دھۆک-KDP.info-بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دھۆک ڕایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت گرێبەستی تەواوکردنی نەخۆشخانەی ٣٠٠ قەرەوێلەییی سێمێل واژوو دەکرێت و پڕۆژەکە بە شێوەیەکی سەردەمیانە لە سنوورەکە دەست پێدەکاتەوە.
دکتۆر ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دھۆک بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پڕۆژەی نەخۆشخانەی ٣٠٠ قەرەوێلەییی سێمێل پێشتر بڕێک لە کارەکانی ئەنجام درابوو، بەڵام بەھۆی ڕاوەستانی بوودجە لە عێراقەوە کارەکانی وەستا. بۆیە سەرۆکی حکوومەت بڕیاریدادەست پێبکرێتەوە، تاوەکو بە شێوازێکی سەردەمیانەتر و پێشکەوتووتر دروست بکرێت، بە جۆرێک ببێتە یەکێک لە گەورەترین ناوەندە تەندروستییەکان لە سنووری پارێزگای دھۆک.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە نەخۆشخانەکە تەواوی بەشە پزیشکییەکان و ئامێرە پێشکەوتووەکانی تێدا دابین دەکرێت، ھەروەھا بوودجەکەی بە قۆناغ بۆ تەرخان دەکرێت. ماوەی دیاریکراو بۆ تەواوکردنی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە سێ ساڵە و ڕاستەوخۆ دوای ئیمزاکردنی گرێبەستەکە کارکردن تێیدا دەست پێدەکات، کە ئەمەش خزمەتێکی گەورە بە دانیشتووانی قەزای سێمێل و پارێزگای دھۆک دەگەیەنێت.
بڵند ئیبراهیم