هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گرانیی بەنزین پێکهێناوە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا باشترین ڕێگەچارە دیاری بکرێت. ناوبراو جەخت دەکاتەوە کە تا چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکە، دابەشکردنی بەنزینی حکوومیی ٧٥٠ دیناری بە کارتی ئەلیکترۆنی بەردەوام دەبێت.
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە توێژینەوەی بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی گرانیی بەنزین. بۆ ئەم مەبەستەش لە ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی باڵا پێکهاتووە، ڕۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجام داوە و بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەش کۆبوونەوەیەکی دیکە بکات. پێشنیازەکان لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە تاوتوێ دەکرێن تا لەم هەفتەیەدا باشترین ڕێگەچارە بخڕێتە ڕوو و لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیاری لێ بدرێت.
بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر جەختی کردەوە کە حکوومەت زۆر جدییە لەسەر ئەم پرسە و بڕیارە لە زووترین کاتدا کۆتایی بە کێشەی گرانیی بەنزین بهێنرێت.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای بازاڕ، ئاری کاکەشین گوتی، "ڕاستە لە ئێستادا نرخی بەنزینی بازرگانی گرانە، بەڵام ئێمە ڕۆژانە لە نزیکەی ٢٢ بەنزینخانە بەنزینی حکوومیی ٧٥٠ دیناری بە کارتی ئەلیکترۆنی دابەش دەکەین. ئەم میکانیزمە بۆ ئەوەیە هەموو هاووڵاتییان سوودمەند بن، قەرەباڵغی دروست نەبێت و کەس لە وەرگرتنی بەشەبەنزینی خۆی مەغدوور نەبێت تا ئەوکاتەی کێشەکە بە یەکجاری چارەسەر دەکرێت."
بڵند ئیبراهیم