سلێمانی-KDP.info- د. سامان شاڵی، سیاسەتمەداری ناسراوی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەم قۆناغەدا پێویستییەکی نیشتمانیی بەپەلەیە بۆ گەڕاندنەوەی شەرعییەت و دوورخستنەوەی مەترسییەکان لەسەر قەوارەی هەرێم، جەختیش دەکاتەوە کە پێویستە تەواوی ئەو لایەنە سیاسییانەی کورسییان لە پەرلەماندا هەیە، بە ئەرێنی و بەدەم دەستپێشخەرییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بچن.
د. سامان شاڵی، سیاسەتمەداری ناسراوی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "هەموو لایەک لە ناوخۆ، پارچەکانی تری کوردستان و تەنانەت دۆستانی کوردیش، داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەن، چونكە
نەبوونی پەرلەمان، شەرعییەتی هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە بۆیە پێویستە هاووڵاتییانی دڵسۆز فشار بخەنە سەر لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی پەرلەمان کارا بکرێتەوە، چونکە ئەم هەنگاوە مەترسییەکانی سەر هەرێم کەم دەکاتەوە.
شاڵی ئاماژەی بەوەش کرد کە قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرهەمی مێژوویەکی درێژی ٦٥ ساڵەی خەبات و قوربانیدانە، نەک دەستکەوتێکی ڕێکەوت لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە.
پەیوەست بە ڕاگەیەندراوەكەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، د. سامان شالی گوتی، "من پاڵپشتی لە هەر پێشنیاز و دەستپێشخەرییەک دەکەم کە ئامانجی کاراکردنەوەی پەرلەمان بێت، بانگەوازەکەی پارتی هەنگاوێکی زۆر باشە و پێویستە ئەو لایەنانەی کورسییان هەیە بە دەمیەوە بچن، کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێش، داواکاری سەرەکیی تەواوی خەڵکی دڵسۆزی کوردستانە.
قائید میرۆ