ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی باڵای "ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت" لە بەغدا کرد، کە تێیدا سەرکردەکانی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق و ھێزە سیاسییەکان جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کردەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا خۆشحاڵی خۆی بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیە دەربڕی و ڕایگەیاند، کە تێیدا بارودۆخی گشتیی وڵات، تەحەداکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی و دوایین پێشھاتە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بە وردی تاووتوێ کراون. لایەنە بەشداربووەکان پابەندیی خۆیان بۆ بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکوومەت و بەدیھێنانی ئەولەویەتە نیشتمانییەکان، بەتایبەت لە بوارەکانی ئاسایش و خزمەتگوزاریدا دووپات کردەوە.
یەکێک لە خاڵە ھەرە ھەستیارەکانی کۆبوونەوەکە، پرسی چەکی دەرەوەی یاسا و ئاسایشی سنوورەکان بوو. نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردەکان ھاوڕابوون لەسەر گرنگیی ئەوەی کە "عێراق وەک فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە و نەکرێتە مەیدانێک یان سەرچاوەیەک بۆ ھەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ." ئەم ھەڵوێستە وەک پەیامێکی ڕاشکاو بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەبینرێت.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، سەرکردە سیاسییەکان پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ھەنگاوەکانی حکوومەتەکەی بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا دەربڕی. نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ھەموو لایەک بە ڕۆحیەتی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی ھاوبەشەوە کار بکەن تاوەکو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل بپارێزرێت و پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بەردەوام بێت.
