هه‌ولێر-KDP. info- گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌رێمی كوردستان گوتی "دوای جێبه‌جێكردنی یاسای چه‌ك له هه‌رێمی كوردستان ئەو ڕووداوانەی به‌چه‌ك ئه‌نجام ده‌دران زۆر كه‌می كردووه، له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ڕێگه‌نادرێت هیچ كه‌سێك دوای ئه‌رك چه‌ك له‌گه‌ڵ خۆی بباته‌وه ماڵه‌وه."
عه‌قید كارزان غه‌فوری ، گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دوای جێبه‌جێکردنی یاسای ژماره 2ی ساڵی 2022ی چه‌ك له هه‌رێمی كوردستان، دیارده‌ی چه‌ك هه‌ڵگرتن، ته‌قه‌كردن و كوشتن زۆر كه‌می كردووه، بۆیه ئێستا خه‌ڵك زۆر خۆی له‌چه‌ك هه‌ڵگرتن دوور ده‌كاته‌وه، پێشتر ڕێژه‌ی ته‌قه‌كردن یه‌كجار زۆر بوو، ئێستا 80%ی كه‌می كردووه، ڕووداوی كوشتنیش به‌هه‌مان شێوه و چه‌ك هه‌ڵگرتن یه‌كجار كه‌مبووه، چونكه ده‌زانن تووشی سزای قورس ده‌بن، ئێستا كڕین و فرۆشتنیش به‌چه‌ك كه‌می كردووه و بازاڕی چه‌كفرۆشتن نه‌ماوه، ئه‌وانه‌ی له‌ڕێگه‌ی سۆشیال میدیا كڕین و فرۆشتنیان ده‌كرد زۆریان ده‌ستگیر كراون و داخراون، زیاتر له 17هه‌زار پارچه چه‌كیش تۆمار كراوه، مۆڵه‌تدان به‌چه‌ك به‌رده‌وامه، ئه‌ویش به‌پێی مه‌رجی قورس، كه پێویسته شایسته بێت و ته‌مه‌نی دیاریکراو بێت و هۆكارێك هه‌بێت بۆ چه‌كهه‌ڵگرتن، بۆیه مه‌رجه‌كان زۆرن."
عه‌قید كارزان غه‌فوری گوتیشی "ئه‌وانه‌ی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی ناوخۆ و ئاسایشن، ئێستا به‌شێكی زۆر شوێنیان بۆ دابین كراوه، له‌كاتی ته‌واوبوونی ئه‌رك چه‌ك له‌وێ داده‌نێن و نایبەنه‌وه بۆ ماڵ، له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا شوێن بۆ هه‌مووان دابین ده‌كرێت و قه‌ده‌غه‌یه چه‌ك له‌گه‌ڵ خۆیان ببەنه‌وه ماڵه‌وه، ته‌نیا ئه‌فسه‌ر بۆی هه‌یه چه‌كی لابێت، ئه‌وانه‌ی دیكه كه ئه‌ركیان ته‌واوبوو له حه‌شارگه دایده‌نێن و نابێت له‌گه‌ڵ خۆیان بیبەنه ماڵه‌وه، ئێستا له هه‌ولێر کەم پۆلیس هه‌یه دوای ئەرک چه‌ك له‌گه‌ڵ خۆی ببات ماڵه‌وه، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی باشه بۆ کەمتربوونەوەی ڕووداوه‌كانی چه‌ك."
بڵند ئیبراهیم