ئیدارەی سۆران-KDP.info- کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کاروانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی خۆی، دەڤەری سۆرانی بووژاندەوە، لەم بارەیەوە، بەرپرسان، بەڕێوەبەران و هاووڵاتییانی دەڤەرەکە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی KDP.info، بە شانازییەوە باس لە پێشکوتنە بێوێنەکانی ئیدارەی سۆران لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا دەکەن.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لە گەشەسەندنی شارستانی و قورسایی هێزی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا کرد و ڕایگەیاند، ''هێز و قورسایی پارتی لە دەڤەری سۆران لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، خۆی لە متمانەی مێژوویی جەماوەر و وەرگێڕانی ئەو دڵسۆزییە بۆ بڕیاری ستراتیژی بینییەوە.سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، ئاماژەی بە خاڵی وەچەرخانی ناوچەکە کرد و گوتی، ''گەورەترین ڕەنگدانەوەی ئەم قورساییە سیاسییە، بڕیاری مێژوویی ڕێزدار مەسروور بارزانی بوو بۆ بەئیدارەکردنی سۆران، کە دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی زیاتری بە ناوچەکە بەخشی و پێگەی حزبەکەی وەک هێزی سەرەکى ئاوەدانکرنەوەو پارێزەری سەقامگیری چەسپاند. ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆ بووە وەرچەرخانێکی گەورە لە کەمکردنەوەی ڕۆتین و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ سەرجەم قەزا و ناحیەکان.
ناوبراو گوتیشی، ''لەم کابینەیەدا، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە ناو سۆراندا کرانەوە، ئەمەش کارئاسانییەکی زۆری بۆ هاووڵاتییان دروست کرد و چیتر بۆ ڕاپەڕاندنی مامەڵەکانیان پێویستیان بە سەردانیکردنی سەنتەری پارێزگای هەولێر نەما. ئەم گەشەسەندنەش تەنها لە سەنتەری سۆراندا چڕ نەبووەوە، بەڵکو پڕۆژەکانی ڕێگەوبان، کەرتی گەشتیاری، ئاو، کارەبا و تەندروستی گەیشتنە دوورترین ناحیە و گوندەکانی وەک سیدەکان، خەلیفان، چۆمان و مێرگەسۆر، کە سیمایەکی مۆدێرن و گشتگیتری بەخشی بە تەواوی دەڤەرەکە.
هاوکات پارێز یوسف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری قەزای ڕواندز، باسی لە گۆڕانە بنەڕەتییەکانی کەرتی گەشتوگوزار کرد و گوتی، ''لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا چەندین پڕۆژەی گەشتیاریی گەورە دەستیان پێ کرد، لەوانە ماستەرپلانی گەشتیاریی بێخاڵ، کە بە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە گەشتیارییەکانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت. هەروەها دروستکردنی هۆتێل ڕادیسۆن لە چیای کۆڕەک، وەک براندێکی جیهانی، هۆکاری ڕاکێشانی ژمارەیەکی زیاتری گەشتیار بووە.
ئاماژەی بە گەشەکردنی هەوارگەی شنگلبانەش کرد و ڕایگەیاند، ''دروستکردنی ئەکواپارکی سەردەمییانەی شنگلبانە بە تێچووی 15 ملیۆن یۆرۆ، هاوكات کردنەوەی هۆتێلی ئەبراهام، نموونەی ئەو پڕۆژانەن کە وێنەی گەشتیاریی ناوچەکەیان گۆڕیوە. کۆی ئەو پڕۆژانەی ڕێگەوبان و پڕۆژەی ڕووناکییش، ژێرخانی گەشتیارییان لە قەزای ڕواندز پتەوتر کردووە.
کابینەی نۆیەم، کابینەی پێکهاتە جیاوازەکان بووە. وەکو ئیڤان جانێ گۆڕبیل، کە کریستیانی ناحیەی دیانا و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی ئیدارەی سۆرانە گوتی، ''لە دوای پێکهاتنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، گرنگییەکی تایبەت بە پاراستن و پشتیوانیکردن لە پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی هەرێم دراوە. حکوومەت بە چەندین هەنگاوی کرداری، ناسنامەی نەتەوەیی، ئایینی و زمانییانی پاراستووە.
تیشکیشی خستەسەر دوو پڕۆژەی گرنگی کریستیانەکان و گوتی، ''پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (بێت حەدیاب - Beth Hadiab) لە عەنکاوە جێبەجێ کرا بۆ دابینکردنی خانووی گونجاو بۆ خێزانە مەسیحییەکان، هەروەها باخی (گەناثا دبابێل - Ganatha d'Babel) دامەزرا کە وەک پڕۆژەیەکی شارستانی و کلتووری، هاوژیانی و فرەڕەنگی لە هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات. ئەم هەنگاوانە پابەندبوونی حکوومەتی زۆر بەڕێز مەسروور بارزانی پیشان دەدەن بە پاراستنی فرەیی نەتەوەیی و ئایینی و دابینکردنی مافی یەکسان بۆ هەمووان.
مەجید ڕەسوڵیش کە جووتیارێکی قەزای چۆمانە، پاڵپشتییەکانی کابینەی نۆیەمی بەرز نرخاند و گوتی، ''پاڵپشتییەکانی حکوومەت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ جووتیاران، وەک دابینکردنی بنەتۆ، دەرمانی بژاری گەنم، پێدانی کارەبا بە پێوەری کشتوکاڵی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ لە ڕێگەی زیادکردنی باجی گومرگی لە خاڵە سنوورییەکان، وای کرد کەرتی کشتوکاڵ ببوژێتەوە تاوەکو بەرهەمی خۆماڵی نرخی دانەبەزێت.
ئەو جووتیارە ئاماژەی بە ئاستەنگەکانی بەغدا کرد و گوتی، ''سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی فیدراڵ سیاسەتێکی سنووردار و ئاستەنگی زۆری بۆ وەرگرتنی گەنمی هەرێم داناوە، بەڵام بڕیارەکانی ئەم دواییەی حکوومەتی هەرێم و کابینەی نۆیەم بۆ کڕینەوە و ساغکردنەوەی گەنم و بەرهەمی جووتیاران، وایکرد ڕەنج بەخەسار نەبین و بەرهەمی ماندووبوونی خۆمان ببینینەوە، ئەمەش مایەی دڵخۆشیی گەورەی جووتیارانە.
ئەژین غەفار