Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
MON, 20 JUL 2026 15:07 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

مەسروور بارزانی: ئێمە ئامادەین و دەستی دۆستایەتی بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكان درێژ دەكەین
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەكشەممە 19/7/2026، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی ئاوی  (باڵندا - بارزان)ی كردەوە کە ئاوی خواردنەوە بۆ 53 گوندی سنووری قەزاکانی مێرگەسۆر و خەلیفان و ئاکرێ دابین دەکات.

لە ڕێوڕەسمەكەدا، سەرۆكی حكوومەت لە وتارێكدا گوتی، "زۆر كەیفخۆشم كە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوە بەشدارم بۆ كردنەوەی پرۆژەیەكی گرنگ كە ئەویش پرۆژەی ئاوی ٥٣ گوندی دەڤەری بارزان و چەندین گوندی (بەرۆژیا و نزاریا) و هەندێك گوندی ناوچەی زێباری و سورچیایەتیش سوودمەندن لەم پرۆژەیەدا."

مەسروور بارزانی هەروەها ئاماژەی بەوە دا، "زۆر خۆشحاڵم كە گەلێك فەرماندە و قارەمانی میللەتی ئێمە جارێكی دیكە لێرە دەبینمەوە، زۆر كەیفخۆشم بە دیتنی ئێوە. من دەزانم كە ئەو پێشكەوتنەی ئەمڕۆ لە كوردستان بەدەست هاتووە و ئەو دەستی ئاوەدانییەی كە دەگاتە هەموو دەڤەرەكانی كوردستان، لە سایەی خەباتی ئێوە و خوێنی شەهیدانی ئێمەیە، لەبەر ئەوە پێش هەموو كەسێك دەستخۆشیی لە ئێوە دەكەم."

دەقی وتاری سەرۆكی حكوومەت:

بەخێرهاتنێكی گەرمی ئێوە هەمووتان دەكەم و زۆر كەیفخۆشم كە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوە بەشدارم بۆ كردنەوەی پرۆژەیەكی گرنگ كە ئەویش پرۆژەی ئاوی ٥٣ گوندی دەڤەری بارزان و چەندین گوندی (بەرۆژیا و نزاریا) و هەندێك گوندی ناوچەی زێباری و سورچیایەتیش سوودمەندن لەم پرۆژەیەدا. 

پرۆژەیەكی زۆر گرنگی ئاوە لە چوارچێوەی ئەو پرۆژانەی كە حكوومەتی هەرێم بەردەوامە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو ناوچە و دەڤەرەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ فەرق و جیاوازی. زۆر كەیفخۆشم كە ئەمڕۆ ئەم پرۆژەیە گەیشتە ئەنجام و ئەمڕۆ بە فەرمی دەكرێتەوە.

زۆر خۆشحاڵم كە گەلێك فەرماندە و قارەمانی میللەتی ئێمە جارێكی دیكە لێرە دەبینمەوە، زۆر كەیفخۆشم بە دیتنی ئێوە. من دەزانم كە ئەو پێشكەوتنەی ئەمڕۆ لە كوردستان بەدەست هاتووە و ئەو دەستی ئاوەدانییەی كە دەگاتە هەموو دەڤەرەكانی كوردستان، لە سایەی خەباتی ئێوە و خوێنی شەهیدانی ئێمەیە، لەبەر ئەوە پێش هەموو كەسێك دەستخۆشیی لە ئێوە دەكەم و سوپاسی ئێوە دەكەم بۆ ئەوەی كە ئێوە ئەم دەرفەتەتان دا بە ئێمە.

پرۆژەی ئاوی (باڵندا - بارزان) لە ساڵی ٢٠١٣ بڕیاری لێ دراوە، بەڵام پاش ئەوە لەبەر چەند هۆكارێكی وەك قەیرانی ئابووری و شەڕی داعش و چەند كێشەی دیكەی ئابووری یان هەتا كێشەی كۆرۆنا كە هاتە پێشەوە، بووە هۆكاری ئەوەی كە ئەم پرۆژەیە لە كاتی خۆیدا جێبەجێ نەكرێت. پاشان لە ساڵی ٢٠٢٢ جارێكی دیكە بڕیار لەسەر ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە درا و كۆمپانیای (ئەرگێل) بەشدار بوو لە جێبەجێكردنی بەشێكی زۆری ئەم پرۆژەیە، بەڵام دیسان لەبەر هەندێك هۆكار ئەم پرۆژەیە تەواو نەبوو. پاشان داوا لە كۆمپانیای (جی ئی جی) كرا بۆ درێژەدان و بەردەوامبوون و جێبەجێكردن و تەواوكردنی ئەم پرۆژەیە. من دەستخۆشیی لە هەردوو كۆمپانیا دەكەم، بە تایبەت كۆمپانیای (جی ئی جی) كە هەموو ئەندازیار و پسپۆڕ و ئەو كەسانەی لەسەر ئەم پرۆژەیە كاریان كردووە، خۆماڵی بوون. جێی سەربڵندیی ئێمەیە كە لە كاتێكی نزیكدا ئەم پرۆژەیان بەجێ گەیاند، ئینشائەڵا بەردەوام لە سەركەوتندا دەبن و كوردستانیشمان ڕۆژ بە ڕۆژ ئاوەدانتر دەبێت.

