سۆران-KDP. info- لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و وەک یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی گەیاندنی ئاو بۆ ١٨ گوندی دۆڵی بیاو گەیشتە قۆناغی کۆتایی، ئەم پڕۆژەیەش دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییانەی بەهۆی بێئاوییەوە گوندەکانیان جێهێشتبوو.
موسلیح مستەفا سرێشمەیی لێپسراوی فەرمانگەی ئاوی سرێشمە و دەوروبەری، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "ئەم پڕۆژەیە پشت بە ئاوی سەرزەوی (زێی گەورە) دەبەستێت و بە شێوازێکی زانستی و مۆدێرن جێبەجێ کراوە، پڕۆژەکە بە دووری ١٥٠ مەتر لە زێی گەورەوە، لەڕێگەی لێدانی بیرێک بە قووڵایی ١٢ مەتر لە ژێر ئاستی زێیەکە، لەگەڵ دانانی سیستمێکی فلتەر بە درێژایی ١٨٠ مەتر بۆ دڵنیابوونەوە لە پاکی ئاوەکە دروست کراوە."
موسلیح مستەفا گوتی "پڕۆژەکە لە سێ عەمباری سەرەکی پێکهاتووە، عەمباری یەکەم و دووەم هەر یەکەیان دوو پەمپ و مۆتۆڕیان بۆ دابین کراوە، بە مەبەستی گواستنەوە و پاڵنانی ئاوەکە بۆ عەمباری سێیەم، لەوێشەوە ئاوی خاوێن بەسەر تەواوی گوندەکاندا دابەش دەکرێت"
ناوبراو گوتیشی "پێشتر دانیشتوانی ئەم ناوچەیە لەڕێگەی تەنکەرەوە ئاویان بۆ دابین دەکرا، بەڵام بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە زیاتر لە ٧٠٠ ماڵ بە شێوەیەکی بەردەوام سوودمەند دەبن، ئەمەش سوودێکی بێشوماری دەبێت بۆ بەخێوکردنی مەڕومەڵات و بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ، هاوکات هاوکارێکی سەرەکی دەبێت لە بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری گوندنشینان و ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ"
لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی سرێشمە گوتیشی "سەرەڕای قەیرانی دارایی، سوپاسی بێپایانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، قایمقامی قەزای خەلیفان و بەڕێوەبەری ناحیەی سرێشمە دەکەین کە خەمخۆرانە بەردەوام لە بەدواداچووندابوون و نەیانھێشت ئەم پرۆژەیە رابگیرێت، لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار کە سەرکەوتووانە پرۆژەکە جێبەجێ دەکات
کرمانج فەتاح