییەکی عێراقی نییە؟ ئایا بە پاسپۆرتی عێراقی گەشت ناکات؟ ئێمە عێراقیین و ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە ئەوەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدەن، تەنیا دژی هەرێمی کوردستان نییە بەڵکوو هەموو عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دەکاتە ئامانج. نازانم بانگەشەی چی لەناو عێراقییەکاندا دەکەن لە کاتێکدا ئیدیعای ئەوە دەکەن کە بەرەی بەرگرین (موقاوەمە)، بەرەی بەرگری دژی کێ؟ نازانم. ئەوەی دەیکەن زیان بە سەرجەم عێراق دەگەیەنێت. تەواوی عێراق لە ڕەفتاری ئەوان زەرەرمەند دەبێت و، هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق زەرەرمەند دەبێت.

پێشکەشکار:

ئێستا بەرگری (موقاوەمە) کاتێک هێرش دەکات، زیان لە بوونی ئەمەریکا نادات، بەڵکوو کاریگەریی خراپ لەسەر عێراق دروست دەکات..

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

بە دڵنیاییەوە، ئەگینا با یەکێک لە ئامانجەکانم پێ بڵێن، با بێن و دابنیشین تا بزانین کاریگەرییان چی بووە لەسەر ئەو ڕێککەوتنەی کە بە هۆیەوە ئەمەریکا لە هەولێر بوونی هەیە. بڕوام پێ بکە کاریگەرییان لەسەر ئەمەریکا دروست نەکردووە بەڵکوو کێشەیان بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە، کێشەی ئابوورییان بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە و سێکتەرە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستانیان بۆردومان کردووە کە ژێرخانی ئابووریی عێراقن، بەڵام چونکە لە هەرێمی کوردستاندا هەن لێیان دەدەن. هیچ شتێکیان بەدەست نەهێناوە، لە کاتێکدا کۆمەڵێک دروشمی گەورە بەرز دەکەنەوە و قسەی گەورە دەکەن، بەڵام لە ئەنجامدا و کاتێک ورد دەبیتەوە و لێکۆڵینەوە دەکەیت نابینیت توانیبێتیان هیچ شتێک ئەنجام بدەن، وەک ئەوەی کۆتایی بە ئەمەریکا بهێنن، من بە خۆم هیچ دەستکەوتێک بۆ ئەوان نابینم.

پێشکەشکار:

جەنابی سەرۆک، ئەگەر بەرگری (موقاوەمە) خزمەت بە ئامانجەکانی عێراق نەکات، کەواتە خزمەت بە ئامانجی کێ دەکات؟

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

ئەم پرسیارە ئاراستەی ئەوان بکه، ئاراستەی خۆیانی بەرگری بکه، تا لەوانی بزانین خزمەتی کێ دەکەن. ئەوەی بۆ من گرنگە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمانە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق دەکەن؟ وەڵامەکەش نەخێرە.




دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی: پێویستە چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت

THURSDAY, 13 AUGUST 2026 17:08:37

ھەولێر-KDP. info-  لە بەرنامەی (ئەلمواجەهە)ی كەناڵی تەلەفزیۆنی ئەڵشەرقییەدا كە ئێوارەی ڕۆژی 2026/8/12 پەخش کرا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەسەر چەندین تەوەری پەیوەست بە دۆخی هەنووکەییی عێراق و ناوچەکە، وەڵامی پرسیاری پێشکەشکاری بەرنامەکەی دایەوە.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی مامۆستا حسێن عارف دەکات

THURSDAY, 13 AUGUST 2026 17:08:05

ھەولێر-KDP. info-  نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ کۆچی دواییی خوالێخۆشبوو مامۆستا حسێن عارف، چیرۆکنووس، ڕۆماننووس و نووسه‌رى دیارى كورد و ئه‌ندامى پێشووى په‌رله‌مانى کوردستان، پرسەنامەیەکی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتیی:

شاخەکان پڕبوونە لە دار

THURSDAY, 13 AUGUST 2026 15:08:39

هه‌ولێر -KDP.info- ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی باڵای ژینگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان دەڵێت "به‌هۆی گرنگیدانی حكوومه‌ت به‌ ژینگه‌، وەکو ساڵانی نەوەتەکان شاخەکانمان پڕبوون له‌ دار و هۆشیاری ژینگەییش لا خه‌ڵك زیاتر بووە و كه‌متر سه‌رپێچی ده‌كەن، دوو پێشنیاریش كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر گرنگی به‌ ژینگه‌ بدرێت، ئه‌وانیش، ئه‌وه‌ی دارێك ببڕێت، 100دار بچێنێت، دادگایه‌كی تایبه‌تیش به‌ سه‌رپێچیكارانی ژینگه‌ دابمەزرێت." 

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕێنمایی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی بڵاوکردەوە

THURSDAY, 13 AUGUST 2026 14:08:18

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گشتاندنێکی فەرمیدا کە ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکانی بە وەزارەت کردووە، رێکارە نوێیەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ڕاگەیاند و داوا دەکات تاوەکو سەرەتای مانگی 10ـی ئەمساڵ کارەکان تەواو بکرێن.

 
شەرەفی ئەندامێتی بە ٧٠٠ هەڤاڵی نوێ لە سنووری لقی ٢٣ی قەرەچووغ بەخشرا

THURSDAY, 13 AUGUST 2026 13:08:22

مەخموور-KDP.info- بە بۆنەی یادی ١٦ی ئاب، ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بارەگای لقی ٢٣ی قەرەچووغ، بە ئامادەبوونی د. پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر و هەڤاڵان چیا محەممەد و سەنگەر کانەبی، بەرپرسی لق و کارگێڕانی لق و بەرپرس و کارگێڕانی ناوچە و ڕێکخراوەکان، مەراسیمێک بۆ بەخشینی شەرەفی ئەندامێتی بە پۆلێک ئەندامی تازەهاتووی ڕیزەکانی پارتی بەڕێوە چوو.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact