Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 22 JUL 2026 22:46 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی گرنگی لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییان دەرکرد
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی وەزارەتی کارەبای پەسەند کرد تایبەت بە ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتییان لە گەڕانەوەی قەرزی کەڵەکەبووی پارەی کارەبا، ئەویش لە ڕێگەی داشکاندنی بەشێک لە قەرزە کەڵەکەبووەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٦، بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ژمارەیەک بابەتی گرنگی پەیوەست بە دۆخی ئاسایش، خزمەتگوزاری و کاروباری پەیوەست بە ئەرکی گشتی تاووتوێ کرد.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران بە توندترین شێوە ھێرشەکانی سەر ھەرێمی کوردستانی سەرکۆنە و شەرمەزار کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم جۆرە ھێرشانە ئامانجی تێکدانی نەک تەنیا سەقامگیری و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، بەڵکوو ھەوڵێکە بۆ تێکدانی ئارامیی ناوچەکە. ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە ھەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لە شەڕ و گرژییەکانی ناوچە و ھەمیشە ھەوڵی داوە وەک فاکتەرێکی ئاشتی، ئارامی و سەقامگیری بمێنێتەوە، بۆیە داوای کۆتاییھاتنی ئەو ھێرشانەی کرد.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ناوخۆ پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی جێبەجێکردنی بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد تایبەت بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی ھاتوچۆ.

پاش گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی پەسەند کرد بۆ لێخۆشبوون لە ڕێژەی ٢٠٪ ی سزاکانی ھاتوچۆ لە ١ی تەممووزی ٢٠٢٦ تا ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦، ئەمەش بەمەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ھاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆ پاکتاوکردنی ئەو بڕە پارانەی لە ئەستۆیانە.

پاشان وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت ڕاپۆرتێکی تەواوی سەبارەت بە بارودۆخی سووتەمەنی لە ھەرێمی کوردستان خستەڕوو، ئاماژەی دا بە ھەنگاوەکانی وەزارەتیان بەمەبەستی دابەزینی نرخی بەنزین لە بازاڕەکانی ھەرێم و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر ھاووڵاتییان.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد، کە ھەموو ڕێکار و ھەنگاوێکی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و ئاسانکاریی پێویست لەم ڕووەوە پێشکەش بکەن بۆ دابینکردنی بڕێکی زیاتر لە سووتەمەنی و ڕێگرتن لە ھەر ڕێکارێک کە ببێتە ھۆی بارگرانی لەسەر ھاووڵاتییان.

ئەنجومەنی وەزیران ھەروەھا لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپارد چاودێریی وردی بازاڕ و بەنزینخانەکان بکەن بۆ پابەندبوون بە نرخە دیاریکراوەکان لەلایەن وەزارەت و پاراستنی کوالیتیی بەنزین بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییان لەبەرچاو بگیرێت.

دواتر وەزیری کارەبا ڕاپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی کارەبا خستەڕوو، چەند پێشنیارێکی بۆ سوودی بەشداربووانی تۆڕی کارەبای نیشتیمانی پێشکەش کرد.

ئەنجومەنی وەزیران، لە دوای گفتوگۆ، پێشنیارەکانی وەزارەتی کارەبای پەسەند کرد تایبەت بە ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتییان لە گەڕانەوەی قەرزی کەڵەکەبووی پارەی کارەبا، ئەویش لە ڕێگەی داشکاندنی بەشێک لە قەرزە کەڵەکەبووەکان.

بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران، ڕێژەی ٥٠% داشکاندن بۆ قەرزی کەڵەکەبووی ھاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی دەکرێت، ھەروەھا ڕێژەی ٢٥% داشکاندن بۆ قەرزی ھاوبەشانی بوارەکانی پیشەسازی، بازرگانی و کەرتی گشتی دەدرێت، بەمەبەستی ھاندانی ھاوبەشان بۆ پاککردنەوەی قەرزە کۆنەکان و خستنەوەگەڕی ئەم داھاتە لە خزمەتی کەرتی کارەبا و بەردەوامبوونی ھەوڵەکانی حکومەتی ھەرێم بۆ دابینکردنی پڕۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە سەرانسەری ھەرێم.

