کەرکووک-KDP.info- مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک- گەرمیانی پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا لێدوانەکانی پارێزگاری کەرکووکی سەبارەت بە کۆتایی هاتنی ماددەی 140 ڕەتکردەوە و بە "نابەرپرسیارانە" و "هەوڵێک بۆ فیتنەگێڕی" وەسفی کرد، هەروەها جەختیکردەوە کە بوونی ناوبراو لە پۆستەکەیدا بەهۆی "سەفەقەیەکی گوماناوییەوە" بووە و دەبێت ڕێز لە دەستوور و مافی پێکهاتەکان بگررێت.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک- گەرمیانی پارتی.
سەبارەت بە قسەكانی ئەو دواییەی پارێزگاری كەركووك لەسەر چارەنووسی كەركووك و ماددەی 140، پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە پێی وابووە كە پێویستە شاری كەركووك ببێتە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و لەپێناو پاراستنی پێكەوەژیان و نەمانی گیروگرفتەكان دەبێ هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ئەم شارە خاوەنی ماف و ئەركی خۆیان بن.
دەستوور و ماددەی 140 نەخشەڕێگەیەكی دروست و سەردەمیانەی بۆ چارەسەركردن و نەهێشتنی گرفتەكان لە پارێزگای كەركووك و شوێنەكانی تری عێراق داناوە. قسەكردنی نابەرپرسیارانەی پارێزگاری كەركووك لەسەر ئەوەی كە ماددەی 140ـی دەستوور نەماوە، بە مانای بێ بەهاكردن و نەمانی دەستوور دێت. خۆشی باش دەزانێت ئەگەر دەستوور نەمێنت مانای ئەوەیە عێراق لە مانای دەوڵەتبوون بەتاڵ دەبێتەوە و نامێنێت. ئەو جۆرە لێدوانانە بە هیچ جۆر خزمەتی بەرژەوەندیی پێكهاتەكان و دانیشتوانی كەركووك ناكات بەڵكو لە ڕاستیدا ئەمە هەوڵێكی نابەجێیە بۆ شكاندنی تەبایی و برایەتی و كاركردنە بۆ فیتنەگێڕی و قووڵكردنەوەی كێشەكان.
ئەوە لە حاڵێكدایە كە هەموو لایەك باش دەزانن بوونی بەڕێز محەمەد سەمعان كەنعان بە پارێزگاری كەركووك لە ئەنجامی سەفەقەیەكی گوماناویی (فندق الرشید) بووە. ئەگەر هەڵبژاردنێكی ئازاد و دیموكراتی و سرووشتی با و ئەو سەفەقەیە نەبا، دۆخەكە بە شێوەیەكی تر دەبوو. بە پێویستی دەزانین پارێزگاری كەركووك و هەموو ئەوانەی بەرپرسیارێتییان لە كەركووك هەیە، ڕێز لە دەستوور و مافی دانیشتوانی كەركووك بگرن و ژیرانە ڕەفتار بكەن. دەبێ هەمووان بۆ تەبایی و پاراستنی بەرژەوەندیی كەركووك و كەركووكییەكان كار بكەین نەك بۆ تێكدان و ئاژاوەگێڕی.
مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان
5ـی ئابی 2026