ھەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی عێراق لە یادی ٤٣ ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەکان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە و تێیدا سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانی و تەواوی گەلی کورد دەکات.
عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ ھەینی پەیامەکەی بە زمانی کوردی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاوکردۆتەوە و تێیدا نووسیویەتی، "لە ٤٣یەمین ساڵیادی تاوانی ڕژێمی بەعس دژ بە بزووتنەوەی نیشتمانیی کورد و جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، لە بیرەوەریی گەلی عێراقمان بەگشتی و گەلی کوردمان بەتایبەتی تێدەپەڕێت".
ھەروەھا نووسیویەتی، "ئەم تاوانە، کە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک سەرکوتکاری و ھەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامە، بڵاوکردنەوەی ترس و دروستکردنی گۆڕی بەکۆمەڵ ئەنجامدرا، لە کۆتاییدا شکستی ھێنا لە شکاندنی ئیرادەی گەلی عێراق کە ھەمیشە ستەم و دیکتاتۆریەتی ڕەت کردووەتەوە".
عەلی فالح زەیدی ئاماژەی بەوەشداوە، "لەم یادە ئازاربەخشەدا، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی گەلی کوردمان و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەتایبەتی بەڕێز مەسعود بارزانی دەکەین".
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت، "پێزانینی بەرزمان ھەیە بۆ ئەو قوربانیدانە مەزنەی کە لەگەڵ قوربانیدانی تەواوی عێراقییەکان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە، بەشدار بوو لە ھەڵھاتنی خۆری ئازادی و دامەزراندنی سیستەمی دیموکراتیی فیدراڵیمان؛ ئەو سیستمەی ھەمووان لە سایەیدا مافە دەستوورییەکان و شکۆ و ڕێزیان بەدەست ھێنا".
لە کۆتاییدا عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامبوون لە کاری نیشتمانیی دڵسۆزانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەموو ئاستەنگەکان، لەپێناو عێراقێکی بەھێز و ئازاد و خاوەن سەروەریی تەواو.