هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی قەتەر دەست پێ دەکەنەوە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ دوو گەشت ئەنجام بدەرێن.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ئەمڕۆ گەشتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر دەست پێ دەکەنەوە و دوای نیوەڕۆ یەکەم فڕۆکە لە دەوحەوە دەگاتە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەنیشێتەوە."
ئەحمەد هۆشیار گوتیشی، "هەر ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ، گەشتێکی دیکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بۆ دەوحەی پایتەختی قەتەر ئەنجام دەدرێت، بەمەش دەبێتە دوو گەشتی ئاسمانی لە یەک ڕۆژدا."
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، "بەردەوام لە هەوڵداین بۆ ئەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەگەڵ وڵاتاندا زیاتر و فراوانتر ببن، دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیش لەگەڵ قەتەر لەو چوارچێوەیەدا دەبێت."
بڵند ئیبراهیم