زاخۆ-KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند کە لەسەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، زاخۆ لە ھەموو ڕوویەکەوە پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، و پلان و کارەکانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەم شارە ببێتە نموونەیەکی باڵا لە گەشەپێدان و پێشکەوتندا.
گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە زاخۆ لە سەرجەم بوارەکاندا پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. لەو چوارچێوەیەشدا، ڕێگاکان تا سەر سنوور قیرتاوکراون بۆ ئەوەی کەرتی گەشتیاری سوودی لێ وەرگرێت، ھاوکات خزمەتێکی باشی بوارەکانی بازرگانی، گەشتوگوزار و پیشەسازی کراوە بە ئامانجی ڕەخساندنی ھەلی کاری زیاتر لە ناوچەکەدا.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جەختیشی کردەوە کە پڕۆسەی قیرتاوکردنی شەقامەکان بەردەوامە، بە جۆرێک لە قۆناغی یەکەمدا بە گوژمەی ٤٥ ملیار دینار پڕۆژەی قیرتاوکردن ئەنجامدراون و لە ئێستاشدا کار دەکرێت بۆ دابینکردنی ڕێگا بۆ ئەو زەوییانەی تازە دابەشکراون، کە بە تەواوبوونیان ٩٥٪ی شەقامەکان قیرتاو دەبن و لە قۆناغی داھاتووشدا دەگاتە ١٠٠٪.
شێخۆ باسی لەوەش کرد کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەم کابینەیەدا خزمەتێکی یەکجار زۆری زاخۆی کردووە، بە شێوەیەک لە ھەموو سێکتەرەکاندا پێشڕەوی ھاتووەتە ئاراوە و تەنانەت کارێکی باشیش بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ گوندەکانی سنوورەکە ئەنجامدراوە.
بڵند ئیبراھیم