ھەولێر-KDP.info- سی و هەشت ساڵ بەسەر یەکێک لە بەناوبانگترین داستانەکانی بەرگریی خەڵکی کوردستاندا تێدەپەڕێت، داستانی خواکوڕک. ئەو داستانە کەم وێنەیەی کە تێیدا پێشمەرگەی کوردستان لە ماوەی ٤٦ ڕۆژدا، هێرشێکی بەرفراوانی سوپای عێراقی تێکشکاند، کە تێیدا ڕژێمی ئەوکات جگە لە تۆپ و فڕۆکە، چەکی کیمیاییشی بەکارهێنا. وتاری (سەرۆک بارزانی)ش لە خواکوڕک كە وەک بەڵگەیەکی مێژوویی و گرنگ ماوەتەوە. هەروەک پێشمەرگە بەشداربووەکانی ئەو داستانەش دەڵێن، ئەو وتارە گڕووتینێکی زۆر زیاتری پێبەخشی بۆ سەرکەوتن بەسەر دوژمندا.
لە ١٩ی تەممووزی ١٩٨٨، چەند هەفتەیەک بەر لەوەی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران بە تەواوی ڕابگیرێت، ڕژێمی بەعس هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ناوچە ڕزگارکراوەکانی شۆڕشی کوردستان لە دەڤەری خواکوڕک دەستپێکرد. بەڵام پێشمەرگەکانی لەشکری شۆڕشگێڕی کوردستان بە سەرکردایەتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک مەسعوود بارزانی، لە ڕووی ئەو سوپایەی عێراق وەستانەوە کە ئەوکات بە پێنجەمین سوپای جیهان دادەنرا، و شەڕێکی بەرگریی کەم وێنەیان ئەنجامدا کە تا ٥ی ئەیلوولی هەمان ساڵ بەردەوام بوو.
ئەم داستانە لە ڕووی سیاسی، سەربازی و ستراتیژییەوە بایەخێکی مەزنی هەبوو، چونکە پێشمەرگە دەستکەوتێکی زۆری لە چەک و تەقەمەنی بەدەستهێنا. لە ڕووی سیاسیشەوە پووچکردنەوەی ئەو خەونەی بەغدا بوو کە دەیویست وانیشان بدات بە وەستانی شەڕی عێراق-ئێران، بەرگری و شۆڕشی کوردستانیش لەناو دەچێت، بەڵام خۆڕاگریی پێشمەرگە لە خواکوڕک زۆر لە هاوکێشە و خەونەکانی حکوومەتی بەغدای لەناو برد.
داستانی خواکوڕک، نموونەیەکی شکۆداری کۆڵنەدان و ورەبەرزیی پێشمەرگە بوو، چونکە لە ساتەوەختێکدا تۆمارکرا کە حکوومەتی عێراق زنجیرە هێرشە بەدناوەکانی ئەنفالی دەستپێکردبوو و درێژەشی پێدەدا، شاری هەڵەبجەشی بە چەکی کیمیایی بۆردومان کردبوو. ڕژێم بە هەزاران گوندی کوردستانی کاول کردبوو، خەڵکەکەی ئاوارە و سەرنگووم کردبوو، ئاوەدانی و و کانییەکانی ژەهراو ی کردبوو. لەبەر ئەوە، پێشمەرگەکانی کوردستان لە ناوچەیەکی بەرتەسکدا کە حکوومەت زیاتر لە ١٥ لیوای سەربازی تێدا بەکارهێنابوو، سەرکەوتنێکی وایان بەدەستهێنا کە بۆ باری سیاسی و سایکۆلۆژیی کورد و شۆڕشەکەی زۆر پێویست بوو.
وتاری سەرۆک بارزانی، بەڵگەی پێشبینییە مێژووییەکان

سەرۆک مەسعوود بارزانی لە ١٤ی ئابی ١٩٨٨ و لە ناو سەنگەرەکانی خواکوڕکدا، لە وتەیەکدا بۆ پێشمەرگەکان پێشبینی ئەوەی کرد کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بارودۆخی ناوخۆی عێراق بەگشتی دەگۆڕێت، ڕایگەیاند کە یا ئەوەتا دوژمن ناچار دەبێت لە بەرامبەر ئەم جۆرە بەرگرییەی پێشمەرگەدا بەخۆیدا بچێتەوە، یان دەبێت دەست لە سوپاکەی بشوات.
جەنابی سەرۆک بارزانی لە وتەکانیدا ڕوونی کردەوە کە بارودۆخی عێراق پاش وەستانی شەڕ زۆر خراپ دەبێت و گرفتە ئابووری، کۆمەڵایەتییەکان و ئەو قەرزانەی لەسەر عێراقن، ئاریشەی مەزن بۆ ڕژێم دروست دەکەن.
داستانی خواکوڕک، تەنیا شەڕێکی بەرەیی و پارتیزانانەی پێشمەرگە نەبوو، بەڵکوو سەرکەوتنێکی سیاسیش بوو. ئەو سەرکەوتنە لە کاتێکدا بوو کە سوپای عێراق لە شەڕی هەشت ساڵە ڕزگاری ببوو و زۆربەی وڵاتانی جیهان پشتیوانییان لێدەکرد. هەرچەندە حکوومەتی عێراق بەشێکی زۆری کوردستانی وێران کردبوو و ئەو گوندانەی چۆڵ کردبوو کە جاران ببوونە پشتێنەیەکی ئەمنی بۆ پێشمەرگە، بەڵام بەرگریی پێشمەرگە لە داستانی خواکوڕک توانی دیکتاتۆریەت بەچۆکدا بهێنێت و سەربەخۆیی خەباتی ڕەوای کورد و گیانی مەقاوەمەتی پێشمەرگە بۆ هەموولایەک دەربخات.
وتاری سەرۆک بارزانی لە خواکوڕک، وەک بەڵگەیەکی مێژوویی و گرنگ ماوەتەوە. هەروەک پێشمەرگە بەشداربووەکانی ئەو داستانە دەڵێن، ئەو وتارە گڕووتینێکی زۆر زیاتری بە ئەوان بەخشی بۆ سەرکەوتن بەسەر دوژمندا.
