ھەولێر-KDP.info- ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٨-٧-٢٠٢٦ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له ڕێوڕه‌سمێكدا له هه‌ولێر، میدالیاى ڕ‌ێزلێنانى سه‌رۆككۆمارى ئیتالیاى پێ به‌خشرا كه میدالیاى "ئەستێرەی ئیتالیا" لە پلەی "سوارچاکی خاچی مەزن"ـه و یه‌كه‌مجاره له‌سه‌ر ئاستى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌به‌خشرێت.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه به‌ڕێزان کونسوڵی گشتیی ئیتالیا له هه‌رێمى كوردستان و نوێنەرانی لایەن و دامەزراوه‌كانى هه‌رێمى کوردستان و عێراق و ژماره‌یه‌ك له نێرده دیپلۆماسییه‌كان و میوانان به‌شدار بوون، به‌ڕێز نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق، میدالیاكه‌ى پێشكه‌ش به سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى كرد.
له وته‌یه‌كدا به‌م بۆنه‌یه‌وه به‌ڕێز باڵیۆزى ئیتالیا گوتى: ئه‌م ڕێزلێنانه بەهۆی پێگەى سیاسیی ناوازە و باڵای سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و ڕۆڵی سەرەکییانه لە بەهێزکردنی پەیوەندییەكاندا، هه‌روه‌ها پێزانینێکە بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی لەپێناو گفتوگۆ و ئاشتیدا، لەگەڵ پشتگیری‌یان بۆ هاتنی کۆمپانیا ئیتالییەکان، کردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی کونسوڵخانەی گشتیی ئیتالیا لە هەولێر و پێشکەشکردنی ئاسانکاری و هاوکاریی تەواو بۆ هێزە سەربازییەکان و تیمه‌كانى شوێنەوارناسیی ئیتالی لە هەرێمی کوردستان.
به‌ڕێز باڵیۆزی ئیتالیا هه‌روه‌ها ڕایگەیاند: ئه‌م ڕێوڕه‌سمه پشتڕاستکردنەوەی دۆستایەتیی ڕاستگۆیانەی ئیتالیایه له‌گه‌ڵ عێراق و کوردستان كه سەرۆک نێچیرڤان بارزانى باشترین داکۆکیکاری بووە. هه‌روه‌ها ستایشی سەرکردایەتیی واقیعبینانەی به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى کرد و هیوای خواست عێراق و کوردستان بەردەوام بن لە بەهرەمەندبوون لە سەرکردایەتییان.
ئینجا له وته‌یه‌كدا به‌م بۆنه‌یه‌وه، به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان خۆشحاڵی و شانازیی قووڵی خۆی بۆ ئه‌م ڕێزلێنانه دەربڕی و سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆککۆمار و حکوومەت و گەلی ئیتالیا کرد. هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمه ڕەنگدانەوەی پەیوەندیی مێژوویی و دێرینی ئیتالیایه لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پێزانینێکە بۆ هه‌موو ئەوانه‌ى بەشدارییان لە بنیاتنان و بەهێزکردنی په‌یوه‌ندییه‌كاندا کردووە.
ئه‌مه ده‌قى وته‌ى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه:
به‌ڕێز باڵیۆزى ئیتالیا،
به‌ڕێز كونسوڵی گشتیی ئیتالیا له هه‌رێمى كوردستان،
به‌ڕێزان جەنابی پاتریارك و پیاوانی ئایینی،
ئامادەبووانی بەڕێز،
ئێواره‌تان باش، هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن.
خۆشحاڵم و شانازی دەکەم به وه‌رگرتنى ئه‌م میدالیایه. پڕ بە دڵ سوپاس و پێزانینم ئاراستەی جه‌نابى سەرۆککۆمار، سێرجیۆ ماتارێلا و حکوومەت و گەلی ئیتالیا دەکەم بۆ ئەم ڕێزلێنانە باڵایە.
ئه‌مه ڕێزلێنانه بۆ پەیوەندیی مێژوویى و دێرینی ئیتالیا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوکات پێزانینه بۆ هەموو ئەوانه‌ى لە ساڵانی ڕابردوودا بە دڵسۆزییەوە کاریان بۆ بنیاتنان و بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە دووقۆڵییە کردووە.
ئیتالیا هەمیشە هاوبەش و دۆستێکی جێگەی متمانەی عێراق و هەرێمی کوردستان بووە و بەردەوامە. ئێمە هەڵوێستە سیاسییەکان و پشتگیریى دیپلۆماسیی بەردەوامی ئیتالیا به‌رز ده‌نرخێنین و شانازی بەو ڕۆڵە گرنگەوە دەکەین کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژى داعشدا گێڕاویەتی.
