سلێمانی -KDP. info- ئەكادیمستەكانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكەن، دەستپێشخەریەكەی پارتی و سەرۆك بارزانی لە جەژن، پێمان دەڵێ، پارتی بە قووڵی لە هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشە و چەقبەستووییەی كوردستانە، پێویستە حزبەكان كێبڕكێی ئەوە بكەن دەستپێشخەرییان هەبێت بۆ كۆتاییهێنان بەم دۆخەی تێیداین، ناوماڵی كوردی كۆبكەینەوە و پەرلەمان و حكوومەتێكی بەهێزمان هەبێت."
پڕۆفیسۆر دكتۆر ئیبراهیم عەلی مراد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند "وەك ئەكادیمییەك دەستخۆشی لە هەر هەوڵێك بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان دەکەم، بۆ ئەوەی كارەكانی بكەونەوە سەر سكە، لە ڕاستییدا ئەو چەقبەستووییە سیاسیەی ئێستا هەیە تەنیا بەوە چارەسەر دەبێت، ئەو حزبانەی كورسی پەرلەمانییان هەیە، ڕوو لە پەرلەمان بكەن و لەوێ گفتوگۆی ئەرێنی دەست پێبكات، ئەو بانگەوازەی پارتی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان ڕێگا دروستەكەیە."
پڕۆفیسۆرەکە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد "دۆخی دەوڵەتانی ناوچەكە و عێراق و كوردستان پێمان دەڵێ "لەسەر لێواری بوومەلەرزەی گەورەدایە، پێویستە خۆمان دەسپێشخەری بكەین و پەرلەمان كارا بكەینەوە و سەرۆكی هەرێم و حكوومەتی نوێ دابمەزرێت، ناوماڵی خۆمان یەكبخەین و خۆمان ئامادە بكەین بۆ ئەو ڕووداوانەی لە ئایندە ڕوودەدەن، جێگای دەستخۆشییە هەر لایەنێكی تر هاوشێوەی پارتی دەستپێشخەری هەبێت بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی تێیكەتووین."
ئەو پڕۆفیسۆرە دەڵێ "پارتی هەمییشە دەستپێشخەری هەبووە بۆ یەكگرتووی ناوماڵی كوردی و بەهێزكردنی پایەكانی دەوڵەتداری لە كوردستان، سەرۆك بارزانی بۆ جەژن پەیامی و دەستپێشخەری هەبوو، ئێمە لەم پەیامەی پارتی ئەوەمان خوێندەوە پارتی بە قووڵی لە هەوڵی كاراكردنەوەی پەرلەمان و بوونی حكوومەتێكی بەهێزی یەكگرتوو و تۆكمەكردنی قەوارەی دەستووریی كوردستان دایە.
هیوامان واییە حزب و فراكسیۆنە سیاسییەكان، بڕیاری دروست بدەن و ئەندامانی پەرلەمان لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بڕیار بدەن، بەدەمەوەچوونیان هەبێت بۆ دەسپێشخەرییەكەی پارتی."
ئیبراهیم عەلی جەختی لەسەر ئەوە کرد "هەموو حزب و فراكسیۆنەكان بەو بەرنامەی پارتی كار بكەن كە پایەكانی دامەزراوەكانی یاسادانان بەهێزبن و حكوومەتێكی بەهێز دروست بكرێت، پێشبركێ بكرێت كام حزب دەستپێشخەری هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و كاراكردنەوەی پەرلەمان، دوور بكەوینەوە لە دوونیای فەیسبووك، حزبی سیاسی كە دەیەوێت وڵات بەڕێوە ببات نابێت بكەوێتە ژێركاریگەری سۆشیال میدیا، ئەو لایەنەی پەنا بەرێتە بەر سۆشیال میدیا و نەچێتە سەر مێزی گفتوگۆ و پەرلەمان، ئەوە نایەوێت هەوڵەكان سەربگرن، نابێت چارەنووسی گەلێك بدەیتە دەستی سۆشیال میدیا."
عەزیز ڕەسووڵ