سۆران -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، مژدەی دەستپێکردنی پڕۆژەی شاری شەهیدانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند و گوتی "بە فەرمانی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خانەوادەی شەهیدانی شەڕی بەرگری (داعش) لە سۆران کەوتە بواری جێبەجێکردن."
کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران بۆ KDP.info گوتی "ئەم پڕۆژەیە، کە بە ناوی "شاری شەهیدان" ناسراوە، ١٦٠ یەکەی نیشتەجێبوون لەسەر ڕووبەڕی ٢٠٠ مەتری چوارگۆشە لەخۆ دەگرێت و لە باشترین شوێنەکانی شاری سۆران، لەسەر شەقامی نوێی ٤٠ مەتری بنیات دەنرێت."
بەگوێرەی پلانی پڕۆژەکە، دەوروبەری شاری شەهیدان لە داهاتوو بە سەوزایی و پارکە گشتییەکان دیزاین دەکرێت، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی ژینگەیەکی گونجاو و ئارام بۆ خانەوادەکانی شەهیدان دابین بکرێت."
ناوبراو گوتی "ئەم خانووانە بۆ خانەوادەی شەهیدانی شەڕی بەرگری (داعش) تەرخان کراون و تەواوی خانەوادەی شەهیدانی سنووری ئیدارەی سۆران، بە شەهیدانی حزبە جیاوازەکانیشەوە لەم پڕۆژەیە سوودمەند دەبن."
بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سۆران لە کۆتاییدا گوتی "بەپێی پلانی کۆمپانیای جێبەجێکار، کارەکانی بنیاتنانی پڕۆژەکە لە ماوەیەکی کورت و بە بەرزترین پێوانەکانی کوالێتی تەواو دەکرێن، بە شێوەیەک کە وەڵامدەری پێویستییەکانی خانەوادەی شەهیدان بێت."
ئەژین غەفار