هەولێر-KDP.info- وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گشتاندنێکی فەرمیدا کە ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکانی بە وەزارەت کردووە، رێکارە نوێیەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ڕاگەیاند و داوا دەکات تاوەکو سەرەتای مانگی 10ـی ئەمساڵ کارەکان تەواو بکرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لەسەرە و لە 12ـی ئابی 2026 دەرچووە، بڕیاردراوە بە ئەنجامدانی ڕێکارە کارگێڕییەکان بۆ ئەژمارکردن و پلەبەرزکردنەوەی سەرجەم فەرمانبەران لە پلە 10 بۆ پلە 1. ئەم بڕیارە پاڵپشتە بە یاسای مووچەی فەرمانبەرانی ژمارە 22ـی ساڵی 2008و دوای ئەوە دێت، لە سەرەتای ساڵی 2016 بەهۆی قەیرانی داراییەوە پلەبەرزکردنەوە ڕاگیرابوو.
لە گشتاندنەکەدا هاتووە، پێویستە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوەکو 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، کارەکانی تایبەت بە وردبینی و ئامادەکردنی لیستی پلەبەرزکردنەوەکان تەواو بکەن. ئەمەش بە مەبەستی جێگیرکردنی مافی دارایی فەرمانبەران و ڕێکخستنی شایستە داراییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی کردووە، دەبێت لیژنەی تایبەت لە وەزارەتەکان پێکبهێنرێت بۆ پێداچوونەوە بە میلاکات و پلەکان بەگوێرەی خشتەی هاوپێچکراو. ئامانج لەم هەنگاوە ڕێکخستنەوەی میلاکاتی گشتی و دابینکردنی شایستە داراییەکانە بە شێوەیەکی یاسایی، تاوەکو لە کاتی وردبینی حکوومەتی فیدراڵ هیچ کێشەیەکی یاسایی و کارگێڕی نەیەتە پێش و مافی فەرمانبەران پارێزراو بێت.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی دوای کۆبوونەوە و ڕەزامەندییەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دێت، ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بەو دۆخەی کە لە ساڵی 2016ەوە دروست ببوو، تێیدا فەرمانبەران سەرەڕای هەبوونی مەرجە یاساییەکان، پلەکانیان بەرز نەدەکرایەوە.
