Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 2 AUG 2026 23:17 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ئازار و وانەکانی شنگال
| KDP.info


زکری مووسا

لە سێی مانگی ئەگۆستی ٢٠١٤ داعش پەلاماری دەڤەری شنگالی دا و لە ئەنجامدا تاوانی گەورە لە بەرانبەر ھاووڵاتیانی بێگوناحی ئێزیدی بە تایبەت دانیشتوانی کۆمەڵگەکانی باشووری چیای شنگال لە لایەن تیرۆریستانەوە ئەنجام درا. کارەساتەکەی شنگال درێژەپێدەری ئەو کارەساتانە بوو کە بە درێژایی مێژوو بەسەر گەلی کورددا ھاتبوو.

لە کارەساتی شنگالدا ئێزیدییەکان کەوتنەبەر شمشێری جەھالەت و تیرۆر کە لە وەحشیگەریدا وێنەی لە مێژوودا کەمە. ئەو ڕقە گەورەیەی بەرانبەر ئێزیدییەکان ھەبوو دەگەڕایەوە بۆ کوردبوون و ئایینەکەیان. تاوانەکان نامرۆڤانە و قێزەوەن بوون و وەحشیگەریی داعش و ئایدیۆلۆژیا چڵکەنەکەی زیاتر بۆ ھەموو جیھان دەرکەوت. بە داخەوە لەبەرانبەر ئەو تراژیدیایە بەشێکی ھێزە سیاسییەکانی کورد ئەم کارەساتەیان قۆستەوە بۆ لەکەدارکردنی ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە. لە تۆڵەسەندنەوە و ساڕێژکردنی ئەم برینە قووڵەدا بەشدار نەبوون بەڵکو ویستیان بە لێکدانەوەی سەیر و سەمەرە برینی شنگال قووڵتر بکەن و پارتی دیموکراتی کوردستان کە زەرەرمەندی سەرەکیی شەڕی داعش بوو ھێندەی تر ئازار بدەن.

شنگال فرۆشرا… ڕادەستی داعش کرا… پێشمەرگە ھەڵات… و ھتد. بەشێکیان ھەر نەیاندەزانی شنگال چیەو کەوتووەتە کوێ کەچی ویستیان بەم لێکدانەوانە جەلادی سەرەکی کە داعشە ون بکەن و خەڵک ھۆکارەکانی کەوتنی شنگالیش نەزانن.

شنگال بۆ کەوت؟

بۆ ئەوەی کورد ئەم کارەساتە وەک ئەزموونێک وەربگرێت ئەبێ ھۆکارە ڕاستەقینەکانی وەک خۆی باس بکرێت و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی ھاوشێوە بگیرێت:

یەکەم: گەورەترین ھۆکاری کەوتنی شنگال جیۆگرافیاکەی بوو. شنگال لە خاکی ھەرێمەوە حەفتا ھەتا نەوەد کیلۆمەتر دوورە و وەک دوورگەیەک بە ناوچە عەرەبنشینەکانەوە دەور درابوو. ڕێگە سەرەکییەکانی شنگال (ڕەبیعە شنگال. زومار شنگال. تەلەعفەر شنگال) بەنێو عەرەبەکاندا تێدەپەڕێت. لە کاتی ھاتنی داعش ھەموو ئەو ڕێگە سەرەکیانە لە لایەن ھۆزە عەرەبەکانەوە پچڕێندرا و شنگال ئابلۆقە درا و ھێزەکانی پشتیوانی پێشمەرگە نەیانتوانی بجووڵێن.

دووەم: ھۆزە عەرەبەکان ناپاکیان لە ئێزییدییەکان کرد و ھاوەدەستیان لەگەڵ داعش کرد، ئەگەرچی سەدان ساڵ بوو وەک دراوسێ لەگەڵ یەکتر ژیابوون. ئەوان بە ئێزیدییەکانیان ڕاگەیاندبوو کە ناوچەکانیان چۆڵ نەکەن و گەرەنتیمان لە داعش وەرگرتووە کە ئازاری کەس نەدەن. بۆیە داوایان لە ئێزیدییەکان کردبوو کە بگەڕێنەوە. بەشێک لە ئێزیدییەکان لەسەر چیا گەڕانەوە بەڵام لە ڕاستیدا ھەمان ئەو ھۆزانە لەگەڵ داعشەکان کەوتنە گیانی ئێزیدییەکان و تاوانکاریی گەورەیان ئەنجام دا.

سێیەم: ھێزەکانی پێشمەرگە و زێرەڤانی کە لە ناوچەی شنگالدا جێگیر ببوون زیاتر ھێزی چاودێریی ڕێگەوبان بوون و ھێزێکی گەورەی شەڕکەر نەبوون کە بتوانن لەو جیۆگرافیا پان و بەرینە بەرەی بەرگریی دروست بکەن.

چوارەم: بەھۆی ئابلۆقەی دوازدە ساڵەی بەغدا لەسەر پێشمەرگە، چەکی پێشمەرگە کۆن و لەکارکەوتوو و سووک بوو. لەبەرانبەردا چەکی داعش پێشکەوتوو بوو. داعش پێشکەوتووترین چەکی ئەمەریکایی و ڕووسی بە قەبارەیەکی یەکجار گەورە لەبەردەستدا بوو.

پارسەنگی چەک و جیۆگرافیا و شەڕی دەروونی لە قازانجی داعش بوو و شنگال لاوازترین خاڵی کوردستان بوو و تیرۆریستان توانیان ئەو کارەساتە بخوڵقێنن، ئەگەرچی پێشمەرگە توانی لە چیای شنگال بەرگریی قارەمانانە بکات و سەدان ھەزار خەڵک بپارێزێت و بۆ ماوەی چوار مانگیش ڕێگەی نەدا داعش چیای شنگال بگرێت. لە ڕاستیدا کارەساتەکەی شنگال دوای ئەوە ڕوویدا کە ژمارەیەک لە ئێزیدییەکان بەھۆی بەڵێنی ھەندێ سەرۆک ھۆزی عەرەب لەسەر چیای شنگال ھاتنە خوارێ و بۆ کۆمەڵگەکانی باشووری شنگال گەڕانەوە. بەڵام داعش بەڵێنەکانی بنپێ خست و لە کۆجۆ تاوانی زۆر گەورەی لە بەرانبەر ئێزیدییەکان ئەنجام دا.

شنگال وانەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانییە بۆ پاراستنی ھەرچی زیاتری کوردستان و دیتێکی ستراتیژییانە بۆ داھاتوو. ھەرچی خوێندنەوە و لێکدانەوەی حزبیانە بۆ کارەساتی شنگال ھەیە تۆسقاڵێک بەھای زانسیتی و سیاسی و نەتەوەیی نییە و خزمەتی بەرژەوەندیی نیشتیمانیی گەلی کوردستان ناکات و تەنیا موزایەداتە. وانەکانی مێژوو و جیۆگرافیا و ستراتیژ و ھێز کوردستان لە دوژمن دەپارێزێت نەک موزایەدات و ململانێی حزبی.

بۆ ئازادکردنی شنگال و چیای شنگال لە دەستی داعش ھێزی پێشمەرگەی کوردستان پێنج سەد شەھیدی دا. ھەتا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی خۆی ڕێک نەخستەوە و حەوزی زوومار ڕەبیعە و چیای شنگالی ئازاد نەکرد ھیچ ھێزێکی تر ئەو جورئەتەی نەبوو لە شنگال نزیک ببێتەوە. لە ٢٠ی ١٢ی ٢٠١٤ پێشمەرگە چیای شنگالی لە ئابڵۆقەی داعش ڕزگار کرد و لە ١٣ی ١١ی ٢٠١٥ـدا پێشمەرگە شاری شنگالی لە دەستی داعش دەرھێنا. سەرباری ئەوە لەدوای ئازادکردنی شنگال ھەندێ لایەن کاریان بۆ ئەوە کرد بەشێکی ئێزیدییەکان بێنە ناو ڕیزەکانی حەشد بۆ ئەوەی دووبەرەکی لەنێوان ئێزیدییەکان دروست ببێ. بوونی پەکەکەش لەوێ ھێندەی تر لێکترازانی لە ناو ڕیزی ئێزیدییەکان قووڵتر کرد.

پاش ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر لەسەر داوای کەسایەتی و ڕیشسپیانی شنگال ھێزی پێشمەرگە لە شنگال پاشەکشەی کرد بۆ ئەوەی شەڕ لەنێوان ئەو ئێزیدیانە ڕوو نەدات کە بەشێکیان پێشمەرگە بوون و بەشێکیان حەشد. بۆیە، ڕێککەوتن کرا کە ئێزیدییەکان خۆیان ئیدارەی ناوچەکانیان بکەن. ئەمە ڕێککەوتنێکی باش بوو بۆ ئەوەی چیتر کارەسات و شەڕ بەسەر ئێزیدییەکاندا نەھێندرێت. بەڵام ئەو ڕێککەوتنەیش جێبەجێ نەکرا و ئێستا شنگال لەدەست شنگالییەکان نییە و لە دەستی خەڵکی ترە. داعش شنگالی کۆمەڵکوژ کرد، بەڵام خەڵکی تر و ھێزە ھەرێمایەتییەکان ھەر بەردەوامن لە ئازاردانی شنگال. برینی شنگال بەوە سارێژ دەبێ ھێزە ھەلپەرستەکان واز لە شنگال و شنگالییەکان بێنن و شنگال بدەنەوە خەڵکی شنگال.

