هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پەسەندکردنی یاسای "بەهێزکردنی تەباییی نیشتمانی و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی" لە پەرلەمانی تورکیا دەکات و، هاوکات پشتیوانیی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپات کردەوە.
دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
بە گەرمی پێشوازی لە پەسەندکردنی یاسای "بەھێزکردنی تەباییی نیشتمانی و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی" لە پەرلەمانی تورکیا دەکەم. ئەم ھەنگاوە ئازایانەیە، وەرچەرخانێکی گرنگە بەرەو بەدیھێنانی ئاشتییەکی بەردەوام و ئارامی و سەقامگیری لە تورکیا و تەواوی ناوچەکەدا.
ئێمە ھەمیشە بڕوامان وایە کە ئاشتی و دیالۆگ دروستترین بژاردەن و سەردەمی چەک و چارەسەری سەربازی بەسەرچووە. ئەم یاسایە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ بنیاتنانی متمانە و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ھەموو پێکھاتەکانی تورکیا. پێویستە ھەمووان پشتگیری لێ بکەن و کار بۆ سەرخستنی ئاشتی بکەن.
پێزانین و دەستخۆشی بۆ جەنابی سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێز ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و سەرجەم ئەو سەرکردە و لایەنانە دووپات دەکەمەوە کە لە بەدیھێنانی یاساکەدا بەشدار بوون. وەک ھەمیشە پشتیوانیی تەواوی ھەرێمی کوردستان بۆ سەرخستنی ئاشتی و سەقامگیری دووپات دەکەینەوە.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٦/٨/١٢