هه‌ولێر-KDP. info- به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی "داوامان له وڵاتانی بیانی و عێراقیش كردووه، له‌پێناو ئه‌من و ئاسایش، سیسته‌می به‌رگری بۆ هه‌رێمی كوردستان دابین بكرێت، چونكه ئه‌گه‌ر سیسته‌مه‌كه بۆ عێراق دابین بكرێت، پێویسته هه‌رێمی كوردستانیش بگرێته‌وه، هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ست به ئارامی وئاسایش بكه‌ن."
سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی "ئێمه وه‌كو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به سه‌رجه‌م ئه‌و شاندانه بیانییانەی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ش کە شانده‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی وڵاتان ده‌كه‌ن له هه‌موو ئاسته‌كان، دەڵێین، هه‌رێمی كوردستان له‌ناو عێراق بۆته ئامانجی یه‌كه‌م، پێویسته ئاسمانی عێراق پارێزراو بێت و هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێكه له عێراق، بۆیه ئه‌ركی عێراقه ڕۆڵی ببینێت لە پاراستنی ئاسمانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان."
سه‌فین دزه‌یی گوتیشی "پێویسته سیسته‌می به‌رگری بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان دابین بکرێت.
له سه‌ردانی ئه‌م دوایه‌ی به‌غدا بۆ هه‌رێمی كوردستان باسی ئه‌و پرسه كراوه، عه‌لی زه‌یدی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقیش لە سەردانی بۆ ئه‌مه‌ریكا له هه‌فته‌كانی داهاتوو، باسی ئه‌و پرسه ده‌كات، بۆیه ئومێده‌وارین له دابینكردنی سیسته‌می به‌رگریی بۆ عێراق، هه‌رێمی كوردستان بێ به‌ش نه‌كرێت، چونكه گه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌شێك بێت له عێراق، پێویسته هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ست به ئارامی و ئاسایشی خۆیان بكه‌ن."
ده‌شڵێت "جارێ باسی ئالیه‌تی دابینكردنی سیسته‌می به‌رگری نه‌كراوه، ئه‌وه‌ی لای ئێمه گرنگه پارێزراوی ئاسمانی هه‌رێمی كوردستانە، ئینجا ئالیه‌تی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق و هاوپه‌یمانان چۆن ده‌بێت، ئه‌وه له داهاتوو گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت، بۆیه ئه‌وه‌ی گرنگه دابینكردنی سیسته‌می به‌رگرییه بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان."
بڵند ئیبراهیم