ھەولێر-KDP.info- جوان یونس ڕۆژبەیانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە فەرمی لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر وەک یاریدەدەری نوێی مەکتەب دەستبەکاربوو، لە لێدوانێکیشیدا گوتی، ئەرک و بەرپرسیارەتیم لە سنووری هەولێر دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢-٧-٢٠٢٦، لە ڕێوڕەسمێکدا و بە ئامادەبوونی دکتۆر پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، و بە ئامادەبوونی یاریدەدەران و بەرپرسی بەشەکانی مەکتەب، پێشوازییەکی گەرم لە هەڤاڵ (جوان یونس ڕۆژبەیانی) کرا.
لەو دیدارەدا، بە فەرمی دەستبەکاربوونی هەڤاڵ (جوان یونس ڕۆژبەیانی) وەک یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندرا. ئامادەبووان وێڕای پیرۆزبایی، هیوای سەرکەوتنیان لەم ئەرکە نوێیەدا بۆ خواست، و هاوڕابوون لەسەر پێویستیی بەردەوامی و زیاتر چالاککردنی ئەرک و کارەکانی مەکتەبی ڕێکخستن لە سنوورەکەدا.
لەم بارەیەوە، جوان یونس ڕۆژبەیانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ بە فەرمی وەک یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر دەستبەکاربووین، و ئەرک و بەرپرسیارەتیی خۆمان لە سنووری هەولێری خۆشەویست دەستپێدەکەین."
هاوکات ڕۆژبەیانی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر، هەردوو یاریدەدەری بەڕێز، بەرپرسی بەشەکان و تەواوی هەڤاڵانی مەکتەبەک کرد بۆ پێشوازی و متمانەیان.
