Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 4 JUL 2026 21:58 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

دڵشاد شەهاب: لە تاران جەختمان لە بێلایەنیی هەرێم لە جەنگ کردەوە
| KDP.info


تاران-KDP.info- گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانیدا جەختی لە بێلایەنیی ھەرێم لە جەنگەکەی ناوچەکەدا کردووەتەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆش ڕایگەیاند کە پێگەی دەستووریی ھەرێم پارێزراوە و کاراکردنەوەی پەرلەمانیش زۆر دواکەوتووە.

ئەمڕۆ ھەینی، ٣ـی تەممووزی ٢٠٢٦، دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، دوای گەڕانەوەی شاندی باڵای ھەرێم لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا. ئەم سەردانەی شاندی ھەرێم بۆ تاران بە مەبەستی بەشداریکردن بوو لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆچکردووی ئەو وڵاتە.

دڵشاد شەھاب ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەسەر بانگھێشتنامەیەکی فەرمیی تاران سەردانی ئێرانی کردووە و چەندین کۆبوونەوەی گرنگ و باڵای لەگەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئەنجامداوە.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان لە تاران، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێم ڕایگەیاند: "ئێمە ھەڵوێستی ڕوون و فەرمیی ھەرێمی کوردستانمان بۆ بێلایەنبوون لە جەنگ و ململانێکانی ئەم دواییەی ناوچەکە دووپات کردووەتەوە. سەرۆکایەتیی ھەرێم ھەموو ھەوڵێکی داوە بۆ پاراستنی بێلایەنیی نیشتمانیی ھەرێم، ھەرچەندە لەم جەنگەدا قوربانی و زیانمان بەرکەوت، بەڵام بەھۆی سیاسەتە ھاوسەنگەکانمانەوە توانیمان بە سەرکەوتوویی تێپەڕین."

دڵشاد شەھاب ئاشکرای کرد، پێگەی ھەرێم و سیاسەتی حەکیمانەی گرتنەبەری بێلایەنی، لە لایەن بەشداربووانی جەنگەکە و ھێزەکانی تریشەوە ڕێزلێگیراو بووە و ستایشی ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستانیان کردووە.

ھاوکات، پرسی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگی ناوچەکە، یەکێک بووە لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی شاندی ھەرێم لەگەڵ بەرپرسانی ئێران. دڵشاد شەھاب گوتی: "نێچیرڤان بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ گرتنەبەری ڕێگەی دیالۆگ و دانوستان بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگ دووپات کردەوە، جەختیشمان کردەوە کە ھەرێمی کوردستان ھەرگیز نابێتە سەرچاوەی ھەڕەشە بۆ سەر ھیچ کام لە دراوسێکانی."

شەھاب باسی لەوەش کرد کە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ھەولێر و تاران تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان بووە، چونکە ھەرێم ھەمیشە ھەوڵی داوە پەیوەندیی دۆستانە و دراوسێیەتیی باش لەگەڵ ئێران بپارێزێت. سەرکردەکانی ئێرانیش لای خۆیانەوە گرنگیی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە.

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێم ڕاشیگەیاند: "پێشوازیی زۆر گەرم و گرنگیپێدانی بەرپرسانی تاران بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە نێو ئەو خشتە قەرەباڵغەی کە بەھۆی پرسەکەوە ھەیانبوو، نیشانەیەکی ڕوونی پێگە و گرنگیی مێژوویی و ناوچەیی ھەرێمی کوردستانە لە کایەی دیپلۆماسیدا."

لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، دڵشاد شەھاب ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە خراپیی بارودۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان دەکەن و گوتی: "پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی ھەرێمی کوردستان ھێشتا زۆر بەھێزە. ڕاستە کێشە ناوخۆییەکان کاریگەرییان ھەیە، بەڵام ھەرێمی کوردستان لە مەترسیدا نییە و کێشە سیاسییەکان ھەرگیز نابنە سەرچاوەی ھەڕەشە لەسەر پێگەی دەستووریی ھەرێم."

سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، دڵشاد شەھاب جەختی کردەوە: "خەڵکی کوردستان و وڵاتانی ھاوپەیمانیش چاویان لەوەیە کە پەرلەمان کارا بکەینەوە، چونکە ئەم بابەتە زۆر دواکەوتووە و کاراکردنەوەی پەرلەمان مافێکی سەرەتایی و فەرمیی گەلی کوردستانە."




دوایین هەواڵەکان

پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی یادى 250 ساڵەی سەربەخۆیی لە ئەمریکا دەکات

SATURDAY, 04 JULY 2026 21:07:00

ھەولێر-KDP.info- پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی یادی ٢٥٠ ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکاوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ھەرێم کرد؛ لە پەیامەکەدا جەخت لەسەر بەرزنرخاندنی بەھا دیموکراتییە ھاوبەشەکان و بەھێزکردنی دۆستایەتیی نێوان ھەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کراوەتەوە.

 
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و گەلی ئەمریکا کرد

SATURDAY, 04 JULY 2026 17:07:00

ھەولێر-KDP. info-  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی 250ـەمین ساڵیادی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و گەلی ئەو وڵاتە کرد.

وەزارەتی دارایی پێیان دەڵێت، راست ناکەن

SATURDAY, 04 JULY 2026 17:07:27

ھەولێر-KDP. info-  وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەنگۆی داواکردنی دواخستنی مووچەی مانگی شەش لەلایەن شاندی هەرێمەوە لە بەغدا رەتدەکاتەوە، جەختیش دەکاتەوە مووچە لە کێشە تەکنیکییەکان جیا کراوەتەوە.

 
ساناو جوانرۆیی بۆ KDP.info: پێویستە لێرەش حزبەکان بەرژەوەندی نیشتمانی بخەنە سەرووی بەرژەوەندی حزبییەوە

SATURDAY, 04 JULY 2026 15:07:46

​سلێمانی–KDP.info- ساناو جوانرۆیی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی-هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ڕووداوە مێژووییەکان شاهیدی ئەوەن، سلێمانی هەمیشە بۆ پارتی ناوچەیەکی گرنگ بووە لە ڕووی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە،  پێویستە لێرەیش لایەنەکان بیر لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان بکەنەوە، چونکە هاوکاریی یەکتر و پاراستنی کوردستان لە بەرژەوەندیی هەموواندایە.

 

سەرۆکی دەستە بۆ KDP.info: نزیکەی ٨٠ کۆمپانیا دێنە هەرێمی کوردستان

SATURDAY, 04 JULY 2026 13:07:27

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەستکەوتە ئابووری و بازرگانییەکانی سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێم بۆ وڵاتی ئیسپانیا دەخاتە ڕوو. محەمەد شوکری دەڵێ، نزیکەی ٨٠ کۆمپانیای گەورەی ئیسپانی بۆ کاری وەبەرهێنان دێنە هەرێم و لە مانگی ١١ی ئەمساڵیشدا کۆڕبەندێکی گەورەی ئابووریی هاوبەش لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact