هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند، ناوی هەموو ئەو زیندانیانی سیاسی و وارسی شەهیدانە ڕەوانەی شارەوانی دەکرێن بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکی حکوومەت، دەشڵێت، هەرکەسێک پێشتر سوودمەند نەبووبێت، ئەمجارە بە پارچەیەک زەوی سوودمەند دەبێت.
د. ناڤسەر نووری عەبدال، بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتی، "بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەو زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسییەی کە پێشتر سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی پارچە زەوی، سوودمەند دەبن. ئەوانەی کۆدیان هەیە، لەلایەن وەزارەتەوە تۆمار کراون و بڕیاری دادگایان هەیە، سوودمەند دەبن لە بڕیاری حکوومەت، تەنانەت ئەگەر تا ئێستا لە وەرگرتنی مینحەش سوودمەند نەبووبن. ههروهها وارسی ئەو شەهیدانەی تا ئێستا سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی، ئەوانیش ئەمجارە دەگرێتەوە.
بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەشڵێت، ''لیستی ناوەکانیان ڕادەستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و ڕەزامەندیی لەسەر دراوە بۆ ئەوەی سوودمەند بن لە وەرگرتنی پارچە زەوی. بەپێی لیستەکە، کۆی گشتیی ١٥ هەزار و ٤٩٩ زیندانی و ڕاگیراوی سیاسی سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی، هەروەها نزیکەی شەش هەزار وارسی شەهیدیش ناویان بەرز کراوەتەوە.
د. ناڤسەر نووری عەبدال ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ''ڕەزامەندیی پێدانی زەوی بە زیندانیانی سیاسی و وارسی شەهیدان دەچێتە وەزارەتی شارەوانی و دواتر ناوی هەرکەسێک بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەو سنوورە دەنێردرێت و بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە تا زەوی وەرگرن.
لە کۆتاییدا ڕوونی کردەوە، ''واتە بابەتی پێدانی زەوی لە لای ئێمە نەماوە، هەوڵ و ئەرکی وەزارەت تا ئەو شوێنە بوو کە ناویان بەرز بکرێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام قۆناغی دابەشکردنی زەوییەکە دەکەوێتە ئەستۆی شارەوانی.
قائید میرۆ