دۆسڵدۆرف-KDP.info- ئەمڕۆ شەممە (٢٥ی تەممووزی ٢٠٢٦)، لە شاری دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا، یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان لە دیاسپۆرا لەژێر ناوی بلیمەتی کورد (هەژار موکریانی) بەڕێوە دەچێت.
ئەم کۆنگرەیە لەژێر چاودێریی سەرۆک بارزانی و بە ئامادەبوونی شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی ڕێکخراوە. ئامانجی سەرەکی کۆکردنەوەی قەڵەمەکانی تاراوگە، پاراستنی وێژەی کوردی و یەکخستنی نووسەرانی هەرچوار پارچەی کوردستان و سۆڤێتی پێشووە لەژێر یەک چەتری سەربەخۆ و نیشتمانیدا.
سەبارەت بە مێژووی دامەزراندنی فیدراسیۆنەکە، هەرمن ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی گوتی، ''دوای زنجیرەیەک دانیشتن، ڕێککەوتی ٢٦ی ١٢ی ٢٠٢٣ مانفێستی فیدراسیۆنەکەمان لە ئەڵمانیا ڕاگەیاند. ئامانجمان ئەوە بوو توانا و بەرهەمەکانی قەڵەمی کوردی لە دەرەوە فەرامۆش نەبن و ببنە لۆبییەکی بەهێز بۆ داکۆکیکردن لە فەرهەنگی نەتەوەکەمان.
هەرمن ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد کە دەستەی دامەزرێنەر توانیویانە ناوەندەکانی ئەورووپا، ئەمەریکا، کەنەدا، ئاسیا، ڕووسیا و وڵاتانی عەرەبی پێکبهێنن و دوای کۆنگرەش ناوەندی ئوسترالیا ڕادەگەیەنن.
لە کۆتاییدا ناوبراو ڕوونی کردەوە، ''لە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٤دا ماڵپەڕی فەرمیی (دیاسپۆرا)مان بە هەردوو شێوەزاری کرمانجیی سەروو و ناوەند خستە کار کە ئێستا سەکۆی سەدان نووسەرە، لە داهاتوودا زمانە جیهانییەکانیشی بۆ زیاد دەکەین و گۆڤار و کتێب بۆ نووسەرانی تاراوگە چاپ دەکەین.