ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەرھەمی گەنم و پەتاتەی ئەمساڵی ناوخۆ زۆر باشە و پێشبینی دەکرێت بگاتە دوو ملیۆن تۆن دەشڵێ، بە ڕاسپاردە و بڕیاری سەرۆکی حکوومەت، پلانی چڕ ھەیە گەنمی زیادەی ناوخۆ ڕەوانەی دەرەوە بکرێت، ھاوکات جەخت لەوەش دەکاتەوە کە بۆ پاڵپشتیی جووتیاران، ھاوردەکردنی پەتاتە تا مانگی ١٠ بە تەواوی قەدەغە کراوە.
د. زێدا محەممەد، بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''ڕێککەوتنمان لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا ھەیە بۆ ئەوەی بەرھەمی کشتوکاڵیی ھەرێم ڕەوانەی عێراق بکرێت، بەڵام بەداخەوە لە زۆربەی بازگەکانی عێراقدا تا ئێستاش ڕێگری لە چوونی بەرھەمی ناوخۆ دەکرێت. ئێمەش لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا لەسەر خەتین بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، چونکە ناکرێت ڕێگری بەردەوام بێت و بە نووسراوی فەرمیش حکوومەتی عێراقمان ئاگادار کردووەتەوە، ھیوادارم بە جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسیکۆدا) ئەو کێشەیە بە تەواوی کۆتایی پێ بێت.
د. زێدا محەممەد گوتیشی، ''ئێستا کاتی پێگەییشتنی بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانە و کاری جدی دەکەین ڕێگری لە چوونی بەرھەمی ناوخۆ نەکرێت و بازاڕی شایستە بۆ بەرھەمەکان بدۆزرێتەوە و ساخ بکرێتەوە، چونکە بەرھەمی ناوخۆ لە پێداویستی زیاترە و بۆ عێراق ڕەوانە دەکرێت، بۆیە ئەمساڵ چاوەڕێ دەکرێت داھاتی جووتیاران زۆر باش بێت.

ناوبراو گوتیشی، "ئەمساڵ بەرھەمی پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان زۆر نایابە و بەپێی ئەو پلانەی پێشکەش کراوە، بەرھەمی ئەمساڵ دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن تۆن پەتاتە بە ھەموو جۆرەکانییەوە (وەکو خواردن و فینگەر). ئێستا پەتاتەی پیشەسازی و خواردنمان ھەیە و چەندین کارگەی گەورەی پەتاتە لە ھەرێمدا کار دەکەن کە گرێبەستیان لەگەڵ جووتیاراندا ھەیە، بنەتۆیان پێدەدەن و بەرھەمەکانیان لێ وەردەگرنەوە، بۆیە بە ھەردوو وەرزی ھاوین و پایز بەرھەمەکە دەگاتە یەک ملیۆن تۆن. ھاوکات ھاوردەکردنی پەتاتە لە مانگی ٥ تاوەکو مانگی ١٠ بە تەواوی قەدەغە دەکرێت بۆ ئەوەی زیان لە بەرھەمی ناوخۆ نەدات.
د. زێدا محەممەد باسی لەوەش کرد، ''بەرھەمی گەنمی ئەمساڵیش دەگاتە یەک ملیۆن تۆن و چەند ڕێگایەک بۆ ساخکردنەوەی بەرھەمەکە ھەیە، ئەوەتا ٤٠٠ ھەزار تۆن بەغدا وەریدەگرێت و ئەوەی دیکەش پلانی حکوومەت وایە بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت لە ڕێگەی دەستەی وەبەرھێنانەوە گەنم ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێت. ڕێگای دیکەش ئەوەیە کە دوو کۆمپانیای نیشتمانی ھەن گەنم لە جووتیاران وەردەگرن، من خۆم ئەندامی لیژنەکەم و کۆبوونەوەیەکمان کردووە، لە دوو بۆ سێ ھەفتەی داھاتوودا میکانیزمی وەرگرتنی گەنم دیاری دەکەین کە ئەمساڵ بە چەند و بە چ نرخێک وەربگیرێت، دڵنیام نرخەکە بە جۆرێک دیاری دەکەین کە جووتیار بە چاوکراوەیی قازانج بکات و زەرەرمەند نەبێت، چونکە ئەمە تەواو بۆ پاڵپشتیی جووتیارانی کوردستانە.
بڵند ئیبراھیم