هەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات. لە کۆبوونەوەکەدا، جگە لە خوێندنەوەی یەکەم بۆ چەند پڕۆژەیاسایەک، تاوتوێی دۆخی گشتیی وڵاتیش دەکرێت.
فەرهاد ئەتروشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ئەمڕۆ کاتژمێر ١:٠٠ی دوای نیوەڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە. بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەش لە پێنج خاڵی سەرەکی پێکدێت، کە لە دواین خاڵدا گفتوگۆیەکی کراوە لەبارەی دۆخی گشتیی عێراقەوە ئەنجام دەدرێت."
ئەتروشی لە بارەی کارنامەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ گوتی، "لەسەروبەندی کۆبوونەوەکەدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەم پڕۆژەیاسایانە دەکرێت، هەموارکردنەوەی یاسای خاوەن موڵکەکان: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی هەمواری ٢٢ی یاساکە، یاسای یەکێتیی مافپەروەران: خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری سێیەمی یاساکە، یاسای سەندیکای کیمیاوییەکان: خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری دووەمی یاساکە و یاسای دیوانی وەقفی سوننە: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاساکە دەكرێن.
بڵند ئیبراهیم