هەولێر-KDP.info- پڕۆژە ژینگەیی و ستراتیجییەکەی ڕیسایکلینی ئاوی قورسی هەولێر پێی نایە قۆناغی دووەم. لەوبارەیەوە، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم دەڵێت، قۆناغی دووەمی ڕیسایکلینی ئاوی قورسی هەولێر لە گەڕەکی عەرەبکەند، توانای چارەسەری ئاوی گەیاندووەتەوە زیاتر لە ٢٦٢ هەزار مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا، کە لەسەر ڕووبەڕی ٦٠ دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت. هاوکات هەلی کاریشی بۆ ٢ هەزار کارمەند ڕەخساندووە."
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم، لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، "کارکردن لەسەر قۆناغی دووەمی پڕۆژەی چارەسەری ئاوی قورسی هەولێر لە گەڕەکی عەرەبکەند بە هەمان تەکنەلۆجیای قۆناغی یەکەم، واتە Activated Sludge، بەردەوامە." ناوبراو دەشڵێت، " لە ماوەی یەک مانگی دەستپێکردنی قۆناغی دووەم، ١٠٪ پڕۆژەکە جێبەجێکراوە و پێشبینی دەکرێت قۆناغی دووەم لە کۆتای مانگی ئاداری ٢٠٢٨ کۆتایی پێبێت."
هاوکات ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی ئاستی توانای چارەسەری ئاو دا لە قۆناغی دووەم و دەڵێت، "دوای تەواوبوونی ئەم قۆناغە، توانای چارەسەری ئاوی قورسی هەولێر بۆ ٢١٠ هەزار مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا بەرز دەبێتەوە. ئەمەش لەگەڵ توانای قۆناغی یەکەم، کۆی گشتی توانای چارەسەری ئاوی قورسی پایتەخت دەگەیەنێت بە ٢٦٢ هەزار و ٥٠٠ مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا."
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم، لە بەشێکی تری لێدوانەکەی تیشکی خستەسەر گرنگی پڕۆژەکە لەڕووی ڕەخساندنی هەلی کار و گوتی، "قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە، دەرفەتی کاری بۆ نزیکەی ٢ هەزار کارمەند دابین کردووە."
وێستگەی ڕیسایکلینی ئاوی قورسی هەولێر، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجی و هەنووکەییەکانی کابینەی نۆیەم، کە ئامانج لێی چارەسەر و خاوێنکردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆکانی هەولێرە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی بە مەبەستی ئاودێری و کشتوکاڵ و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی. وێستگەکە بە تەکنەلۆجیایەک کاری پێدەکرێت کە تەنیا لە وڵاتی ژاپۆن هەیە و ئێستا لە قۆناغی دووەمیەتی.
ئەژین غەفار