پشتگیریى سەربازیی ئیتالیا، ڕاهێنان و مەشقپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و پشتیوانیكردنى له هێزە عێراقییەکان، کاریگەرییەکی گرنگی هەبوو لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراق به‌گشتى و تێکشکاندنی تیرۆر و داکۆکیکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەكەمان.
ئەمڕۆش، ئێمە بە بەردەوامیی ئەم هاوکارییە خۆشحاڵین، بەتایبەتی لە پشتگیریکردنی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و بنیاتنانی تواناکانیان. ئەم هاوکارییە بە وەبەرهێنان لە ئاسایشی عێراق و سەقامگیریی ناوچەکەدا دەبینین.
هەروەها، پێزانینى زۆرمان بۆ بەشداریی به‌رچاوى ئیتالیا هەیە لە پاراستنی کو‌لتوور و میراتی مرۆڤایەتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەوەش لە ڕێگەی تیمەكانى شوێنەوارناسیی زانكۆ ئیتالییەكانه‌وە کە کار و توێژینەوەی زانستیی گرنگیان ئەنجامداوە، هێشتاش بەردەوامن و بەشدارییان کردووە لە لێکۆڵینەوە، پاراستن و نۆژەنکردنەوەی چەندین پێگەی شوێنەواری و مێژوویی لە كوردستان و عێراق. ئەمە ڕەنگدانەوەی بایەخدانی قووڵی ئیتالیایە بە شارستانیەتی هاوبەشی مرۆڤایەتی.
پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیتالیادا تەنها لە سنووری سیاسەت و ئاسایش‌دا نامێنێتەوە، بەڵکوو کایەکانی ئابووری، وەبەرهێنان، کو‌لتوور، خوێندن و شوێنەواریشى لەخۆ گرتووە. ئێمە چاوەڕوان و خوازیارین ئەم هاوبەشییە فراوانتر بکەین بە شێوه‌یه‌ک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوولا بکات، هاوکاریی نێوان دامەزراوەکانمان بەهێزتر بکات و ئاسۆیەکی نوێ بێت بۆ نەوەکانی داهاتوومان.
كڕینى زه‌وى و دروستكردنى بیناى كونسوڵخانه‌ى گشتیى ئیتالیا له هه‌رێمی كوردستان، نیشانه‌ى نیازى ئیتالیایه بۆ بره‌ودانى زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كان و مانه‌وه‌یان له هه‌رێمى كوردستان.
هه‌ر لەم بۆنەیەدا، ده‌مه‌وێ جەخت لەوە بکەمەوە کە هەرێمی کوردستان وه‌ك به‌شێكى گرنگى عێراق، بۆ هەمیشە بە نیشتمانێکی ئارام بۆ سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەکانی دیكە دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت لە پاراستنی کولتووری پێکەوەژیان، لێبوردەیی و قبووڵکردنی ئەویتر و ڕێزگرتن له مافه‌كانى مرۆڤ و ئازادییه‌كان و مافه‌كانى ئافره‌ت. ئێمە شانازی به‌م كولتووره‌وه دەکەین كه بەشێکی ڕەسەنی ناسنامەی گه‌لى كوردستانه بە هەموو پێكهاتەكانییەوە.
ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش دووپات بكه‌مه‌وه كه هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی بەرپرسیار و كارا دەمێنێتەوە لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و لە ناوچەکەدا و بەردەوام دەبێت له بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ و پتەو لەگەڵ ڕۆما، هه‌روه‌ها لەگەڵ سەرجەم پایتەختەکانی ئەورووپا و جیهان و ناوچه‌كه‌دا لەسەر بنەمای گفتوگۆ، ڕێز و پەیوەندیی هاوبەش.
لێرەوە دووبارە سوپاس و پێزانینى قووڵم بۆ ئەم ڕێزلێنانەی ئەمڕۆ دەردەبڕم. بە ناوی گەلی کوردستان و عێراق و بە ناوی هەر یه‌كێك کە لە به‌هێزكردنى دۆستایەتیی نێوان هەردوولادا؛ بەشدار بووە، به شانازییه‌وه ئەمڕۆ ئەم میدالیایە وەردەگرم. سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە كاریان كردووە بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییەی كە ئەمڕۆ لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئیتالیادا هەیه.
زۆر سوپاستان ده‌كه‌م و هیواى ئێواره‌یه‌كى خۆش بۆ هەمووتان ده‌خوازم.
زۆر سوپاس.