ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی گواستنەوەی بەشەخۆراک لە نێوان شار، پارێزگا و بریکارەکاندا بە شێوازی ئەلیکترۆنی دەستی پێکردووە و ھاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە مامەڵەکان ئەنجام بدەن. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیش ئاشکرای دەکات، پرۆسەی گواستنەوەکە دانیشتووانی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ ناگرێتەوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "گواستنەوەی بەشەخۆراک لە بریکارێکەوە بۆ بریکارێکی تر و لە نێوان شار و پارێزگاکاندا بەفەرمی دەستی پێکردووە. ئێستا ھەموو خزمەتگوزارییەکانی پسوولەی خۆراک کاران و ھاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە بەبێ سەردانیکردنی فەرمانگەکانمان، مامەڵەکانیان جێبەجێ بکەن."
سەبارەت بە دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ڕوونی کردەوە، "گواستنەوەی بەشەخۆراک بۆ دانیشتووانی سنووری ماددەی ١٤٠ پێویستی بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ھەیە و پرۆسەکە ئاسان نییە، بۆیە لە ئێستادا ئەو ھاووڵاتییانە ناگرێتەوە و گواستنەوەیان لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی تر بۆ ئەنجام نادرێت."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، نەوزاد شێخ کامیل جەختی لە بەرەوپێشچوونی کوالێتیی ماددەکان کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە گلەیییەکانی ھاووڵاتییان بە بەرچاوی کەم بڕاونەتەوە. گوتیشی، "لە ساڵی ٢٠٢٦دا تاوەکو ئێستا چوار سەبەتەی خۆراک دابەش کراوە، کە بۆ ھەر ھاووڵاتییەک پێکھاتووە لە: ٣ کیلۆ برنج، ١ کیلۆ شەکر، ٤٠٠ گرام دۆشاوی تەماتە، ١ لیتر ڕۆن، و نیو کیلۆ نیسک، لەگەڵ دابەشکردنی ٥ بەشە ئارد کە بۆ ھەر مانگێک ٩ کیلۆگرامە."
عەزیز ڕەسووڵ