ئەنجومەنی وەزیران لە ھەمانکاتدا، وەزارەتی کارەبا و تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ڕووناکی ڕاسپارد، لە ماوەیەکی نزیکدا، ڕێنمایی و میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بڵاوبکەنەوە، لەوانە ڕێکەوتی دەستپێکردنی داشکاندنەکە و شێوازی پارەدان و چۆنییەتیی دەستڕاگەیشتن بەم داشکاندنە و ئەو ھاوبەشانەی کە داشکاندنەکە دەیانگرێتەوە.

لە ھەمانکاتدا، جەخت لەوەش کرایەوە کە ئەم داشکاندنانە، تەنیا قەرزە کۆنەکانی پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی دەگرێتەوە نەک پارەی مانگانەی پڕۆژەی ڕووناکی، بۆیە پێویستە ھەموو ھاوبەشانی کارەبا بەردەوام بن لە پێدانی پارەی مانگانەی خزمەتگوزارییەکە لە کاتی خۆیدا تاوەکوو پڕۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بەردەوام بێت.

لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، چەند ڕاسپاردەیەکی تایبەتی سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی بێمووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان پێشکەش کرد.

پاش گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران ئەو ڕاسپاردانەی پەسەند کرد، بەمەبەستی یەکخستن و نوێکردنەوەی ڕێکارەکانی پەیوەندیدار بە مۆڵەتی بێمووچە لەگەڵ پێداویستییە یاساییەکان، بە تایبەتی یاسای نوێی بەرکاری خانەنشینیی یەکگرتوو و یاسا پەیوەندیدارەکانی دیکەی وەزیفەی گشتی، بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجومەنی گشتیی ڕاژەی ڕاسپارد، لە بەر ڕۆشناییی ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران، ڕێنماییی پێویست لەمبارەوە دەربکەن.




دوایین هەواڵەکان

چەند پەیامێکی هاوخەمی لە بارەگای بارزانییەوە

WEDNESDAY, 22 JULY 2026 19:07:15

ھەولێر-KDP. info- بارەگای بارزانی چەند پەیامێکی ھاوخەمی راگەیاند..

نزیكه‌ی 110هه‌زار ته‌ن به‌رهه‌می كشتوكاڵی دهۆک ڕه‌وانه‌ی عێراق كراوه‌

WEDNESDAY, 22 JULY 2026 18:07:19

به‌غدا-KDP. info- به‌ڕێوەبه‌ری كشتوكاڵی دهۆك گوتی "له‌ چوارچێوه‌ی گرنگیدانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ، ئه‌مساڵ نزیكه‌ی 110هه‌زار ته‌ن به‌رهه‌می كشتوكاڵی ڕه‌وانه‌ی عێراق كراوە، ئاماده‌كاری ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ندین به‌رهه‌م ڕه‌وانه‌ی وڵاتانیش بكرێن." 

گوتەبێژی حکوومەت بۆ KDP.info: باسی وردەکاریی لێخۆشبوونی قەرزی کارەبا دەکات

WEDNESDAY, 22 JULY 2026 16:07:52

​هەولێر-KDP.info: گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا بە لێخۆشبوون بۆ قەرزی کارەبا و، لە ماوەیەکی نزیکدا ڕێنمایی بۆ دەردەکرێت؛ هاوڵاتییان دەتوانن لە ماوەی یەک مانگدا قەرزەکە لە ڕێگەی ( ئی‌پسووڵە)وە بدەنەوە.

 
ھێمن ھەورامی: پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ئامادەیە

WEDNESDAY, 22 JULY 2026 16:07:00

​ھەولێر-KDP.info- ھێمن ھەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، کارانەبوونی پەرلەمانی کوردستان دوای نزیکەی دوو ساڵ لە ھەڵبژاردن ھیچ پاساوێکی سیاسی و یاسایی ھەڵناگرێت، و ئاماژەی بەوەش کرد کە پارتی ھەمیشە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان.

 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پلەی ژمارەیەک ئەفسەری بەرز کردەوە

WEDNESDAY, 22 JULY 2026 15:07:38

ھەولێر-KDP. info-  سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی هەرێمی بۆ بەرزکردنەوەی پلەی 729 پلەداری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ واژۆ کرد.

 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact