Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 22 JUL 2026 22:46 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

خواکوڕک: بۆ ئەوانەی لە خەباتدا بەدوای وانەیەکدا دەگەڕێن!
| KDP.info


فازڵ میرانی

پێم وایە بۆنی بارووت، شوێنەواری ساچمە، دەنگی فیشەک و تەقینەوەکان جەستەمان جێناھێڵن و لە ڕاستگۆیی و دڵنیایی دروستیی ئامانجەکەمان کەم ناکەنەوە، ھەرگیز لە یادەوەریماندا دەرناچن.

ساڵانێک تێپەڕیون لەو کاتەوەی، کە ئێمە بە سەرکردایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، لە دەڤەرێکی خاکی کوردستاندا دەوەستاین و دەجوڵاینەوە، کە ئەمڕۆ ئارامە، جگە لە ھەندێک تۆپباران و بۆردومان کە پەیڕەوانی ھزری ئەوانەی پێشتر بۆردومانیان دەکردین، دووبارەی دەکەنەوە. لەوێ ڕووبەڕووی ھێرشی ھێزەکانی سوپای پێشووی عێراق بووینەوە، کە جێبەجێکاری بیرکردنەوەی قێزەونی دەسەڵاتێک ھەقی دەکردە باتڵ.

ھەر کە ھەردوو لایەنی شەڕی ھەشت ساڵە ئامادەکارییان بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕکرد، قورسایی سیاسی، سەربازی و ئەمنیی بەغدا بەرەو ناوچەکانی کوردستان ئاراستە کرا؛ وەک چۆن دەشمانناسین، ئەوان زیاتر و خێراتر مەیلیان بەرەو بەکارھێنانی ھێز ھەبوو، بەدوای ھەر سەرکەوتنێکدا دەگەڕان کە زیانەکانی شەڕ و لێکەوتەکانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بۆ قەرەبوو بکاتەوە.

دڕندەی دەمبەخوێنی وا بوون کە لەنێوان برینەکانیان و برسێتییەکەیاندا پەلەکوتێیان دەکرد. لە بەرامبەریاندا وەستاین وەک چۆن دەمانناسن، ئەوانیش بەرەو ڕوومان ھاتن وەک چۆن دەمانناسین؛ بە بیر، ئیرادە، لەسەر خاکەکەمان و بە خەڵکەکەمانەوە بەرپەرچمان دانەوە. چونکە ئێمە خاوەنی خاکەکەین و خاوەنی فیکرێکین کە لە ھی ئەوان ناچێت، لە کاتێکدا ئەوان لەسەر خاکی خۆیان نەبوون و دەیانویست شتێک بھێننە دی کە ڕەوا نییە، ئەگەر ببایەیش، نەدەما و بەردەوام نەدەبوو.

ئەوان نامۆ بوون بە ئێمە، دەستدرێژیکار بوون، یاسا و ڕێساکانیان بەپێی ئارەزووی خۆیان دادەتاشی؛ سەرباز و بەکرێگیراوەکانیان بە پارەی گەلانی ئێمە دابین دەکران بۆ ئەوەی وێرانی بەسەر خەڵکەکەمان و خاکەکەیاندا بھێنن.

وەک زۆر جاری تر، ئەو دەوڵەتە درۆینەیە لەبەردەم ھێزەکانی گەلەکەمان، پارتەکەمان و ھاوسەنگەرانی پارتەکەمان لە خەباتدا تێکشکا. نە فڕۆکەکانیان سەرکەوتن و نە مووشەکەکانیان توانییان شکۆ و شانازییەکی دێرین و پتەو بۆ خۆیان بنیاد بنێن.

ئەگەر ئەوان بەدوای بەیاننامەی سەربازیدا دەگەڕان بۆ ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی پڕوپاگەندەیی خۆیان، ئەوا خەڵک درۆکانیانی دەزانی و ئەگەر بەدوای وێنەدا دەگەڕان بۆ پیشاندانی شکستی ئێمە، ئەوا چاوی مرۆڤە ڕاستگۆ و خاوەن فیکرە دروستەکان وێنەی تریان گرت کە ڕاستی شکستی ئەوانی نیشان دەدا.

خواکوڕک، داستانێک بوو کە ئیرادەی ئێمەی تاقیکردەوە؛ ئێمە تێیدا سەرکەوتووبووین، ئەوانیش بەھۆی دەستدرێژی و زوڵمی خۆیانەوە شکستیان خوارد. ھەر پارچە نانێکی ماڵە گوندێک، ھەر قومە ئاوێکی کانییەکی ئارام، ھەر فیشەکێک کە پێی بەرپەرچمان دانەوە، ھەموویان لە لایەن ماڵەکانی کوردستانەوە بە خۆشەویستی و خۆبەخشییەوە پێشکەش کران؛ لە کاتێکدا ھەرچی ئەوان و ھێزە دەستدرێژیکارەکانیان ھەیانبوو، سەرچاوەکەی سووتاندنی سامانی عێراقییەکان بوو لە پێناو کاولکاری و وێرانکاریدا.

ھەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراویان دژی ئێمە بەکارھێنا، ئێمەش بە توندی و بڕیاردەرانە وەڵاممان دانەوە، بەڵام ھاوکات بەزەیی و ڕەحم لە دڵماندا بوو.

بە خۆڕاگری و ئارامییەوە بەرپەرچمان دانەوە، ئەوانیش ھێرشیان ھێنا؛ ھاوشێوەی ھەمیشە کە تەنیا بەسەر ڕۆڵەکانی گەلانی عێراقەوە (پاڵەوان و ئازا) بوون، بەڵام لەبەردەم بێگانە و ئەوانی تردا ترسنۆکن.

خۆمان خستنە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیانەوە، بۆیە خۆیان و بەکرێگیراوەکانیان گەڕانەوە و وەک ھەمیشە ھیچ ڕوونکردنەوەیەکی شەرەفمەندانەیان پێ نەبوو بۆ ھۆکاری ھێرشەکەیان و شکستەکەشیان.

خواکوڕک وانەیەکی قووڵی خەبات و تێکۆشانە، داستانی فیکر و تاقیکردنەوەیە بۆ ھەر توێژەرێک کە بەدوای وانەکانی مێژوو و ڕابردوودا دەگەڕێت؛ ئەو مێژووەی کە ئەزموونی ڕزگاریخوازیی کوردستانی لێ کەوتەوە.

بەڵگەنامەکانی ئەو داستانە ڕەنگە زۆر شتی گەورە و زۆر ئاشکرا بکەن، بەڵام کاتەکانی شەڕی ڕاستەقینە، ڕووبەڕووبوونەوەی دەستەویەخە، شانبەشانی یەکتر و چاو بڕینە چاوی دوژمن، بەڵگەنامە شەرەفمەند و درەوشاوەکەیە بۆ ھەر کەسێک کە ئەو ڕۆژە لەگەڵماندا بووبێت.

لە ناخی ڕۆحی ئەو ڕۆژانەوە، ھەموو سڵاو و ڕێز و پێزانینێک ئاڕاستەی ھەموو ئەو تێکۆشەرانە دەکەم کە لە سەنگەری بەرگریکردن لە نەتەوەکەماندا ئامادە بوون.




دوایین هەواڵەکان

ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی گرنگی لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییان دەرکرد

WEDNESDAY, 22 JULY 2026 20:07:00

ھەولێر-KDP.info- ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی وەزارەتی کارەبای پەسەند کرد تایبەت بە ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتییان لە گەڕانەوەی قەرزی کەڵەکەبووی پارەی کارەبا، ئەویش لە ڕێگەی داشکاندنی بەشێک لە قەرزە کەڵەکەبووەکان.

 
چەند پەیامێکی هاوخەمی لە بارەگای بارزانییەوە

WEDNESDAY, 22 JULY 2026 19:07:15

ھەولێر-KDP. info- بارەگای بارزانی چەند پەیامێکی ھاوخەمی راگەیاند..

نزیكه‌ی 110هه‌زار ته‌ن به‌رهه‌می كشتوكاڵی دهۆک ڕه‌وانه‌ی عێراق كراوه‌

WEDNESDAY, 22 JULY 2026 18:07:19

به‌غدا-KDP. info- به‌ڕێوەبه‌ری كشتوكاڵی دهۆك گوتی "له‌ چوارچێوه‌ی گرنگیدانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ، ئه‌مساڵ نزیكه‌ی 110هه‌زار ته‌ن به‌رهه‌می كشتوكاڵی ڕه‌وانه‌ی عێراق كراوە، ئاماده‌كاری ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ندین به‌رهه‌م ڕه‌وانه‌ی وڵاتانیش بكرێن." 

گوتەبێژی حکوومەت بۆ KDP.info: باسی وردەکاریی لێخۆشبوونی قەرزی کارەبا دەکات

WEDNESDAY, 22 JULY 2026 16:07:52

​هەولێر-KDP.info: گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا بە لێخۆشبوون بۆ قەرزی کارەبا و، لە ماوەیەکی نزیکدا ڕێنمایی بۆ دەردەکرێت؛ هاوڵاتییان دەتوانن لە ماوەی یەک مانگدا قەرزەکە لە ڕێگەی ( ئی‌پسووڵە)وە بدەنەوە.

 
ھێمن ھەورامی: پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ئامادەیە

WEDNESDAY, 22 JULY 2026 16:07:00

​ھەولێر-KDP.info- ھێمن ھەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، کارانەبوونی پەرلەمانی کوردستان دوای نزیکەی دوو ساڵ لە ھەڵبژاردن ھیچ پاساوێکی سیاسی و یاسایی ھەڵناگرێت، و ئاماژەی بەوەش کرد کە پارتی ھەمیشە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact