ئامێدی-KDP.info- قایمقامی قەزای ئامێدی ڕایدەگەیەنێت، بە مەبەستی بەھێزکردنی ژێرخانی گەشتیاری و ڕاکێشانی زیاتری گەشتیاران، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ١٤ پڕۆژەی گرنگی گەشتوگوزاری لە سنووری قەزاکە جێبەجێ کردووە، کە لە نێویاندا پڕۆژەی ستراتیژیی کۆڕنیشی شێلادزێ ھەیە.
وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا گرنگییەکی زۆری بە دەڤەری ئامێدی داوە و ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژەی خزمەتگوزاریی تێدا جێبەجێ کردووە. لەو چوارچێوەیەشدا، ١٤ پڕۆژەی تایبەت بە کەرتی گەشتوگوزار ئەنجام دراون کە ئامانج لێیان گەشانەوەی ژێرخانی گەشتیاریی ناوچەکەیە."
قایمقامی ئامێدی ئاماژەی بە پێگەی جوگرافی و گەشتیاریی ناوچەکە کرد و گوتی، "دەڤەری ئامێدی خاوەنی زۆرترین و بەناوبانگترین شوێنی گەشتیارییە لەسەر ئاستی عێراق، و ساڵانە ژمارەیەکی یەکجار زۆری گەشتیار لە ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێمی کوردستان سەردانی دەکەن. بۆیە پڕۆژە نوێیەکان بەسەر سەرجەم ناحیەکانی قەزاکەدا دابەش کراون بۆ ئەوەی خزمەت بە سروشتی گەشتیاریی تەواوی ناوچەکە بگەیەنن."
سەبارەت بە دیارترین پڕۆژەی ناوچەکە، وارشین سەلمان تیشکی خستە سەر پڕۆژەی کۆڕنیشی شێلادزێ و گوتی، "ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کەرتی گەشتوگوزار لە سنوورەکە. دوای تەواوبوونی، جیا لەوەی سیمایەکی ناوازە و جوان بە ناوچەکە دەبەخشێت، کاریگەرییەکی گەورەشی لەسەر ڕاکێشانی گەشتیاران دەبێت و ھاوکات دەرفەتی کارێکی باش بۆ ھاووڵاتییانی سنوورەکە دەڕەخسێنێت."
قائید میرۆ