ئاو سەرچاوەی سەرەكیی ژیانی هەموو كەسێكە و پێویستە ئێمە هەموومان دەست بە ئاو بگرین و زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی ئاودا نەكەین. ئەم دەڤەرە بە ژینگەپارێزی ناسراوە، زۆر كەیفخۆشم كە دەبینم ناوچەكە، بە تایبەتیش دەڤەری بارزان كە لە لایەنی ژینگەپارێزی بووەتە پێشەنگ، پاشماوە و زبڵ و خاشاك فڕێ نادەنە سەر شەقام یان جێگە پیس ناكەن، هیوادارم ئەم كەلتوورە جوان و باشە بۆمان بەردەوام بێت. ژینگەپارێزی بەس پاك و خاوێنڕاگرتنی ژینگە نییە، بەڵكوو پاراستنی دار و دارستان و ئاژەڵەكانیشە، ئەمە كەلتوورێكە كە لە مەزنەكانمانەوە بۆمان ماوەتەوە و هیوادارم ئێمە هەموومان پێیەوە پابەند بین و ڕێنماییەك كە مەزنەكانمان بۆیان بەجێ هێشتووین، ڕێز لە ژینگەی خۆمان بگرین و وەك ماڵی خۆمان بیپارێزین. 

جارێكی تر من دەستخۆشیی لە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە دەكەم، هیوادارم ئەم پرۆژانە بگەنە هەموو بەشەكانی كوردستان. هەرچەندە چەندین پرۆژەی وەك ئەمە و مەزنتر لە كوردستان هاتووەتە جێبەجێكردن، پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر لە هەردوو لای راست و چەپی شار، یان چەندین دەڤەری دیكە لە هەرێمی كوردستان، پرۆژەكانی گەیاندنی ئاو بۆ دابینكردنی ئاسایشی ئاو لە سەرانسەری كوردستان، هەندێكیان ئەنجام دراون و هەندێكیش لە بەرنامەدان بۆ ئەوەی ئەوانیش جێبەجێ بكرێن.

لەسەر ئەم پرۆژانە بەردەوام دەبین و هەوڵ دەدەین هێندەی لە تواناماندا بێت، خزمەتگوزاریی بگەیەنینە هەموو بەشەكانی هەرێمی كوردستان. جێی خۆیەتی لێرە سوپاسێكی گەرمی وەزیر ساسان عەونی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەموو ئیدارە و لایەنە پەیوەندیدارەكان و قایمقامی مێرگەسۆر بكەم بۆ بەشداری و پشتیوانیی ئەوان لەو پرۆژەیە. هەروەها دەستخۆشیی لە برای ئازیز مەلا مستەفا دەكەم كە گەلێك بە خەمخۆری بەدواداچوونی بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە كردووە و خەمخۆری ئەوە بووە هەموو كاتێك پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بگەن بە خەڵك بەبێ فەرق و جیاوازی. دەستخۆشیی لە ئێوە هەمووتان دەكەم بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیە، ئینشائەڵا خوا پشتیوان بێت و پرۆژەی زیاتریش جێبەجێ بكرێن.

دەرفەتە من هەندێك باسی بارودۆخی نێودەوڵەتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا و بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش بكەم. دیارە هێشتا گرژی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن و ئێوەش دەبینن كە بەداخەوە گەلێك جار زەرەر و زیان بە ئێمە گەیشتووە، بەبێ ئەوەی ئێمە بەشێك بین لەم شەڕ و گرژییەی كە ئێستا لە ناوچەكەدا هەیە. دیسان دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان بەشێك نییە لەم گرژییانە و ئێمە نامانەوێ ببینە بەشێك لەم ململانێ و ئەو شەڕەی ئێستا لەم ناوچەیەدا هەیە. هیوای ئێمە ئەوەیە كە ئاشتی و سەقامگیری جارێكی دیكە بگەڕێتەوە و شەڕ و كوشت و كوشتار بەرەو كۆتایی بچن. هەموو وڵاتێك داخوازی دەكات كە وڵاتانی دیكە نەبنە جێی مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و نەتەوەیی و نیشتمانیی ئەوان، ئێمەش ئەم داخوازییە دەكەین، ئێمەش نامانەوێ هەرێمی كوردستان لە لایەن هیچ كەسێكەوە هەڕەشەی لێ بكرێت یانیش ئەو ئاژاوە و كوشتن و گرتن و هەڕەشە و بۆردومانەی كە بەردەوام، ئەو هێرشە بەردەوام لەسەر هەرێمی كوردستان بێ پاساو هەیە، هیوادارم رابگیرێن، چونكە شەڕ و كوشتن و گرتن خێری كەسی تێدا نییە و بەرفراوانكردنی ئەم شەڕە لە ئەنجامدا هەموو لایەك تێیدا زەرەرمەند دەبن. بۆیە ئێمە بەردەوامیی ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و ناوچەكە شەرمەزار دەكەین و هیوادارین كە بەرەو كۆتایی بچن و ئەم شەڕانە نەمێنن و ئاشتی و سەقامگیری جارێكی دیكە بۆ هەموو میللەتانی ئەم دەڤەرە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێتەوە.

پەیوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ بەغدا لە ئاستێكی زۆر باشدایە، بە تایبەتیش كە حكوومەتی تازە لە بەغدا دامەزرێندرا، حكوومەتی هەرێم بەردەوام بووە لە پشتیوانیكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ بەڕێز عەلی زەیدی، ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیكردنی بۆ جێبەجێكردنی دەستوور و باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا. داوای ئێمەش هەموو كاتێك ئەوە بووە كە بەغدا بەبێ فەرق و جیاوازی دەستوور جێبەجێ بكات و خەڵكی كوردستانیش وەك هەموو خەڵكی عێراق سوودمەند بێت لە هەموو مافە دەستوورییەكانی خۆی و فەرق و جیاوازی لە نێوانیاندا نەكرێت. 

ئەم هەڵمەتەی جەنابی سەرۆك وەزیران كە لەم دواییانە بۆ بنبڕكردن و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، دەستخۆشی لێ دەكەین و حكوومەتی هەرێم بەشێكی سەرەكی بووە لە پشتیوانیكردن و پاڵپشتیكردن و یارمەتیدانی سەرۆك وەزیران بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئەركە قورسە و هیوادارم تێیدا سەركەوتوو بێت. هیوای ئێمە ئەوەیە كە هەم دۆخی ئابووری و دۆخی سیاسی و دۆخی ئەمنیی لە عێراق باشتر بێت رۆژ بە رۆژ، بێگومان هەرێمی كوردستان بەشێكی سەرەكی دەبێت لە چارەسەركردنی. هیوای ئێمە ئەوەیە كە مافەكانی هەرێمی كوردستان وەك خۆی جێبەجێ بكرێن و ئەو بیرۆكانەی كە پێش ئێستا بیری لەوە دەكردەوە كە جیاوازیی لە نێوان هەرێمی كوردستان و شارەكانی دیكەی عێراق دروست بكات، بەرەو كۆتایی بچن. داخوازیی ئێمە لە سەرۆك وەزیران و حكوومەتی نوێ ئەوەیە كە دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.

لەسەر ئاستی ناوخۆ دیسان ئەوە چەندین جارە ئێمە داخواز دەكەین كە هەموو لایەنە سیاسییەكان بێنە پێشەوە و بەرژەوەندیی میللەتی ئێمە، هەرێمی ئێمە، ئەزموون و دەستكەوتی ئێمە بخەنە سەرو بەرژوەندیی شەخسی، ئەمە چەندین مانگە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان كراوە، بەداخەوە تا ئێستا حكوومەت دانەمەزراوە. سەرەڕای ئەوەی كە پارتی پابەند بووە بۆ جێبەجێكردنی ئەركی خۆی، ڕێزگرتن لە دەنگی دەنگدەران و هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی پەرلەمان و لە ئەنجامدا دروستكردنی حكوومەتێك، بەداخەوە تا ئێستا ڕێگریی هەبووە، نە پەرلەمان كارا كراوە و نە حكوومەت پێكهێندراوە، زەرەرمەندی سەرەكی خەڵكە. ئێمە جارێكی دیكە داخوازیی خۆمان ئاراستەی هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەینەوە، ئەگەر راستگۆن و خەمخۆرن بۆ خەڵكی كوردستان، با كەرەم بكەن و بێن پەرلەمانی كوردستان كە موڵكی خەڵكی كوردستانە، كارا بكەنەوە و پەرلەمان نەبێتە بارمتە لە دەست هیچ كەسێك بۆ دەستكەوتی شەخسی یانیش بۆ ڕێگریكردن لە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و دروستكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەكار بێت. پارتی جارێكی دیكە پابەندە كە ڕێز لە دەنگی خەڵكی كوردستان بگرێت، ئێمە ئامادەین و دەستی دۆستایەتی بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكان درێژ دەكەین و داوایان لێ دەكەین بە تایبەت لەم بارودۆخە هەستیار و ناسكەدا، بێن و لەگەڵ ئێمە هاوبەش بن لە كاراكردنەوەی پەرلەمان و لە خزمەتی خەڵكی خۆیاندا بن. ئێمە هەموو ئامادەییەكمان هەیە بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی خەڵكی خۆمان، میللەتی خۆمان، خاكی خۆمان، بخەینە سەر بەرژەوەندیی شەخسی. هیوای ئێمە ئەوەیە كە ئەم پەیامەمان بگاتە هەموو لایەك و ئەوانیش بەرەو پیریەوە بێن.

جارێكی دیكە دەستخۆشیی لە ئێوە هەمووتان دەكەین، سوپاسی هەمووتان دەكەین، هەرچەندە لەم ساڵانەدا ئێمە قەیران لە دوای قەیرانمان بینی و تێمانپەڕاند، بەڵام هیچ یەكێك لەو قەیرانانە نەبوونە ڕێگر لەبەردەم ئەوەی كە ئێمە پرۆژە بكەین و بەردەوام بین. هەموو كاتێكیش بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان یان بۆ وەڵامی ناحەزان، ئێمە بە پرۆژە وەڵامی خۆمان داوەتەوە، ئەمەش یەكێكە لەو پرۆژانە و جارێكی دیكە پیرۆز بێت لە ئێوە هەمووتان و هەموو خەڵكی كوردستان، هەر سەربەرز و سەربڵند و سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.




دوایین هەواڵەکان

لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران پلەی 136 ئەفسەر و پلەداری دەزگای ئاسایش بەرزکرایەوە

MONDAY, 20 JULY 2026 14:07:30

ھەولێر-KDP. info-  لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، لەچوارچێوەی خشتەی پلە بەرزکردنەوەی مانگی 1ـی ساڵی 2025، پلەی 136 ئەفسەر و پلەداری سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا بەرزکرایەوە.

 
دەستەی ژینگە بۆ KDP.info: پێویستە خاوەن کارگەکان ئەم مەرجانە جێبەجێ بکەن

MONDAY, 20 JULY 2026 13:07:33

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری کاروباری هونەری لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لیژنەیەکی باڵا بۆ ڕێکخستنەوەی سەرجەم کارگەکانی هەرێم پێکهێنراوە بۆ ئەوەی بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی و تەکنەلۆژیای نوێ کار بکەن، جەختیش دەکاتەوە کە ڕێگە بە هیچ کارگەیەک نادرێت بێ مۆڵەت و ڕەزامەندیی دەستەی ژینگە کار بکات.

 
مەکتەبی سیاسیی پارتی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی خوالێخۆشبوو (حوسێن ڕەشید کاوانی) دەکات

MONDAY, 20 JULY 2026 12:07:34

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو (حوسێن ڕەشید هەینی کاوانی) دەکات و هاوخەمی قووڵی خۆی بۆ کۆچی دوایی ناوبراو ڕادەگەیەنێت.

 
لقی یەکی پارتی: کادیرانی ئێمە هەڵگری ڕۆحیەتی بەرگریی (خواکوڕک)ن

MONDAY, 20 JULY 2026 10:07:16

دهۆک-KDP.info- بە چاودێریی، بەرپرسی لقی یەک و بە ئامادەبوونی خانم (شارێ نەزیر) کارگێڕی لق، ڕێورەسیمی کۆتاییهاتنی خولی (٤٩)ی پێگەیاندن لە بارەگای لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.

 
فراکسیۆنی پارتی کۆبوونەوەیەک لەبارەی یاسا چارەنووسسازەکانی ئەم خولەی پەرلەمان دەكات

MONDAY, 20 JULY 2026 09:07:15

هەولێر-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرپەرشتی دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و سەرۆکی فراکسیۆن، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە شاری بەغدا ئەنجام دا.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact