سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕینی پارتی ڕایگەیاند کە پارتی دیموکراتی کوردستان پێگەیەکی ستراتیژیی هەیە لە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم و دابینکردنی سەقامگیری، و هاوکات جەختی لە داڕشتنی پلانێکی تۆکمە کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی گەورەی پارتی لە ناوچەکەدا.
بە سەرپەرشتی عەلی حسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - ھەڵەبجە - ڕاپەڕین، کۆبوونەوەیەکی جەماوەری و حزبیی بەرفراوان لە ھۆڵی بۆنەکان بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ساناو فەرەدون جوانڕۆیی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب، و سەرکردایەتی لقەکانی (٤، ١١، ١٢، ٢١)، شانبەشانی نوێنەرانی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان سازکرا، بە ئامانجی داڕشتنی پلانێکی تۆکمە و تاوتوێکردنی ستراتیژییە نوێیەکانی کارکردن لە پێناو دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی گەورەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەکەدا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، عەلی حسێن بە چڕی و وردی تیشکی خستە سەر دواین پێشھاتە سیاسییەکانی سەر ئاستی کوردستان و عێراق. ناوبراو بە شرۆڤەیەکی گشتگیر، بارودۆخی ئێستای ناوچەکەی ھەڵسەنگاند و جەختی لەسەر پێگەی ستراتیژیی پارتی دیموکراتی کوردستان کردەوە لە پاراستنی قەوارەی دەستووریی ھەرێم و دابینکردنی سەقامگیری.

بەشێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی نوێی کارکردن کە ھاوتەریب بێت لەگەڵ خواستی ھاووڵاتیانی دەڤەرەکە. ئامادەبووان بە چڕی گفتوگۆیان لەسەر نەخشە ڕێگەیەک کرد کە ئامانج لێی پەرەپێدانی زیاتری کاری ڕێکخراوەیی و بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی حزب بوو لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکاندا.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دەرگا بۆ ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا واڵا کرا. عەلی حسێن بە بایەخەوە گوێی لە سەرنج، پێشنیاز و بۆچوونەکانی ھەڤاڵانی بەشداربوو گرت، کە ھەموویان لەپێناو باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، چالاککردنی زیاتری ئۆرگانەکان و داڕشتنی میکانیزمی کاریگەرتر بۆ قۆناغی داھاتوو خرابوونە ڕوو.
