سلێمانی-KDP.info- د.ئاگرین عه‌بدوڵا، بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حكوومه‌تی هه‌رێم، به ئامار و داتا باسی پلانی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێبوونی حكوومه‌تی هه‌رێم له كابینه‌ی نۆیه‌م له سه‌رجه‌م ناوچه‌كان ده‌كات و دەڵێ "تەنیا بۆ پارێزگای سلێمانی 446 پرۆژه و 822 كیلۆمه‌تر قیرتاو و خزمه‌تگوزاری ڕێگاوبان و بڕی 218 ملیار دینار، بودجه‌ی په‌ره‌پێدان و ئاوه‌دانكردنه‌وه ته‌رخان كراوه."
د.ئاگرین عه‌بدوڵا، بریكاری وه‌زارەتی ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێکردن له ساڵیادی دامه‌زرانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، كار و پرۆژه و چالاكییه‌كانی حکوومەتی هەرێمی له بواری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە سنووری سلێمانی خسته ڕوو و ڕوونی كرده‌وه كه پڕۆژه و خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌بێ جیاوازیی ئه‌نجام دراون، له‌ڕاستیدا له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی خزمه‌تكردنی كابینه‌ی نۆیه‌مدا، وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردن ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له پڕۆژه‌ی ئه‌نجامداون، كه به‌شێكی به‌رچاویان په‌یوه‌ست بووه به ڕێگاوبان و ئاوه‌دانكردنه‌وه، له تەواوی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی ئەنجام دراون."
سه‌باره‌ت به خزمه‌تگوزاریی كابینه‌ی نۆیه‌م له سنووری سلێمانی – هه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیان و ڕاپه‌رین، ناوبراو گوتی "446 پڕۆژه‌ی ڕێگاوبان ئه‌نجام دراون كه بودجه‌ی گشتییان ده‌گاته 218 ملیار دینار، كه 822 كیلۆمه‌تر ڕێگاوبانی خستووه‌ته خزمه‌ت هاووڵاتییان و سیسته‌می هاتوچۆ له‌و ده‌ڤه‌ره، كه ئه‌م 446 پڕۆژه‌یه، ژماره‌یه‌كی له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌به‌رهێنانه كه به‌شێكیان پڕۆژه‌ی ستراتیژین و ژماره‌یه‌كیشی له‌ڕێگه‌ی بودجه‌ی ئاسایی جێبه‌جێ كراون."
د.ئاگرین گوتی "وه‌ك وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێکردن پابه‌ندیمان هه‌یه به‌و پڕۆژانه‌ی وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكوومه‌تی هه‌رێم دایناوه، دابه‌شكاری بودجه‌ی ته‌رخانكراو له لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه به‌م شێوه‌یه:
23% پرۆژه‌كان بۆ سنووری دهۆك و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆیه.
34% بۆ سنووری پارێزگای هه‌ولێر و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆرانه.
43% بودجه‌كانمان بۆ ده‌ڤه‌ری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و ڕاپه‌رین و گه‌رمیانه.
هه‌ر بڕه بودجه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌وه دابنرێت، به‌پێی ئه‌و بڕانه‌یه كه باسمان كرد و ئه‌ملا و ئه‌ولای تێدا نییه، دادپه‌روه‌رانه‌یه و وه‌زاره‌تی پلاندانان دیاری كردووه، به‌ڵام كه له ئیداره‌یه‌ك زووتر و زیاتر پڕۆژه‌كان ته‌واو ده‌بن و له پارێزگایه‌كی تر دره‌نگتر ته‌واو ده‌بن، بابه‌ته‌كه په‌یوه‌ندیی به دابینكردنی پاره‌ی كاشه‌وه هه‌یه، چونكه ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت له ناوچه جیاجیاكانه‌وه به‌و شێوازه‌یه كه پڕۆژه‌یه‌ك له هه‌ر سنوورێك جێبه‌جێ ده‌كرێت ته‌مویل و پاره‌داركردنی ئه‌و پرۆژه‌یه له‌سه‌ر داهاتی ناوخۆی سنووری ئه‌و پارێزگایە یان ئیداره سه‌ربه‌خۆیه‌یه، واته له هه‌ر پارێزگا و ئیداره‌یه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێبوون بودجه‌كه‌ی خێراتر دابین بكرێت بۆ به‌ڵێنده‌ر، ئه‌و پڕۆژه‌یه زووتر ته‌واو ده‌بێت."
سه‌لاح جلال