هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری کارووباری هونەری لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە عێراقدا ٨٢ ناوچەی پارێزراوی سروشتی هەن، کە ٤٥ ناوچەیان کەوتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە. ئاماژەی بەوەش دا، کار لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەو ناوچانە بە فەرمی تۆمار بکرێن، بەوەش ڕێژەی ناوچە پارێزراوەکانی هەرێم دەگاتە سەرووی ٣٠٪ کە ستانداردێکی جیهانییە، بەتایبەت چونکە لە کۆی ٤١٠ ئاژەڵ و باڵندەی دەگمەن لە عێراقدا، زۆرینەیان لە هەرێمی کوردستاندا دەژین.
ئازاد نوری عەوڵا، بەڕێوەبەری کارووباری هونەری لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "هەرێمی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەوڵەمەندترین ناوچەیە لە ڕووی هەمەجۆریی زیندەوەرانەوە، کوردستان زۆر دەوڵەمەندە بە ناوچەی شاخاوی، ئاو، ڕووبار، کانی، چەندین ئاژەڵ، باڵندە و ڕووەکی خۆرسک، وە ئاژەڵی دەگمەنیشی تێدایە. لە عێراقدا ٨٢ شوێنی پارێزراوی سروشتی هەن کە ٤٥ی لە هەرێمی کوردستانن. ئەمه یەکێکە لە سەروەریە گرنگەکان بۆ ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ئەو ڕێککەوتنانەی عێراق واژووی کردوون. ئێمەش ڕاپۆرتی حەوتەممان تەواو کردووە، بۆیە زۆر گرنگە زیاتر گرنگیی پێ بدەین و سوودی لێ وەربگرین."
گوتیشی، "دانانی ناوچە پارێزراوە سروشتییەکان لە هەرێمی کوردستان، واتە دانانی هەرێمی کوردستان لە نەخشەی جیهاندا. بەمەش هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان زیاتر دەناسرێت، خەڵکی وڵاتان ڕووی تێدەکەن، دەبێتە هۆی ئەوەی داهاتی زیاتری هەبێت و بتوانین لە سندوقی قەرزی نێودەوڵەتیش قەرز وەربگرین. لەسەر ئاستی جیهانیش پێشتر ڕێژەی ناوچەی پارێزراو ٪١٧ بوو، بەڵام ئێستا بەرزکراوەتەوە بۆ ٪٣٠. ئەگەر بتوانین ئەم ٤٥ ناوچەیە لە ڕێکخراوی جیهانیی IUCN بە فەرمی تۆمار بکەین، ڕێژەی هەرێم دەگاتە سەرووی ٪٣٠ و ناوی دەچێتە ڕیزی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان."
بەڕێوەبەری کارووباری هونەری لە دەستەی ژینگە ڕوونیشی کردەوە، "بۆ گرنگیدان و پاراستنی ئەو ناوچانە، لە دەستەی ژینگە لیژنەیەکی باڵا پێکهاتووە و بەپشتبەستن بە ڕێنمایی ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١١ بەردەوامە لە کارکردن. ئاژەڵە دەگمەنەکان لە هەرێمی کوردستان لە کەم شوێندا هەن، بۆ نموونە 'پڵنگی زاگرۆس' جیاوازە لە پڵنگەکانی دیکە، بەشێک لە ئاژەڵەکانیش لە هەرێم لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندان وەک مارمێلکەی دەگمەن و بوونەوەرانی دیکە کە پێویستە پارێزگارییان لێ بکەین و بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەربگرین."
بڵند ئیبراهیم