هەڵگورد شێخ نەجیب
لە کایەی سیاسەت و حوکمڕانیدا، ساڵوەگەڕەکان هەمیشە بۆنەیەکن بۆ خستنەڕووی ژمارەی پڕۆژە جێبەجێکراوەکان، شەقامە قیرتاوکراوەکان، قوتابخانە و نەخۆشخانە درووستکراوەکان و ڕیفۆرم و چاکسازییەکان لە کەرتی جیا جیا. بەڵام لە ڕاستیدا خاڵێکی دیکەی گرنگ هەیە کە دەکرێ لەگەڵ ئەم هەموو خزمەتە بەرچاوەی باس کرا، ببێتە میراتێکی مەزن و بناغەیەکی پتەو بۆ داهاتووی نیشتمان، ئەویش فراوانکردنی ئاسۆی خەونەکانی گەلە.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، توانی ئاسۆی خەونی هاووڵاتی بەرفراوان بکات و پێناسەیەکی نوێ بۆ وشەی مەحاڵ دابڕێژێت، چوونکە ئەوەی ڕۆژگارێک مەحاڵ بوو، لەم کابینەیەدا بووە ڕاستی. لەم کابینەیەدا هاووڵاتی بۆ یەکەمجار دوای زیاتر لە (٣٠) ساڵ بووە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری. هەر لەم کابینەیەدا ڕێگەوبان بە ستانداردی نێودەوڵەتی زۆرینەی شار و شارۆچکەکانیان بەیەکەوە بەستەوە، خزمەتگوزارییە گشتییەکانی حکوومەت بە دیجیتاڵی کران، کشتوکاڵ بووژایەوە و گەشتوگوزار بووە سەرچاوەیەکی دیکەی بژێوی، سەدان هەزار دەرفەتی کار ڕەخسان و ڕێژەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بوویەوە.
لە سیاسەتی ستراتیجیی مۆدێرندا، سەرەڕای ئەم خزمەتگوزاری و چاکسازییانە، تیشک دەخرێتە سەر (بەهێزکردنی خۆڕاگری کۆمەڵگە). واتا ئەرکی حکوومەتە ژێرخانێکی پتەوی دامەزراوەیی بنیاد بنێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بتوانێت بە متمانەوە لە هەر قەیرانێک دەرفەتێک بۆ پێشکەوتن درووست بکات. ئەمە، بێ گومان یەکێکە لە دەستکەوتە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە سەرەڕای زۆرترین قەیران و ئاستەنگ، توانی هاووڵاتی لە چەقی ستراتیجی خۆی بۆ خزمەتکردن بهێڵێتەوە و وا بکات ئەم خۆڕاگرییە ببێتە هۆکارێک بۆ متمانەی هاووڵاتی بە حکوومەتەکەی خۆی.
لە ساڵوەگەڕی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە شانازییەوە دەڵێین سەلماندمان کە دروشمی (حکوومەتی خزمەت) تەنها دروشمێک نەبوو، بەڵکو نەخشە ڕێگەیەکی ڕوون بوو کە ئیرادەی پیاوێکی پۆڵایینی وەک بەڕێز سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لە پشت بوو. لە دەڤەری سۆران، ئەم نەخشە ڕێگەیە ئەمڕۆ لەسەر شەقام و کۆڵانەکان وەک ئەمر واقعێک دەبینرێت.