ھەولێر-KDP.info- لە سەردانەکەیدا بۆ دەوحەی پایتەختی قەتەر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نامەی هاوخەمی و سەرەخۆشیی سەرۆک مەسعود بارزانی گەیاندە شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری دەوڵەتی قەتەر. هاوکات وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ KDP.info ڕایدەگەیەنێت کە میری قەتەر بەرزترین پێزانینی بۆ ئەم هاوسۆزییە مێژووییەی گەلی کوردستان هەبووە.
لە سەردانەکەیدا بۆ دەوحەی پایتەختی قەتەر، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نامەی هاوخەمی و سەرەخۆشیی سەرۆک مەسعود بارزانی گەیاندە شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری دەوڵەتی قەتەر، بۆ کۆچی دوایی باوکی و میری پێشووی قەتەر، خوالێخۆشبوو شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی.
لەمیانی بەشداریکردنی لە پرسەکەدا لە دەوحە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی-یەوە پێشوازیی لێ کرا.
نێچیرڤان بارزانی وێڕای گەیاندنی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، سەرەخۆشی و هاوسۆزیی قووڵی خۆی و گەلی کوردستانی پێشکەش بە میری قەتەر و خێزانی فەرمانڕەوای ئال سانی کرد بۆ ئەم کۆستە.
لای خۆشییەوە، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری دەوڵەتی قەتەر، سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی و بنەماڵەکەی ئاراستەی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بۆ هاتوچۆ و هاوسۆزییە مێژووییەکەیان، کە گوزارشت لە قووڵیی پەیوەندییە دۆستانە و برایانەکانی نێوان هەردوولا دەکات.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''بەڕێز شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، سوپاس و پێزانینێکی زۆری ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێم و تەواوی گەلی کوردستان کرد بۆ ئامادەبوون و هاوبەشیی سۆزدارانەیان لەم کۆستەدا.
وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم گوتیشی، ''میری قەتەر لە دیدارەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە گەلی کورد هەمیشە دۆستێکی دڵسۆز، نزیک و هاوخەمی دەوڵەت و گەلی قەتەر بووە، و ئەم هەڵوێستە بەرز و نیشتمانییەی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانیش بە بەرزی و ڕێزێکی زۆرەوە دەنرخێنن.
عەزیز ڕەسووڵ