ھەولێر-KDP.info- ھێمن ھەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، کارانەبوونی پەرلەمانی کوردستان دوای نزیکەی دوو ساڵ لە ھەڵبژاردن ھیچ پاساوێکی سیاسی و یاسایی ھەڵناگرێت، و ئاماژەی بەوەش کرد کە پارتی ھەمیشە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان.
لە دیدارێکدا لەگەڵ ماکسیم ڕوبن، کۆنسوڵی گشتیی ڕووسیای فیدراڵ لە ھەرێمی کوردستان، د. ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی، تیشکی خستە سەر کۆتا ھاوکێشە و پێشھاتە ناوخۆیی، عێراقی و ھەرێمایەتییەکان.
د. ھێمن ھەورامی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ھێز و لایەنانەی کورسیی پەرلەمانیان ھەیە و ڕێگرن یان ئامادە نین پەرلەمان کارا بێتەوە، بەرپرسیارێتیی یاسایی، سیاسی و مێژوویی لە ئەستۆ دەگرن.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، "وەک پارتی دیموکراتی کوردستان کە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانە، ئەوەی لە ئەستۆمان بووبێت لە گفتوگۆی نزیکەی ۲۰ مانگی ڕابردوو، نەرمیی نواندن، ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی سیاسی، ئاڵوگۆڕی پەیام، سەردان و دیالۆگ ئەنجاممان داوە. لە ڕابردوودا و ئێستاش ئامادەین بۆ بەشداری لە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا.
