هەولێر–KDP.info– ڕاوێژکاری بواری ژینگە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا چەندین پڕۆژە و کاری گرنگی بۆ پاککردنەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی گۆڕانکاریی ئەرێنی لە ژینگە و کەشوهەوای هەرێمدا.
ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، ڕاوێژکاری بواری ژینگە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم کابینەیەدا چەندین پڕۆژەی دۆستی ژینگەی ئەنجام داوە، لەوانە:
پڕۆژەی ڕووناکی: کە بووە هۆی پاککردنەوەی هەوای هەرێم لە ڕێگەی دابینکردنی کارەبای بەردەوام و کوژاندنەوەی دەیان هەزار مۆلیدەی گەڕەکەکان و باڵەخانەکان.
پڕۆژەی پشتێنەی سەوز: لە ڕێگەی چاندنی ملیۆنان درەختی بەردار بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی، باشترکردنی کوالێتیی هەوا و ڕێگرتن لە دیاردەی تۆز و خۆڵ.
بەندا و پۆند: دروستکردنی دەیان بەنداوی نوێ و پۆند بۆ زیادکردنی بڕی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی.
وزەی پاک: دامەزراندنی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر.ریسایکلین: کردنەوەی پڕۆژەی ریسایکلینی ئاوی ئاوەڕۆکان و گۆڕینی بۆ ئاوی کشتوکاڵی.
ئاماژەیشی دا، لە بواری گۆڕانی کەشوهەوادا چەندین کاری باش کراوە، وەک: ئامادەکردنی پلانی خۆگونجاندنی نێوخۆیی و پلانی کەمکردنەوەی گونجاوی نێوخۆیی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، ناردنی دەیان شاندی دەستە بۆ وڵاتانی دەرەوە بۆ وەرگرتنی ئەزموونی زانستی و ژینگەیی، کارکردن لەسەر وەبەرهێنانی سەوز لە غازی هاوەڵ و وزەی پاک و تەکنۆلۆژیای سەوز، هەروەها ڕێکخستن و جێگیرکردنی بەشداریی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی لایەنەکان ناسراو بە (کۆپ) بۆ گۆڕانی کەشوهەوا لە چوار ساڵی ڕابردوودا.
ئەو ڕاوێژکارەی ئەنجوومەنی وەزیران ڕوونیشی کردەوە، لە بواری یاسایی و دەرکردنی ڕێنمایی نوێدا هەنگاوی باش نراوە، وەک: ڕێنماییەکانی پاراستن و چاککردنی هەوا، بەخێوکردنی ئاژەڵی کێوی، پاراستنی چینی ئۆزۆن، ماددە تیشکاوەرەکان، خۆپاراستن لە تیشکی نائایۆنی، چاودێرانی ژینگەیی، هەموارکردنەوەی یەکەمی یاسای پاراستنی ژینگە، ڕێکخستنی ڕاوکردن، بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان، پشکنینی تاقیگەیی، پۆڵێنکردنی پڕۆژەکان، ڕەزامەندیی ژینگەیی، و چارەسەرکردنی ئاوی ئاوەڕۆکان و تیشکی ئێکس و پزیشکیی ئەتۆمی.
سەبارەت بە ئەنجوومەن و لێژنە نوێیەکان، گوتی: حکوومەت کاری کردووە بۆ کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگە لەسەر ئاستی وەزارەت و دەستەکان، پێکهێنانی هەمان ئەنجوومەن لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، کاراکردنی لێژنەی باڵای پاراستنی سروشت، پێکهێنانی لێژنەی پارێزراوە سروشتییەکان، و داهێنانی پڕۆژەی "لەبری سەوزکردن" لەسەر ئەرکی ئەو پڕۆژانەی پێشتر جێبەجێیان نەکردووە.
عەبدولڕەحمان سدیق ڕاشیگەیاند، لەم کابینەیەدا چەندین فەرمانگەی تازە کراونەتەوە، وەک: فەرمانگەی گۆڕانی کەشوهەوا، فەرمانگەی ژینگەی پارێزگای هەڵەبجە، فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی زاخۆ، فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران، و بنکەی ژینگەی بازیان سەر بە فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی.
لە کۆتاییدا، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری هۆشیاریی ژینگەییدا کاری باشی کردووە، وەک: پێشکەشکردنی وانەی ژینگەیی لە قوتابخانەکان، دیاریکردنی "ڕۆژی ژینگە" بۆ هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ، ئامادەکردنی کتێبی ڕێبەری ژینگەیی بۆ مامۆستایانی زانست و کردنەوەی خولی پێگەیاندنی میدیاکاری ژینگەیی بۆ کەناڵە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان.
بڵند ئیبراهیم