زاگرۆس فەتاح
ئەمڕۆ (٤٣) ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر یەکێک لە تاوانە گەورەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و نەتەوەی کورد، کە ئەویش ئەنفالکردنی ھەشت ھەزار بارزانی بوو.
ئەنفالکردنی بارزانییەکان، لە تۆڵەی ھەستانەوەی شۆڕش، دەستپێکردنەوەی خەباتی شۆڕشگێڕانە و ڕەنجبەخەسارکردنی پیلانی شوومی جەزائیر بوو بە سەرۆکایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی و کاک ئیدریسی ھەمیشە لەیاد و بە ڕێنوێنیی بارزانیی نەمر.
ئەم تاوانە گەورەیە سەرەتای زنجیرەیەک تاوانی مرۆیی گەورە بوو کە بریتی بوو لە کیمیابارانی ھەڵەبجە و شوێنەکانی دیکە و قۆناغە یەک لە دوای یەکەکانی ئەنفال، کە سەدان ھەزار منداڵ، ئافرەت، پیر و ھاووڵاتیی سڤیل تێیدا بوونە قوربانی و ھەزاران گوند، شارۆچکە و شار وێران کران.
لەم بۆنەیەدا بە ڕێز و وەفادارییەوە یادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان دەکەینەوە و ھاوسۆزیی خۆمان بۆ خێزان و خانەوادە بەڕێزەکانیان دووپات دەکەینەوە.
خوێنی پاک و پیرۆزی ئەوان بەشێکە لە ڕووباری دوورو درێژی خوێنی پاک و پیرۆزی سەدان ھەزار کورد کە مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستانیان نەخشاندووە لە پێناو ئازادی، سەربەستی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤی ئەم نیشتمانە.
ئەنفال و جینۆساید بە تەنیا لاپەڕەیەکی ڕابردوو نییە و تێپەڕیبێت، بەڵکو مەترسی و ئەگەرێکە ڕەنگە لە داھاتووشدا بە چەندین شێواز دووبارە ببێتەوە، بۆیە پێویستە ھەمیشە ھۆشیار و چاوکراوە بین، یەکێتی و یەکڕیزیی خۆمان بپارێزین و ڕێگە نەدەین لە ژێر ھیچ پاساو و بیانویەکدا زیان بە ئەزموونەکەمان و ئەم ئازادییە بگات کە بنیاتمان ناوە. بە توندیش ڕووبەڕووی ھەر ھەوڵێک ببینەوە کە دەدرێت بۆ لاوازکردنی ھەرێمەکەمان، جا ھەوڵەکان لە دەرەوە بن یان دەستکێش و بەکرێگیراوانی ناوخۆ بن.
نەمری و سەربەرزیی بۆ شەھیدانی جینۆسایدی بارزانییەکان.
دروود بۆ گیانی پاکی ھەموو شەھیدانی کوردستان.