دکتۆر عرفان عەزیز
لە دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، دوو بنەمای زۆر گرنگ ھەبوون بۆ ئیدارەدانی حکوومەت، یەکەم: بەرنامەی کاری ھاوبەش و ھێڵە گشتییەکان، دووەم: ھەبوونی ئیرادەیەکی بەھێز بۆ جێبەجێکردنی ھەموو بڕگەکانی خاڵی یەکەم، ھیچ حوکمڕانییەکی باش بەبێ پلان و بەرنامەی وردی پێشوەختە سەرکەوتوو نابێت، کابینەی نۆیەم لەسەرووی ئەوەی پێشبینی دەکرا، شۆڕشی چاکسازی لە دامەزراوەکان، پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و دوورخستنەوەی کوردستان لە جەنگی کردە بەھێزترین چەکی ئیدارەدان.
لە پشت ئەم ئیرادە پۆڵایینەی حوکمڕانی و پاراستنی ھەرێمی کوردستاندا، ڕۆڵ و سیاسیەتی دووربینانەی سەرۆک مەسعود بارزانی ئیلھامبەخش و داینەمۆی سەرەکیی تێپەڕاندنی قەیرانەکان بووە. ئەزموونی ڕابردوو سەلماندی کە ھەبوونی حیکمەتی سەرۆک بارزانی لە ئاراستەکردنی سیاسەتی گشتیی ھەرێم، ھەوێنی ڕاگرتنی ھاوسەنگی و بەھێزکردنی باوەڕبەخۆبوونی دامەزراوەکانی حکوومەت بووە تا سەرۆکی حکوومەت بتوانێت بە ورەیەکی بەرزەوە ڕووبەڕووی فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ببێتەوە و کوردستان لە کەناری ئارام بھێڵێتەوە.
چیرۆکێکی نەبڕاوەی دوورودرێژ و تاقەتپڕوکێن ھەبوو، لە ھەموو ھەڵبژاردنێکدا بەناوی ھێزی ئۆپۆزسیۆنەوە دەنگیان پێ کۆدەکردەوە، ئەوەبوو کە کوردستان گرفتی ئاو و کارەبای ھەیە، بەڵام ئیرادەی مەسروور بارزانی کۆتایی بەم چیرۆکە ناخۆش و تاقەتپڕوکێنە ھێنا. کەمیی کارەبای کردە ٢٤ کاتژمێری (کە لە ئاستی وەزارەتی وزەی ئەمەریکا پشتیوانی و پێشوازیی لێ کرا)، ھەروەھا پڕۆژەی ئاوی خێرای بۆ ھەولێر دابین کرد، کە گەورەترین شۆڕشی چاکسازی بوو لە ئیدارەدانی دەوڵەتدا تا بتوانرێت لە کەمتر لە ساڵێکدا شارێکی گەورەی زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی لە کەم ئاوی ڕزگار بکرێت.
دیارترین ڕەھەندە ستراتیژییەکانی سەرکردایەتیی کابینەی نۆیەم، ھەبوونی سەرۆک وەزیرانێکی بەئیرادە بووە کە سەرکەوتنی ھێناوە لەوەی سڵ نەکاتەوە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بە خەڵکی کوردستان، جیا لەوەش، کوردستانی بردووەتە کەناری ئارام و دووریی گرتووە لەوەی ببینە بەشێک لە ئەجێندای جەنگ و شەڕی بەوەکالەت. تێکەڵکردنی ئەم ئەجێندایانە بە ئاراستەی سەقامگیریی کوردستان، بە پاڵپشتیی ڕێنمایی و ھەڵوێستە نیشتمانییەکانی سەرۆک بارزانی، خوڵقێنەری بڕوابەخۆبوونی سەرۆکی حکوومەت بووە لەوەی باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک بکرێت.
ھەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم نێودەوڵەتیی و ھاوتەریبن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیھاندا، تەنیا دەوڵەتە لاواز و خراپئیدارەدراوەکان نەیانتوانیوە پرسی کارەبا چارەسەر بکەن. ئێمە بەو ھەنگاوانەی کابینەی نۆیەم لەو ترسە دەرچووین، تەنانەت ھەوڵ ھەیە لە کوردستانەوە ئەزموونی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق بگوازرێتەوە. ئەم ھەنگاوانەی کابینەی نۆیەم تێڕوانینی تاکی عێراقیشی گۆڕیوە لەوەی بەترسەوە سەیری پێشکەوتنی کوردستان نەکەن، بەڵکو وا وێنای بکەن کە بەھێزکردنی ئابووریی کوردستان و دامەزراوەکانی دەوڵەت، دواجار یەکسانە بە گەشەسەندن و پێشکەوتنی ھەموو عێراق.
ڕێگریی زۆر ھەبوون لەبەردەم کابینەی نۆیەمدا، ھەم ڕێگریی سیاسی و ھاتنی بەڵای گەورەی وەک نەخۆشیی کۆرۆنا، ھەم جەنگی ئێران و ئەمەریکا، پرسی دابەزینی نرخی نەوت و وشکەساڵی، بەڵام ئەوەی لەسەر پێی خۆی ماوەتەوە و بووەتەوە داینەمۆی ھێز بۆ ناوچەکە و خەڵکی کوردستان، ھەبوونی ئیرادەیە. فشارەکان ھەرچەندە بن، دواجار تێدەپەڕێن، بەڵام مێژوو بۆ ئەوانە دەنووسرێتەوە کە سەرکردایەتیی تێپەڕاندنی قەیرانەکان دەکەن.
لە پرسی بەنزیندا بینیمان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چی نیگەرانییەک دروست بوو، بەڵام کاتێک سەرۆکی حکوومەت کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی دەکات و ڕاستییەکان بۆ خەڵک باس دەکات، تێدەگەین کە ئەم ھەموو شەڕفرۆشتنە بە کوردستان لەپای چییە! حکوومەتی عێراق ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ پشتیوانی لە بەنزینی ناوخۆیی عێراق تەرخان دەکات و پارەکەشی لەسەر بودجەی سیادیی عێراق دەدات، لە کاتێکدا ئەو پارەیە پشکی ھەرێمی کوردستانیشی تێدایە و لێمان دەبڕدرێت و بەنزینیش نایەتە کوردستانەوە! ئەمە چ جۆرە ڕەخساندن و ھەلومەرجێکی ئیدارەییە کە ھێشتا بەناوی ئۆپۆزسیۆنی کوردستانەوە پێیان وایە خەتای ئێمەیە.
جگە لەوانە، پرسی ئەمنی لە عێراقدا ئاستەنگیی زۆری بۆ حکوومەتی ھەرێم دروست کردووە و ناکرێت ئەمە بشاردرێتەوە. پەلامارە ئاسایشییەکانی سەر کێڵگەکانی وەکوو (کۆرمۆر) کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر کەمبوونەوەی بەرھەمھێنانی گاز و کارەبا ھەبوو، نەیانتوانیوە ئیرادەی حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی کەرتی کارەبا پەکبخەن. سەرۆکی حکوومەت لێرەدا بە جیھان دەڵێت، پێویستییەکی ھەنووکەییە کە سیستەمی بەرگری لە کوردستان ھەبێت."
لە ڕەھەندی ئاسایشی کوردستانیشەوە، سەرۆکی حکوومەت پەنجەی خستووەتەوە سەر برینەکان و ئاماژەی بە مەترسییەکان دا، بە دیاریکردنی سەرچاوەی درۆنە ئاراستەکراوەکانیش سەلماندی کە پاراستنی سەروەریی ھەرێم و ئاسایشی ھاووڵاتییان لە سەرووی ئەولەویەتەکانەوەیە.