سۆران-KDP.info- دوابەدوای ڕاگەیاندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لایەنەکان تا پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە، بەرپرس و ھاووڵاتیانی ئیدارەی سۆرانیش، پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەو ڕاگەیاندراوە دووپات کردەوە. گەنجانی سۆرانیش دەڵێن، "ڕاگەیاندراوی مەکتەبی سیاسی پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و یەکڕیزی ناوخۆ، تەنیا ڕاگەیاندراوێکی حزبی نییە، بەڵکو بەڵگەی بەرپرسیارێتی مێژووییـە."
بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی ١٠ـی پارتی لە ئیدارەی سۆران، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاند، "پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ڕابەرایەتی جەنابی کاک مەسعود بارزانی، لە شۆڕشی شاخەوە تا شۆڕشی ئاوەدانی و شار، ئەندازیاری دامەزراندنی دامەزراوە دەستوورییەکان بووە. دوایین ڕاگەیاندراوی مەکتەبی سیاسی پارتیش دووبارە ئاماژەیە بۆ ھەوڵە جدییەکانی پارتی، لەمەڕ ڕەواندنەوەی ناکۆکییەکان و پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکان."
نابراو دەشڵێت، "لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، لەژێر سایەی دیدگای ستراتیژیی سەرۆک بارزانی و کارنامەی حکومڕانیی کاک مەسروور بارزانی، پارتی وەک قەڵغانێکی بەھێز بۆ پاراستنی پێگەی دەستووری و بەھێزکردنی سەروەریی ھەرێم دەبینرێت".
لەم بارەیەوە، ئاشنا ئەمیر، ھاووڵاتیی دەڤەری سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی، "لەم ساتە مێژووییەی کوردستان، ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و یەکڕیزی ناوخۆ، تەنیا ڕاگەیاندراوێکی حزبی نییە، بەڵکو بەڵگەی بەرپرسیارێتی مێژووییـە، پەرلەمان لە سیستەمی دیموکراسیدا تەنیا شوێنی دەنگدان نییە، بەڵکو دڵی سیاسیـی وڵاتە.
ئەو هاووڵاتیە دەشڵێ، کاتێک ئەم دڵە لە لێدان کەوتبێت، ھەموو ئەندامەکانی تری جەستەی وڵات ئیفلیج دەبن، پەرلەمان کاتێک داخراوبێت کێ دەپرسێت بودجەی گشتی بۆ کوێ دەچێت؟ کێ ڕێگری دەکات لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی؟ دەنگی مامۆستا، فەرمانبەر، جووتیار و بازرگان لە کوێ دەبیسرێت؟ بۆیە، بانگەوازی پارتی بۆ گەڕانەوە بۆ ژێر گومبەزی پەرلەمان لە ڕاستیدا بانگەوازە بۆ گەڕاندنەوەی دەنگی خەڵک. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو لایەنە خاوەنی زۆرینەیە و دەیتوانی بە تەنیا بڕیار بدات، بەڵام ھەڵبژاردەی پارتی گفتوگۆ و بەشداریی فراوانی لایەنەکانە.
ئاشنا ئەمیر باس لەوەش دەکات، ئەم بانگەوازە، بانگەوازە بۆ دانانی "کوردستان" لەسەر لووتکەی ھەموو پێوەرێکی سیاسی، چونکە لەم قۆناغەی جیھان و ناوچەکەدا، ھیچ گەلێک بە دابەشبوونەوە نەیتوانیوە مافەکانی خۆی بپارێزێت. ئێستا کاتی ئەوەیە ھەموو دەنگەکان ببن بە یەک."
ھاوکات وارین عەبدولسەمەد، چالاکوان و گەنجی ئیدارەی سۆران، نیگەرانی خۆی لەو دۆخە ناھەموارەی ھەرێم بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەربڕی و گوتی، "پرۆسەی سیاسی لەدوای ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانەوە، لەناو جۆرێک لە چەقبەستوویی دەخولێتەوە، لەکاتێکدا ناوچەکە (کوردستان و عێراق) لە بارودۆخێکی ئاڵۆز و ناسەقامگیردایە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی و خراپ لەسەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەبێت و لە بەرژەوەندی ھیچ لایەنێکدا نییە. ھاوکات زەرەرمەندی یەکەمی ئەو دۆخەش ھاووڵاتییان دەبن، چونکە کاریگەری لەسەر بارودۆخی، سیاسی، ئابووری و نەتەوەییمان بەجێ دێڵێت."
ناوبراو، وەک گەنجێک، پاڵپشتی خۆی بۆ ڕاگەیاندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دووپات کردەوە و گوتی، "منیش وەک گەنجێکی ئەم وڵاتە ھاوشێوەی بانگەوازی مەکتەبی سیاسی پارتی کە داوای یەکڕیزی لایەنەکان دەکات تا بەیەکەوە پەرلەمان پێکبێنن و چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان بگوازنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و ھۆڵی پەرلەمان، داواکارم لە حزب و لایەنە جیاوازەکان بەدەم ڕاگەیاندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بچن و لەپێناو بەرژەوەندی گەلی کوردستان، پەرلەمان کارا بکەنەوە."
فواد سەعید قادر، ھاووڵاتیێکی تری ئیدارەی سۆرانە و پارێزەرە. لە ڕوانگەی یاسایی و سیاسییەوە سەیری ڕاگەیاندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دەکات و دەڵێت، "بانگھێشتی حزب و لایەنە سیاسییەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، لەلایەن پارتییەوە، لە سۆنگەی ھەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی نیشتمانییە، دوو ساڵ بەسەر ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا کابینەی نوێی حکوومەت پێکنەھێنراوە." ئەمەش گورزی گەورە لە پێگەی یاسایی و سیاسی ھەرێم دەدات، لەبەر ئەوەی ھەڵکەوتەی جوگرافی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکە پڕە لە گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووری و ئەمنی. بانگھێشتەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی، ئاماژەی ڕوونە بۆ دیدگای قووڵی سەرکردایەتی پارتی لەمەڕ کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان."
ناوبراو لە کۆتاییدا گوتی، "لەماوەی ڕابردوودا پارتی ھەوڵی داوە بەشێوەیەک کار بکات ناوماڵی سیاسیی کورد لە ناوخۆ و لە دەرەوە ڕێکبخات، پارتی درکی بەوە کردووە ئەگەر کورد بەم پەرتەوازەییە بەردەوام بێت، گەورەترین مەترسی لەسەر ئایندەی کوردستان دروست دەکات، بۆیە ئێمەش وەک ھاووڵاتی و گەنجی کوردستان، پاڵپشتی تەواوی ڕاگەیاندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دەکەین."
ئەژین غەفار