ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی بە سەرپەرشتیی پشتیوان سادق کۆبۆوە و دوا پێشهاتە سیاسییەکان، بەهێزکردنی کاری ڕێکخراوەیی و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی لە سنووری پارێزگای هەولێر تاوتوێ کرد.
ئێوارەی یەکشەممە، ٩ـی ئابی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتیی پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر، کۆبوونەوەی فراوانی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا، کە ھەریەکە لە یاریدەدەرانی بەرپرسی مەکتەب، بەرپرسی بەشەکان، بەرپرس و کارگێڕی لقەکان، بەرپرسی ناوچەکان و بەرپرسانی ڕێکخراوەکانی (یەکێتیی قوتابیان و لاوان و یەکێتیی ئافرەتان) لە سنووری مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر ئامادە بوون، چەندین تەوەر و بابەتی پەیوەندیدار تاوتوێ کران.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان و جەختی لەوە کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی قەزیەی ڕەوای کوردستانە و پارێزەری دەستکەوتەکانیەتی، ھەروەھا دڵنیایی دا کە کۆسپ و کەموکوڕییەکان چارەسەر دەبن.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پشتیوان سادق، جەختی لەسەر گیانی پێکەوەکارکردن و خزمەتکردنی زیاتر کردەوە، و تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پێویستە سەرجەم ھەڤاڵان و بەرپرسان بەوپەڕی دڵسۆزی، پەرۆشی و ھەستی بەرپرسیارێتییەوە درێژە بە کارەکانیان بدەن.
لە کۆتاییشدا، سوپاسی کاروچالاکییەکانی ھەڤاڵانی ئۆرگانەکانی سنووری مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر کرا.
