ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی مەڵبەندی ٣ی ھەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد و، لە دیدارەکەدا، ڕووداو و پێشھاتەکانی ناوچەکە بەگشتی و پەیوەندییەکان تاوتوێ کران.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٦ی تەموزی ٢٠٢٦، دکتۆر پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی ھەڤاڵانی یاریدەدەر و بەرپرسی بەشەکانی مەکتەبی ڕێکخستن، پێشوازیی کرد لە بەڕێز ڕێباز بێرکۆتی، لێپرسراوی مەڵبەندی ٣ی ھەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاندێکی یاوەری.
لە میانەی دیدارەکەدا، ڕووداو و پێشھاتەکانی ناوچەکە بەگشتی و پەیوەندییەکان تاوتوێ کران. دواتر جەخت لە گرنگیی کاری پێکەوەیی، یەکڕیزی و تەبایی لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتییدا کرایەوە، وێڕای دەربڕینی گەشبینی و بەرزنرخاندنی ھەوڵەکان لەپێناو تێپەڕاندنی چەقبەستوویی پرۆسە سیاسییەکان.
