Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 24 JUL 2026 21:52 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان هێزی گۆڕانکاری و بڕیاردانی سەردەم
| KDP.info


هێشو دارا

لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، ئافرەتی کورد گەیشتووە بە ئاستێکی نوێ لە ئامادەبوون و بەشداری لە ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ڕۆشنبیری. ئەم گۆڕانکارییانە بە شێوەیەکی سروشتی ڕوویان نەداوە، بەڵکوو بەرهەمی خەباتی درێژخایەن و هەوڵی دامەزراوە و ڕێکخراوە نیشتمانییەکانن، کە لە پێشەوەیاندا یەکێتی ئافرەتانی کوردستان وەک دەنگی ئافرەت و پارێزەری مافەکانی ئافرەت ڕۆڵێکی دیار و کاریگەر گێڕاوە.

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە ماوەی کار و چالاکییەکانی خۆیدا، تەنها لە سنووری بەرگری لە مافەکانی ئافرەت نەماوەتەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی پراکتیکی هەوڵی بۆ بەهێزکردنی کەسایەتی ئافرەت، زیادکردنی هۆشیاری یاسایی و کۆمەڵایەتی، و ئامادەکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ بەشدارییەکی فراوانتر لە هەموو بوارەکان داوە لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی کۆڕ، سیمینار و خولە هۆشیاری‌بەخشەکان لە سەرجەم پارێزگا و ناوچەکانی کوردستان، بەردەوام کار دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و پێگەیاندنی ئافرەتان. ئەم چالاکیانە، کە جەخت لەسەر ماف، ڕۆڵ و بەشداریی ئافرەت لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکەنەوە، بەشێکی گرنگن لە پرۆسەی بنیادنان و پێشکەوتنی کۆمەڵگایەکی دیموکرات و پێشکەوتوو. بێگومان، توانابەخشینی ئافرەتان بناغەیەکی سەرەکییە بۆ داهاتوویەکی باشتر و بەهێزتر بۆ کوردستان ئەم ڕێکخراوە باوەڕی وایە کە گەشەپێدانی کۆمەڵگە بەبێ گەشەپێدانی ئافرەت ئەستەمە، و هەر بۆیە هەمیشە لە پێشەوەی بانگەشە بۆ دادپەروەری و یەکسانی و پاراستنی کرامەتی مرۆڤایەتی وەستاوە.

ئەمڕۆ ئەو گۆڕانکارییانەی لە هەرێمی کوردستان دەبینرێن، وەک فراوانبوونی دەرفەتی خوێندن، زیادبوونی بەشداری ئافرەتان لە دامەزراوە حکوومییەکان، هەبوونی ژمارەیەکی زیاتر لە ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان، هەروەها هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، هەموویان بەشێکن لە ئەنجامی ئەو هەوڵ و خەباتانەی کە ساڵانێکە بەردەوام بوون.

هێزی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لەوەدایە کە هەمیشە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم هاوئاهەنگ بووە و پشتیوانی لە دروستکردنی نەوەیەکی هۆشیار، باوەڕبەخۆ و بەڕێوەبەری داوە. هەروەها هانی ئافرەتانی داوە کە خۆیان بەشداری لە دروستکردنی داهاتووی کوردستان بکەن، نەک تەنها وەک بینەر، بەڵکوو وەک بڕیاردەر و سەرکردە.

ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ باس لە ئافرەتی بەهێز، فێربوو، سەربەخۆ و کاریگەر دەکەین، ئەوا پێویستە دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە پاش هەر سەرکەوتنێک، خەباتێکی زۆر، قوربانی و ماندووبوونی زۆر هەبووە. یەکێتی ئافرەتانی کوردستان یەکێکە لەو هێزانەی کە بە بەردەوامی ئەم بارودۆخەی گۆڕیوە و ڕێگەی بۆ ئافرەتانی کورد خۆش کردووە.

لە کۆتاییدا، پاراستنی ئەو دەستکەوتانە و درێژەپێدانی ئەو گۆڕانکارییانە پێویستی بە هاوکاری هەموو لایەک هەیە. چونکە ئافرەتی بەهێز، بناغەی خێزانێکی بەهێزە، و خێزانێکی بەهێزیش بناغەی نەتەوەیەکی سەربەرز و کوردستانێکی پێشکەوتووە.




دوایین هەواڵەکان

دژەتیرۆری کوردستان: درۆنەکان لە ڕۆژئاوای پارێزگای هەولێرەوە ئاراستە کرابوون

FRIDAY, 24 JULY 2026 13:07:34

هەولێر-KDP.info- دژەتیرۆری کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو درۆنانەی لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندران هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە.

 
نەقیب ئەرکان بیبانی بۆ KDP.info: توانیومانه‌ تۆمه‌تباران له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش ده‌ستگیر بكه‌ین

FRIDAY, 24 JULY 2026 12:07:06

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هەماهەنگییەکی بەهێز لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، تاوەکوو ئێستاش چەندین ئەندامی تۆڕە نێودەوڵەتییەکان لە پارێزگاکانی عێراق و دەرەوەی وڵات دەستگیر کراون و ڕادەستی دادگا کراون.

 
لە KDP.infoوە وادەی کۆتاییهاتنی ناوتۆمارکردنی هاووڵاتییان بۆ فەریزەی حەج بزانە

THURSDAY, 23 JULY 2026 22:07:46

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی ناوتۆمارکردنی هاووڵاتییانی بۆ فەریزەی حەج دیاری کرد و جەخت دەکاتەوە کە پرۆسەکە بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتوو بەڕێوە دەچێت.

 
هێمن هەورامی لە ئاکرێ ستایشی وەفاداریی جەماوەری ئاکرێی بۆ پارتی کرد

THURSDAY, 23 JULY 2026 21:07:31

ئاکرێ-KDP.info- لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کار و پلان و بەرنامەکانی بەشی ڕێکخستنی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کاروباری ڕێکخستن و کاری ئۆرگانەکان، د. هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستن سەردانی لقی ٩ی ئاکرێی کرد و لەگەڵ کادیران و ئۆرگانەکانی سنوورەکە کۆبووەوە.

 
چەند پەیامێکی هاوخەمی لە بارەگای بارزانییەوە

THURSDAY, 23 JULY 2026 19:07:16

ھەولێر-KDP. info-  بارەگای بارزانی چەند پەیامێکی ھاوخەمی راگەیاند.



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact