باڵەکایەتی-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، ١١ی ئابی ٢٠٢٦، دکتۆرە چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر، بەیاوەری وەفدێکی ئەندامانی مەکتەب، سەردانی لقی ٢٦ی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد. لە لایەن شوان محەمەد طە، بەرپرسی لق، و بە ئامادەبوونی کارگێڕان و بەرپرسانی لێژنە ناوچەکان بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشی پێگەیاندن و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی لقی ٢٦ لە هۆڵی بۆنەکانی لق، سیمینارێکی فکری ـ سیاسییان بۆ دکتۆرە چنار سەعد لەژێر ناونیشانی (٨٠ ساڵ خەبات، فاکتەری هێز و ئالەنگارییەکان) بۆ کادران، ئەندامان و لایەنگرانی پارتی لە دەڤەری باڵەکایەتی ڕێکخست.
لە دەستپێکی سیمینارەکەدا، شوان محەمەد طە بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و تیشکی خستە سەر گرنگیی بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە کۆڕ و سیمینارانە. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە گواستنەوەی مێژووی پڕ لە قوربانیی پارتی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە ڕێبەرایەتیی بارزانیی نەمر بۆ نەوەی نوێ، ئەرکێکی نەتەوەیی و ڕێکخراوەییە، تا نەوەی ئێستا بە ڕوونی لە نرخ و بههای ئەو قوربانییانە تێبگەن کە بۆ پاراستنی ناسنامە و مافەکانی گەلەکەمان دراون.

دواتر دکتۆرە چنار سەعد عەبدوڵڵا سیمینارەکەی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر مێژووی ٨٠ ساڵەی خەباتی پارتی و هێزی ڕێکخراوەیی و سیاسیی حزب لە قۆناغە جیاوازەکاندا. لە وتەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامیی پارتی لە ماوەی هەشت دەیەی ڕابردوودا، بەرهەمی خۆڕاگری و قوربانیدانی بێپچڕان بووە، کە ئەمەش بنەمایەکی بەهێزی بۆ هێزی سیاسیی ئەمڕۆی پارتەکە دروست کردووە.
لەنێو سیمینارەکەدا، بەڕێزیان ئاماژەی بە ڕۆڵی کارای سەرۆک بارزانی کرد لەم قۆناغەی ئێستادا بۆ پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و بەهێزکردنی پێگەی کوردستان. هەروەها ڕوونی کردەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی سەر گەلەکەمان پێویستی بە هۆشیاری، یەکڕیزی و ڕێکخستنێکی پۆڵاین هەیە، و پارتی بە پشت بەستن بە ئەزموونی ٨٠ ساڵەی خۆی دەتوانێت بەسەر گۆڕانکاری و ئاستەنگە نوێیەکاندا زاڵ بێت.

لە کۆتایی کۆڕەکەدا، دەرگای گفتوگۆ و پرسیار و وەڵام لە نێوان پێشکەشکار و ئامادەبوواندا کرایەوە، و جەخت لەسەر بەردەوامیی چالاكییە فکری و ڕۆشنبیرییەکان لە دەڤەرەکەدا کرایەوە.