نزیکەی دوازدە ساڵە بەسەر کارەساتی شنگالدا تێدەپەڕێ بەڵام ھێشتا ئازاری شنگال ھەر بەردەوامە. ھێشتا سەدان ھەزار کوردی ئێزیدی دوور لە زێدی بابوباپیرانیان لە کەمپەکاندا دەژیێن و سەرزەمینی خۆشیان لە لایەن چەکدار و میلیشیاکانەوە داگیر کراوە و، شنگال بووەتە خاڵی ستراتیژیی بۆ نەیار و داگیرکارانی کوردستان. زۆرجار قسە لەسەر ئاساییبوونەوەی شنگال دەکرێت. لە ڕاستیدا ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال واتە:

یەک: ھێزە نامۆ و ناڕەسەنەکان واز لە خەڵکی شنگال بێنن و لەو دەڤەرەدا نەمێنن.

دوو: خەڵکی شنگال و ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵ و ژیانی خۆیان.

سێ: شنگالییەکان خۆیان بتوانن ئیدارەی ژیان و چارەنووسی خۆیان بدەن.




دوایین هەواڵەکان

قەڵادزێ.. خولی ڕۆشنبیری ١٦ی ئاب کۆتایی پێهات

SUNDAY, 02 AUGUST 2026 20:08:00

قەڵادزێ-KDP.info- لقی ١١ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قەڵادزێ خولی ڕۆشنبیری ١٦ی ئابی کۆتایی پێهێنا کە لەلایەن بەشی پێگەیاندن و ڕاگەیاندنی لقەوە بۆ کادرانی ناوچەکە ڕێکیخستبوو.

 
دووه‌م گه‌وره‌ترین نافووره‌ له‌ ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌زاخۆ دروست ده‌كرێت

SUNDAY, 02 AUGUST 2026 17:08:04

زاخۆ-KDP.info- به‌ڕێوەبه‌ری گشتی گه‌شتوگوزاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ گوتی "له‌ چوارچێوه‌ی گرنگیدانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ كه‌رتی گه‌شتیاری، ئاماده‌كاری بۆ قۆناغی سێیه‌می كۆڕنیشی زاخۆ دەکرێت و دووه‌م گه‌وره‌ترین نافوره‌ش له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ست به‌ دروستكردنی ده‌كرێت.

 

تایبەت KDP. info..کەی گرێبه‌سته‌كانی هه‌رێمی كوردستان دەبنە ھەمیشەیی ؟

SUNDAY, 02 AUGUST 2026 15:08:07

به‌غدا-KDP. info- ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق گوتی "به‌فه‌رمی داوامان كردووه‌ گرێبه‌سته‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكرێنه‌ هه‌میشه‌یی، كاری جدی ده‌كه‌ین له‌ بودجه‌ی 2027 گرێبه‌سته‌كان بكرێنه‌ هه‌میشه‌یی."

 
کۆمیسیۆن بۆ KDP.info: پرۆسەکە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی تر ناگرێتەوە

SUNDAY, 02 AUGUST 2026 12:08:55

دهۆک-KDP.info- کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەرگای گواستنەوەی بنکەکانی دەنگدانی لە ناوخۆی پارێزگاکاندا بۆ دەنگدەران کردەوە. لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەری لقی دهۆکی کۆمیسیۆن ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەکە تەنیا لە سنووری یەک پارێزگادایە و ڕێگە بە گواستنەوە لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی تر دراوە.

 
بەرگریی شارستانی بۆ KDP.info: مۆڵه‌ت به‌هیچ شوێنێك نادرێت تا سه‌دا سه‌د مه‌رجه‌كان به‌جێنه‌كات

SUNDAY, 02 AUGUST 2026 11:08:03

هەولێر-KDP.info- وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە مانگی تەمووزدا ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە زیادیان کردووە، ئاشکراشی دەکات کە مەرج و ڕێنماییەکانی خۆپاراستنیان بۆ شوێنە بازرگانییەکان زۆر توند کردووە و سزا بۆ ئەوانەش دادەنرێت کە دەبنە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە پوش و پاواندا.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact