ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی (خولی سەرکردەی گۆڕانکار)، مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، بە گەرمییەوە پێشوازییان لە ڕێبەر ئەحمەد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
لەم بەسەرکردنەوەیەدا، ناوبراو وانەیەکی تایبەت و ستراتیژیی لەژێر ڕۆشنایی چەمکە هاوچەرخەکانی سەرکردایەتیدا پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

لە میانی پێشکەشکردنی وانەکەیدا، ڕێبەر ئەحمەد بە قووڵی تیشکی خستە سەر فەلسەفەی سەرکردایەتی و بۆ بەهێزکردنی سەرنجەکانی، ئاماژەی بە وتەیەکی مێژوویی و بەناوبانگی سەرکردەی ناوداری فەڕەنسی، ناپلیۆن پۆناپارت کرد کە دەڵێت، (سەرکردە، مامەڵەکاری ئومێدە).
وەزیری ناوخۆ جەختی لەوە کردەوە کە سەرکردەی ڕاستەقینە هەرگیز تەنها بە هێز، پێگە و دەسەڵاتەکەی ناناسرێتەوە، بەڵکو مەرجی بنەڕەتیی سەرکردایەتی بریتییە لە خاوەندارێتی دونیابینییەکی ڕوون بۆ ئایندە، ڕێنوێنیکردنی کۆمەڵگە بەرەو ئاسۆیەکی گەشتر، و بەخشینی بەردەوامی هیوا و وزەی ئەرێنی بە میللەتەکەی لە سەختترین ساتوەختەکاندا."

لە بەشێکی تری گوتارەکەیدا، ڕێبەر ئەحمەد ڕەخنەی لەو کارەکتەر و لایەنە سیاسییانە گرت کە لە مێژووی نزیکدا تەنها خەریکی بڵاوکردنەوەی ڕەشبینی و نائومێدی بوون لەناو شەقامدا. ئەو بە هێنانەوەی چەند نموونەیەکی حاشاهەڵنەگر، پرسیارێکی جدیی و مێژوویی ئاراستەی ئامادەبووان کرد.
لە کۆتاییدا، وەزیری ناوخۆ خۆشحاڵی قووڵی خۆی دەربڕی کە ئەم بابەتە هەستیار و ستراتیژییانە لە لایەن لاوان و قوتابیانەوە لە چوارچێوەی (خولی سەرکردەی گۆڕانکار)دا گەنگەشە دەکرێن، و ئاماژەی بەوە کرد کە هۆشیاریی ئەم نەوەیە گەورەترین زامنی پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان و ڕەتکردنەوەی گوتاری نائومێدییە.