ئامەد-KDP.info- بە بۆنەی ١٠١ـەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی، زنجیرەیەک چالاکی و کۆنفرانسی بەرفراوان لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، تێیدا د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان بەشداریی تێدا کرد.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، کۆنفرانسێکی تایبەت لە کۆشکی مێژوویی (ئیسکەندەر پاشا) لە ناوچەی سووری ئامەد دەستی پێکرد. کۆنفرانسەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی دەستپێشخەریی کۆنفرانسی یەکێتیی نەتەوەیی باکووری کوردستان کە پێکهاتبوو لە (پێلکورد، پارتی سۆسیالیستی کوردستان-PSK، پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان-PWK، بزووتنەوەی ڤەژین و چەندین کەسایەتیی سەربەخۆ) ڕێکخرابوو، سەرەتای مەراسیمەکەش بە سروودی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب) دەستی پێکرد.
لە بەشێکی کۆنفرانسەکەدا، د. سالار عوسمان وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەسەر پێویستیی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و زانستی لەلایەن گەنجانەوە لەسەر ئەم مێژووە مەزنە کردەوە، بۆ ئەوەی هەمیشە سوود و عیبرەتی لێ وەربگیرێت.
هەر لەم پانێڵەدا، هەریەک لە نووسەر و توێژەران (سەعید ڤەرۆژ)، (ئەی. ناسر سۆنمەز) و (مەحموود فەوزی فورات) نەوەی شێخ سەعیدی پیران، بابەتەکانیان لەسەر قۆناغەکانی پێش شۆڕش، دادگاییکردنی شێخ سەعید لە (دادگای سەربەخۆیی ڕۆژهەڵات) و پرسی لەسێدارەدانیان پێشکەش کرد. لای خۆشییەوە، مەحموود فەوزی فورات داوای کرد کە لەم قۆناغەدا شوێنی گۆڕی شێخ سەعید و هاوڕێکانی ئاشکرا بکرێن.
چالاکییەکان لە ڕۆژی دووەمدا (دووشەممە ٢٩ی ٦ی ٢٠٢٦) بەردەوام بوون، سەرەتا لە بارەگای (کۆمەڵەی شێخ سەعید) چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەچوون، پاشان ئێوارەی هەمان ڕۆژ، لە هۆڵی کۆنفرانسی (تاهیر ئەڵچی) لە سەندیکای پارێزەرانی ئامەد، پانێڵێکی بەرفراوان سازکرا.

لەو پانێڵەدا کە لەلایەن ئازاد زاڵەوە بەڕێوەدەبرا، شانبەشانی د. سالار عوسمان، هەریەک لە (گولجان کاچماز سایگیت) هاوتەبێژی دەستپێشخەریی یەکێتیی دیموکراتی، (چیغدەم کڵچگون ئوچار) هاوسەرۆکی DBP، (عەبدولقادر گولەچ) سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد، و (مەحمەد قاسم فورات) سەرۆکی کۆمەڵەی شێخ سەعید، وەک پانێڵیست بەشدار بوون.
د. سالار عوسمان لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند، "شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران وێستگەیەکی گرنگی بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی ئینکار و لەناوبردنە. سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی سڕینەوە، ئیرادەی بەرخۆدان لە ناخی تاکی کورددا نەک هەر نەکوژاوەتەوە، بەڵکو بووەتە هەوێنی بەردەوامیدان بە خەبات."
د. سالار عوسمان لە کۆتایی پەیڤەکانیدا تیشکی خستە سەر گرنگیی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان وەک دەستکەوتی هەموو گەلی کورد و گوتی، هەمیشە سەرۆک بارزانی لە ڕێنوینییەکانیاندا جەخت لە یەکڕیزیی هەموو کوردان و پاراستنی ئەزموونەکەمان دەکاتەوە، داواشی کرد خەباتی نەتەوەیی بە دیدێکی هاوچەرخ و یەکڕیزانە بەرەو ئازادی و دیموکراسی ئاراستە بکرێت.
کۆنفرانسەکە بە خوێندنەوەی چەندین پارچە هۆنراوە و گفتوگۆیەکی چڕ و تێروتەسەل لە نێوان میوانان و ئامادەبوواندا کۆتایی پێهات.